‌سەرەقەڵەمێكـ بۆ ڕاگەیاندن و میدیای ئەهلی و بێلایەن !

 

... بێ گومان قسەكردن لەسەر بوونی میدیا و ڕاگەیاندنی ئازاد و بێلایەن لەوەڵاتیكدا ڕاست و دروستە كە ئەو وەڵاتە خاوەنی حكومەتێكی سەربەخۆ لە ڕووی سیاسی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و باری ئابوری سەقامگیر و‌ یاسا تیایدا سەروەرو بڕیار و فەرمانی دادگا لەسەروی هەموو بڕیاڕێكی حزبی یان حكومیەوە بێت ، واتە یاسا وڕێسایەكـ هەبێت كەش و هەوایەكی یەكسان و ئازاد بۆ تەواوی هاوڵاتیان دابین بكات لەنێویاندا ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران بە ئەهلی و نائەهلیەوە لەوێشەوە ماف و ئەركی هەمووان دیاریكراو و پارێزراوبن ، دیسان بۆ هیچ دەزگا و دامەزراوە و ئۆرگان و ڕێكخراوە و كۆمپانیاكانی حزب و بنەماڵه نەبێ و نەتوانێ دەستوەرداتە مافی گشتی هاوڵاتیان و سامان و داهاتی وەڵات لەسەر حیسابی بەرژەوەندی تایبەت بە لایەنێكی دیاریكراو قۆرخ و زەوتی بكات ، لەوێشەوە ململانێی نێوان چین و توێژەكان تووند و قووڵتربكاتەوەو جۆرێكـ لەپشێوی ونائارامی بەهەموو كایەكانی ژیان بدا ! سەرەنجام تاكەكانی كۆمەڵگا بەگەورەو بچووكیەوە خەڵكی سادەو نوخبەی خوێنەواری دوور له گێڕانی ‌ڕۆڵ و پێگەی خۆیان وەكـ ئەوەی پێویستە پەنا‌ بەرنەبەر كاری ساختەو لەژێر پەردەو دەمامكی جێاوازەوە‌ نوێنەرایەتی و نمایشی فریودەرانە بكەن !

هەر بۆیە ئەگەر نمونەیەكی حوكمڕانی و دەسەڵاتێكی پاشاگەردانی لەم چەشنە ‌ هەبوو پێش هەر كەس و تاكێكی تری كۆمەڵگا ڕاگەیاندن و میدیاكارو ڕۆژنامەنووسان وسەرجەم بوارەكانی ڕۆژنامەگەری ، لەهەر كات زیاتر بەرپرسیارێتیەكەیان گەورەتر و پیرۆزتر ئەبێ ، چونكە تاكی ئازاد و ئازادیخوازانی بێلایەن نابێ بكەونە‌ سەنگەری لایەنێكـ لەسەر حیسابی ئەویتر ئەركە پیشەییەكەی خۆیان وون بكەن ، دواجار لەبری لایەكـ بۆ شكاندنەوەی ئەویتر وەكـ بەدیل و دابەشكردنی ڕۆڵەكان وەدەركەون !

بەداخەوە لەم ڕۆژانەدا بەگوێ و چاوەكانی خۆم ڕاپۆرتێكم بینی و گوێم لێبوو بەشێوەیەكـ داڕێژراو بوو و خرایە ڕوو ، ‌هەر لە تەعبیر و چنینەوەی وشەو دەستەواژەو ڕستەكان هەتا دەگاتە دیمەنی وێنەكان و گرێدانی بەناوەڕۆكـ و ئامانجی ڕاپۆرتەكە ، هەرگیز لە ڕاپۆرت و كارێكی میدیایی بێ لایەن و ئەهلی نەدەچوو ! چونكە نەكـ كەسێكی خوێنەواور و ئاگاداری سیاسەتی ڕۆژ بەڵكو پیرەژنێكی ئاسایی ئەم وەڵاتە زۆر بەڕوونی هەستی بەجریوەو حەزی لاربوی ڕۆژنامەنووسەكە دەكرد كە بەڕێزیان وەكـ هەوادار و لایەنگری حزبێك ئەیلاواندەوە‌ ! لێرەوە ئەگەر بمانەوێ كەناڵێكی سەربەخۆ و ڕاستگۆی بێلایەن و ئەهلی لە كەناڵێكی حزبی و وابەستەی ئەجیندایەكی سیاسی جیابكەینەوەو بیناسینەوە پێویستە تێبینی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكرێ :
:
1- بۆ هەر كەناڵ و دەزگایەكی ڕاگەیاندن ئاساییە هەر ناونیشان و لۆگۆیەیەكی هەبێ ، وەلێ بەهیچ جۆرێكـ نابێ بەڕێوەبەرو كارمەندەكانی كەناڵەكە‌ یان سیاسەتی كەناڵەكە لەژێر كاریگەری و وابەستەیی فیكری و ئۆرگانی حزبی دیاریكراوبن !
:
2- نابێ ناونیشانی بەرنامەو پێشكەشكاری بەرنامە ڕۆڵی تەواوكاری و گەیاندنی ئامانج و دروشمەكانی حزبێكی دیاریكراو بگێڕن ! چونكە لەپیشەیی و بابەتیانەی پرسەكان دەرئەچێ ! ئەوكات لەبری ئەوەی سكۆیەكـ بێ بۆ پیشاندانی لایەنی كەمتەخەم و تاوانبار لەو پرسەی كە بەرنامەكە تاوتوێی دەكات ، بیرو فیكری بینەران بەو ئاراستەیه ‌ببا گومان بخەنە‌‌ سەر بێ لایەنی كەناڵەكە !
:
3- بۆ نووسینەوەو داڕشتنی هەواڵ و ڕاپۆرتە هەواڵ نابێ حزبیانەو وەكـ كادرێكی حزبی تەنها تەعبیر لە ‌سیاسەتی حزبێكی دیار بدا ! یاخود لە داڕشتنەوەی ڕاپۆرتەكاندا تەنها شرۆڤەو دیدو تێڕوانینی كتومتی حزبێكـ لەبەرچاو بگرێ !
:
4- لەڕیزبەندی و ئەولەویات و پیشاندانی هەواڵەكاندا گونجاو نیە پەیوەیست بكرێتەوە بەسیاسەتێكی حزبیانەی كەناڵەكە یاخود كاریگەری ‌حزبیانەی داڕێژەری هەواڵەكانی بەسەرەوە بێ ! بەڵكو دەبێت بەگوێرەی پێشهاتی نوێ و تازەیی لە ڕووداوو گەرماوگەرمی هەواڵەكان ڕێكبخرێتەوە !
:
5- لەوەڵاتێكدا فرەیی لەحزب و جۆراوجۆری لەئاین و ئاینزاو بیروڕای جێاواز بوونی هەیە ، گرنگە جۆرێكـ لە ماف و بەیەكسانی ڕەچاوی هەموو لێدوان و هەڵوێستەكان بكرێ ، لە ڕاستیدا ستەمێكی گەورەیە ئەگەر هەواڵێكـ یاخود لێدوان و وتەیەكـ لەحزبێكەوە هەبێ هەر لەبەر ئەوەی بەهەواو خواستی كەناڵەكە ناخوا ئیدێ نەبێتە‌ سەردێڕ و ئاماژەی پێ نەكرێت !
:
6- نابێ پێشكەشكار یان ڕێكخەری بەرنامە بەشێوازێكـ بەرنامەكە ڕێكبخات و پێشكەشی بكات سەرەتا و كۆتا وتەی بەرنامەكە بدرێتەوەو بەو میوانەی كەتێڕوانین و جیهانبینی لەگەڵ ‌بیروڕای كەناڵەكە یاخود ستافی بەرنامەكە یەكـدەگرنەوە ، چونكە دوا وتەو كۆتا بڕگەی بەشداریەكە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر بینەرو بیسەران بەجێ ئەهێڵێ بەحوكمی ئەوەی جارێكی تر دەرفەت بەویتر نادرێتەوە ڕونكردنەوەی خۆی بدا !
:
7- كەناڵی ئەهلی و بێلایەن پێویستە خۆی بەدوور بگرێ لە‌ گواستنەوەو تیشكـ خستنەسەر بۆنەو یادە حزبیەكان ، بەپێچەوانەوە وادەخوازێت دەرفەتی یەكسان بەهەموان بدا لانی كەم جێاوازیەكی ئەوتۆی نەبێ ، نەكـ گرنگی و پانتایەكی باش بەو حزب و بۆنەیە بدا جێ بایەخ و گرنگی پێدانی سیاسەتی كەناڵەكەیە !
:
8- لەبەیاننامەو هەڵوێستە جێاوازەكاندا نابێ ئەولەویات بۆ حزبێكی دیاریكراو بێ لەسەر حیسابی ئەویتر ! هەروەكـ نابێ ڕاو هەڵوێستی حزبێكـ لەماوەی شەوڕۆژێكدا زیاد لەجارێكـ بخوێنرێتەوەو ڕوماڵی تایبەتی بۆ ئامادە بكرێ ، بەڵام ئەم چانس و دەرفەتە بۆ ئەویتر یاساغ و قەدەغەبێ ! واتە هەڵوێستەكان نەبەسرێتەوە بە سیاسەتی حزبێكـ هاوئاواز و نوزەی كەناڵەكە بێ !

ماوەتەوە بڵێم لێرەوە بڕوانە بۆ كەناڵ و دەزگاكانی ڕاگەیاندن لەهەرێمی كوردستاندا تۆزێكـ ڕابمێنێ و ئەوجا وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ خۆت وەربگرە كە لەناواخنی داڕشتنەوەی وتارەكەدا زیاد لەجارێكـ چاوشاركێ ئەكا ..!؟