ئەگەرەكانی بڕیاری پرسی ڕیفراندۆم !

 

 

.. لەكۆبوونەوەی ڕۆژی 7ی حوزەیرانی نێوان بارزانی و زۆرینەی حزب و لایەنەسیاسیەكان بڕیار درا 25ی ئەیلولی ئەمساڵ ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەكوردنیشینانی ‌ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمەوە ، بێ گومان پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان خەونی هەرە گەورەی كۆن و نوێی نەتەوەییەو ئاواتی بەدیهاتنی هەمووانە ، وەلێ لەدۆخێكی شێواوی وەكـ ئێستای هەرێم كە پارلەمان پەكخراوەو ناكۆكی و دووبەرەكی نێوان لایەنه ‌سیاسیەكان گەیشتۆتە لوتكە باسكردنی جگە لەمەهزەلەیەكی تر هیچ مانایەكـ بۆ ئەم بڕیارو پرسە نەتەوەییە نامێنێتەوە ، چونكە بەبێ ئاشتەوایی و كۆدەنگی و یەكڕیزی نیشتمانی هێندەی تر كەرت و پەرتبوونی لێ ئەكەوێتەوە و قورسایی و سەنگی ئەوتۆی نابێ بۆ دەرەوەش ، سەرباری شپیرزەیی ناوخۆ و كاردانەوە خێراو تووندەكانی هەر یەكـ لە ئەمریكا و ئەڵمانیا و عێراق و ئێران و توركیا پەلكێشی چەند ئەگەرێكمان ئەكاتەوە لەوانە :
:
• پێدەچێت بەتێگەیاندن و لێكگەیشتنی نێوان بەغداو هەولێر گەمەیەكی سیاسی و بۆ بەڕیكردنی كات و تێپەڕاندنی بارودۆخی ئێستای كوردستان بێ ، چونكە لەماوەی كەمتر لەمانگێكـ زیاتر لەجارێكـ سەركردایەتی باڵای پارتی و یەكێتی گەیشتونەتە بەغداو لە گەڵ بەرپرسانی جزبی و حكومی دیدارو كۆبوونەوەیان سازكردوە ، بێ گومان پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی تەوەرێكی سەرەكی سەردانەكان بووە ! واتە ناگونجێ حكومەتی ناوەند پێشوەخت ئاگاداری بڕیارێكی لەم جۆرە نەبێ‌ !
:
• ڕەنگە هەر بەجیددی خەمێكی گەورەی ئێستای پارتی و یەكێتی بێ بۆ پاش لەناوچوونی داعش و كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موصڵ و دەرووبەری ، چونكە هەمولایەكـ زۆر بەگەرمی باس لە گۆڕانكاری و پێشهاتی تازە ئەكەن دوای نەمانی داعش ، هەر بۆیە سەركردایەتی كورد ئەیەوێ ئەنجامی پرسی ریفراندۆم‌ و دەنگی بەڵێی هاوڵاتیانی كوردستان وەكـ كارتێكی فشار بەكاربهێنێ بۆ قایلكردنی زلهێزانی جیهانی و وەڵاتانی درواسێ !
:
• بەحوكمی ئەوەی عێراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی هەرێمێكی كراوەیە بەڕووی زلهێزانی جیهان و ڕاستەوخۆ لەنزیكەوە ئاگاداری ڕەوتی ڕووداوو گۆڕانكاریەكانی ڕۆژانەی سیاسەتی حزب و لایەنە سیاسیەكانن لە سەرتاسەری عێراقدا ، پێ ئەچێت ئەم پرسە بە بەڵێ و ڕەزامەندی دوورمەودای وەڵاتانی ڕۆژئاوا بووبێ ، وەلێ دەنگدانەوەو ڕەددكردنەوەی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكان و گەیشتن بێ بەقۆناغێكی نزیكتر لەوادەی ڕاگەیاندن و بڕیاری یەكجارەكی جیابوونەوە لە عێراقی عەرەبی !
:
• دیسان بەپشت بەستن بەو حەقیقەتانەی سەرەوە ئەو گومانە ساغدەكاتەوە كە ئەم بڕیارەی بارزانی و سەركردایەتی پارتی و یەكێتی بەئاگاداری وەڵاتانی پەیوەندیدار بووبێ ، ڕەدكردنەوەی خێرای ئەمریكا و ئەڵمانیا و وەڵاتانی تر شەڕی جێكردنەوەو دیاریكردنی جێپەنجەی خۆیان بێ لە عێراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی ، واتە هەڕەشەو فشاری پشكـ و مانەوەو ئامادەیی هەر یەكـ لەو وەڵاتانەیە بۆ پاش گۆڕانكاریەكانی ناوچە !
:
• پاش تێپەڕبوونی نزیكەی سەدەیەكـ لە ڕێككەوتنامەی ( سایكس بیكو ) كە لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا و بە هاوكاری و قایلبوونی ڕوسیا بۆ دابەشكردنی ناوچەكە بەڕێوەچوو ، لەو ساتەوە هەتا ئێستا و لە چەندین و قۆناغ و هەورازی جێاوازی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا‌ جارجار پرسی سەرلەنوێ دابەشكردنەوەو جێگۆڕكێ بەسنوورو دەستكاریكردنی نەخشەی سیاسی و ئیداری وەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێتەگۆڕی بەتایبەتی وەڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی ، ڕەنگە لەئێستادا پاش داعش و تارنانی ڕێكخراوە تیرۆریستەكان ئیدی ئەو زەمەنەبێ لەسەر نەخشەیەكی نوێ و بەڕەزامەندی هەموولایەكـ خەونی كەمە نەتەوەو ئاینی و تەنانەت ئاینزاكانیش بێتە دی !