دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن وِ ڕۆڵی مامۆستا لەپەروەردە و فێركردندا


مامۆستاگەورەترین ڕۆڵی هەیە لە بەرەو پێشبردنی پەروەردەو فێركردندا هەربۆیە بەئاگابون و پڕ زانیاری مامۆستا كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر لایەنە جۆراو جۆرەكانی فێربون بەتایبەتیش ئەو مامۆستایانەی كە وانە بە قوتابیانی قۆناغەكانی 1بۆ6 و باخچەی ساوایان دەڵێنەوە چونكە پەروەردەكردنی منداڵ لەو قۆناغەدا هەستیارە و ئەگەر بەدروستی پەروەردە بكرێن و فێرببن ئەوا رەنگدانەوەی بۆسەرجەم قۆناغەكانی ژیانیان دەبێت.
بۆئەم مەبەستەش مامۆستایان بۆئەوەی ئەوەی ڕۆڵی كاریگەر و گرنگ ببینن پێویستە ئەم هەنگاوانەی خوارە بنێنن:
1-یەكەم دیداری مامۆستا لەگەڵ قوتابیاندا:
یەكەم بینین و دیداری مامۆستا لەگەڵ قوتابیاندا گرنگترین و كاریگەرترین شت لە هزر وكەسایەتی و پەروەردەو فێركردنی قوتابیاندا دادەنێت.بۆیە دەوترێت ئەگەر مامۆستا هەرلەسەرەتاوە بەشێوەیەكی میهرەبانانەو بەخەندەو پێكەنین و رووخۆشیەوە روبەروی قوتابیان ببێتەو ئەوا قوتابیانیش هەرزوو پەیوەست دەبن بە مامۆستاكەو وانەكەیەوە بەتایبەتیش ئەو بابەتە بۆقۆناغەكانی بنەرەتی زۆر پێویستە ،
مامۆستای بەتواناو دڵسۆز باش ئەوە دەزانێت كە هەر جۆرە هەرەشە و بەكارهێنانێكی توندو تیژی و رووگرژیەك بەرامبەر قوتابیەكانی ئەوا قوتابیان زیاتر رقیان لەوانەكەو تەنانەت مامۆستاكەش دەبێتەوە ، بۆیە پیویستە مامۆستا هۆكار بێت بۆ كەمكردنەوەی دڵەراوكێ و شڵەژانی و پشتبەستنەكانی قوتابیان بەخۆیان نەك هۆكارێك بێت بۆ پێچەوانەكەی.
2- گرنگیدان بە دەست پێكی رۆژەكانی سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن:
مامۆستا پێویستە گرنگی بدات بەدەست پێكی یەكەم ڕۆژەكانی ساڵی نوێی خوێندن لە چەندین رووە وەچونكە ئەمە وادەكات لایەنی دەرونی و جەستەیی قوتابی جێگیر بێت و لەهەمانكاتیشدا بەهێزكردنی لایەنی هەوڵ و تێكۆشانی قوتابی و كەمبونەوەی دڵە راوكێ و هەڵچون و دەركەوتنی هەرجۆرە شوێنەوارێكی نەگەتیڤ بە قوتابخانەو مامۆستا و وانە و پۆلەكەوە.
هەروەها دەستەی كارگێری قوتابخانە ومامۆستا شارەزادەبن بە كەسایەتی و تێروانینەكانی قوتابی هەرلەسەرەتاكانی ساڵی نوێوە .
بۆیە رۆژەكانی سەرەتای ساڵی نوێ رۆژانێكین پێویستە بەرپرسانی پەروەردە و قوتابخانە و مامۆستا بەووریایەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن چونكە قوتابی لێرەوە خۆی بنیات دەنێت هەربۆیە نابیت بە سادەیی مامۆستا بەسەریاندا بازبدات بەتایبەتیش بۆقوتابیانی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی رۆژەكانی سەرەتای ساڵی نوێ زۆرگرنگترن لەچاو قوتابیەكانی دیكەدا.
3-بەشداریكری پێكردنی دایكان و باوكان و لێپرسراوانی قوتابیان:
وەك دەوترێت قوتابخانەو ماڵەوە تەواو كەری یەكترن و وەك دوو هێڵی تەریب وان هەر هەڵەیەك لەیەكێكیاندا ئەوا ئەویتریشیان روبەروی هەڵە دەبێتەوە .هەربۆیە پێویستە لە رووی پەروەردەو فێركردنەوە لێپرسراوانی قوتابیان تەواو كەری قوتابخانە بن و بەشداری تەواوی چالاكیەكانی قوتابخانەو پۆلی قوتابیەكەیدا بكات و مامۆستاو رابەری پۆلی قوتابیەكەش پێویستە هەمیشە دایكان و باوكانی قوتابی لە هەڵەو كەم و كورتیەكان ئاگاداربكەنەوە ،هەروەها پێویستە بۆلایەنی گەشە سەندنی بواری زانستی و پەروەردەیی قوتابیش پرس بە لێپسراوانی قوتابیەكە بكەن ، چونكە پەروەردەو فێركردن تەنها لە ئەستۆی مامۆستاو رابەرانی قوتابخانەدا نیە بەڵكو دایكان و باوكانیش رۆڵی گەورەیان هەیە لەبەرەو پێشبردنی فێربون و پەروەردە كردنی مناڵەكەیاندا.
4-بەهێزكردنی لایەنی دەرونی قوتابی:
زۆرجار لە سەرەتای ساڵەوە قوتابی جۆری نائومێدی و بێ زاریەكی بەرامبەرە بە قوتابخانەو مامۆستاو خوێندن بۆدروست دەبێت بەتایبەت ئەگەر قوتابیەكە لەقوتابخانەیەكەوە بچێت بۆ قوتابخانەیەكی دیكە یان كاتیك قوتابی تازە لەقوتابخانە وەردەگیرێت یان لە قۆناغی شەشەمی بنەرەتی برواتە قۆناغی حەوتەمی بنەرەتی یان لە نۆیەمی بنەرەتیەوە برواتە دەیەمی بنەرەتی یان زۆرجار كە دەچێتە زانكۆوە هەربۆیە پێویستە مامۆستاو بەرپرسانی ناوەندەكانی خویندن زۆرگرنگی بەلایەنی دەرونی قوتابی بدەن و ڕێنمایی نوێی پێشكەش بكەن و وایی لێبكەن كە پشت بە خۆی ببەستێت ئەمەش لەرێگەی پێشكەش كردنی چالاكی جۆراو جۆرو سیمینارەوە تاوەكو ئەو قوتابیە كەشێكی گونجاوی بۆ فەراهەم بهێنرێت و خۆی لەگەل قۆناغە نوێیەكەدا بگونجێنێت.
5-رەخساندنی ژینگەی گونجاو :
دەرونزان دەڵێن " بەدی هێنانی سیستمێكی فێركردنی باش+رێگایەكی تەندروست بۆپەروەردە +ئامادەكردنی پێداویستیەكانی قوتابخانە" پەیوەندی بە رەخساندنی ژینگەی گونجاوەوە هەیە.واتە تاوەكو ژینگەی گونجاو نەرەخسێنی ئەوا ناتوانریت پەروەردەیەكی باش+فێركردنی باش بەدەستبهێنیت. رەخساندنی ژینگەی گونجاوبە ئامادەكردنی پێداویستیەكانی خوێندن و كادری پەروەردەیی باش و هۆكارەكانی فێنكەرەوە وگەرمكەرەوەو روناكی و هۆیەكانی فێركردن و پێدانی رێنمایی پەروەردەی بە قوتابیان بۆ بەرزكردنەوەی لایەنی دەرونیان دێتە دی.