چه‌ند سه‌رنجێ له‌سه‌ر ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ( كۆمه‌ڵ ، یه‌كێتی ، گۆڕان ) !

 

... ئه‌وه‌ی له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌ سێ قۆڵیه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌ر سێ فراكسیۆنه‌كه‌ی ( گۆڕان ، یه‌كێتی ، كۆمه‌ڵ )‌ سه‌باره‌ت به‌ زیاره‌ت و دیداری وه‌فدی چوار فراكسیۆنی كورد بۆ لای به‌ڕێز عه‌ممار الحكیم هاتووه‌ خۆی بۆ خۆی به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕاستی و دروستی وته‌كانی ڕێزدار دكتۆر مثنی أمین سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتو چونكه‌ :
:
1- خودی دكتۆر مثنی أمین هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و حزب و لایه‌نه‌سیاسیه‌كان به‌تایبه‌تی پێش یه‌كگرتووه‌كان ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ ئه‌ناسن و باش ده‌زانن كه‌ به‌ڕیزیان كه‌سێكی به‌بوێرو چاونه‌ترس و ڕاستگۆیه‌و هه‌رگیز پێویستی به‌چه‌واشه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و لێدوانی ناڕاست نیه‌ ! چ جای بۆ پرسێكی تایبه‌ت به‌كوردستان و ڕووی له‌ لایه‌نه ‌سیاسیه‌كانی كورد بێ له‌به‌غدا !
:
2- له‌وكاته‌وه‌ی له‌كوردستاندا باسی ڕیفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هاتۆته ‌ئاراوه‌ و بووه‌ته‌ باس وخواسێكی گه‌رمی میدیاكانی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ ، به‌رپرسانی به‌غداو لایه‌نه‌ شیعه‌كان به‌تایبه‌تی زیاد له‌سه‌رچاوه‌و كه‌سایه‌تیه‌كـ بۆ چه‌ندین جار له‌ بۆنه‌ی جێاوازدا به‌ئاشكراو بێ په‌رده‌ دژایه‌تی و ناڕه‌زایی خۆیان بۆ ئه‌م هه‌وڵه‌ی كورد ده‌ربڕیوه‌ ، واته‌ دژایه‌تی و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وان شتێكی تازه‌ نیه‌ هه‌تا به‌لای خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ نێتی شاراوه‌و ئاشكرای بۆگه‌نی ئه‌وان ڕوپۆش و پۆلیش بكرێت !
:
3- ئه‌گه‌ر ئه‌م براده‌رانه‌ وه‌كـ خۆیان ڕایانگه‌یاندوه‌ به‌ڕێز‌ كاكـ عه‌ممار الحكیم هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌كردوه‌ به‌ڵكو وریایی و هۆشداریداوه‌ ! واته‌ ئه‌توانین بڵێین عه‌ممار الحكیم جۆرێكـ له‌ جۆره‌كان له‌ لێدوان و وته‌كانی تری ڕابووردووی پاشگه‌زبوه‌ته‌وه‌ یان نه‌رمی نواندوه‌ !؟ تۆ بڵێی ڕووگیر نه‌بووبێ یان گومانمان بۆ دروست ئه‌كه‌ن كه‌ به‌ڕێزیان ترسابێت !؟ یان دۆستایه‌تی و نزیكی وه‌فده‌كه‌و براده‌رانی خۆمان ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز بووه‌ له‌بابی خۆشه‌ویستی و هاوڕیه‌تیدا ئامۆژگاری خێری كردوون !؟
:
4- ئاخۆ دژایه‌تی و ڕه‌ددكردنه‌وه‌ی پرسی ڕیفراندۆم له‌لایان ( كومه‌ڵ و گۆڕان ) به‌ئاشكراو نیوه‌ی یه‌كێتی به‌ئاشكراو نهێنی ! ئه‌وه‌ ناسه‌لمێنێ له‌ ئێستادا ڕازیكردن یان ڕه‌ددكردنه‌وه‌ی عه‌ممار الحكیم بۆ ئه‌م پرسه‌ گرنگیه‌كی ئه‌وتۆی بۆ ئه‌م وه‌فده‌ نیه‌ !؟ یان ئه‌وان به‌نوێنه‌رایه‌تی كورد و لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان پرسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی بووه‌ته‌ خه‌مێكـ به‌لایه‌نه‌وه‌ مه‌به‌سته‌ عه‌ممار الحكیم و هاوشێوه‌كانی له‌به‌غدا قایل ببن یان نا !؟ حه‌ق وایه‌ ئه‌م پرسیاره‌ش ئاراسته‌ی ئه‌م هاوڕیانه‌ بكه‌ین ئاخۆ بۆ به‌ڕێزیان له‌كوردستاندا بووه‌ته‌ حاڵ هه‌تا له‌به‌غداو له‌به‌رده‌م گه‌وره‌ترین كوتله‌ی ناڕازیی و دژ به‌ خواسته‌كانی كورد ببێته‌ مه‌قال و مه‌قامی عه‌ره‌بیانه‌ی شوڤینیه‌كانی پێ گه‌رم بكه‌ن !؟
:
.... ماوه‌ته‌وه‌ بڵیم ئه‌گه‌ر كورد به‌م شێوه‌یه‌ بۆ ناوخۆی خۆی مامه‌ڵه‌ بكات و له‌ده‌ره‌وه‌ش ئه‌م ڕیتمه‌ له‌سیاسه‌ت بگرێته‌ به‌ر هه‌رگیز ناتوانن یه‌كـ ده‌نگـ و یه‌كـ هه‌ڵوێست بن ، ئه‌وه‌ش خه‌یاڵ پڵاویه‌وه‌ به‌و ئاسانیه‌ بتوانرێت نه‌یارو ناحه‌زانی ئه‌م گه‌له‌ به‌ویست و ئاره‌زووی خۆڕسكانه‌ فه‌رمووت لێ بكه‌ن ! هه‌روه‌كـ ئه‌وه‌ش ڕاسته‌ ئێمه‌ی ئێستای كورد كوڕو نه‌وه‌كانی باوانی خۆمانین مێژوو شاهیده‌ چیم نووسی !؟