ئەرێ هەر بەڕاست ئەمە وەزیفەی فەیسبوكە !؟

 


:
... فەیسبوكـ وەكـ هەر دیاردەیەكی نوێی دونیای تەكنەلۆجیا بووەتە ئەمری واقیع و میوانێكی زۆرەملێی ماڵی زۆرینەمانە ، بەهۆی تازەیی و خێراپەرەسەندن و بەكارهێنانی بەشێوەیەكی بەربڵاوو بێ سانسۆر وبێ سنور دیسان هاوشێوەی دیاردەو چەمكەكانی تر لەبوارە جێاوا‌زەكاندا زیاد لەپێناسەو ناسینێكی بۆ دەكرێت ، بەكورتی و پوختی بەوە پێناسە دەكرێت كە فەیسبوكـ تۆڕێكی بەردەوام و بەرفراوانی گەیاندنی كۆمەڵایەتیە و هەموومان پێكەوە دەبەستێتەوە ، واتە لەیەكـ كاتدا و لەڕیگەی پۆست و وێنەو گرتە ڤیدیۆكاندا هاوڕێ و دۆست و خزمان بەیەكەوە ئەگەیەنێ و ئاگادار و شاهیدی چركەساتەكانی ژیان و خۆشیەكانی یەكترین !

هەروەكـ لەڕیگەی لایكـ و كۆمێنت و بەشداری پۆستەكانی یەكدی زیاتر تێكەڵ و ئاوێته ئەبینەوە‌ ، گوایە لێرەوە قەرەبووی بەشێكـ لە بیانووی نەبوونی كات و قەرەباڵغی و جەنجاڵیەكانی گوزەران و بژێوی ڕۆژانە ئەكاتەوە ، كەبە‌هۆكاری دووری لەیەكتر و كەمكردنەوەی سەردان و هامۆشۆی نێوان ئازیزانی كردۆتە دیاردە ! دیسان بەوە دەناسرێ كە فەیسبوكـ بریتیە لە یەكێكـ‌ لە ئامرازە نوێكانی پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان كە‌ یارمەتیدەرە‌ بۆ گرێدان و تووندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندی نێوان خەڵكی بەگشتی ،ئەگەر چی لەڕوی شوێن و جوگرافیاو كات و پیشەو پێگەی كۆمەڵایەتیانەوە جێاوازبن ، ئەڵبەتە بەتەنیشت ئەركە كۆمەڵایەتیەكەی‌ و لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە سەرچاوەو عەمبارێكی بێ سنوری زانیاری و زانستەكانە بەگشتی بەباش و خراپیەوە كە لێرە ئامانجی وتارەكە‌ نیە !


ئەوەی مەبەستی بەندەیەو ئەمانەوێ قسەی لەسەر بكەین ئەو حاڵەتە خراپەیە كە لە نێوان بەكارهێنەرانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا بەدی دەكرێت ، بەداخەوە ڕۆژانە ئەوە دەبینن كه ئاراستەی پۆست و كۆمێنتەكان بەلایەكدا چووە‌ پڕە لەجنیوو ناوزڕاندن و گاڵتەجاڕی بەیەكتر و هەڵدانەوەی مێژووی دوورو نزیكـ و سوود وەرگرتن لەكەمو كورتی هەڵەوپەڵەی هەورازونشێوەكانی ژیان و پەنابردن بۆ داتاشین و قسەی نابەجێ و بێ بنەمای دوور لەهەموو داب و نەریت و رێساو یاسا كۆمەڵایەتیەكان .. هتد ، جارێكیتر مایەی نیگەرانی و ژانێكی قووڵە بەشێكـ لەوكاراكتەرە سیاسی و مەدەنیانەی كە ڕۆڵی خراپیان گێڕاوە بەئاشكراو بێ پەردە كار لە سەر سڕینەوەو ڕەددكردنەوەی بەرانبەرەكان دەكەن و بەكردەیی مومارەسەی شێوازێكی تر‌ لەئیرهابی فیكری پێڕەو دەكەن ، لەوەش بەئازارتر ئەم جنێوو تانەوتەشەرە هەموو سنورەكانی درواسێتی و هاوڕێیەتی گەڕەكـ و پیشەو خزم و ئازیزانیشی تێپەڕاندوەو خاڵی پچڕاندن و هەڵوەشاندۆتەوەی پەیوەندی و هۆگری دەیان ساڵەی نێوان هاوڕێ و خزم و خێزانەكانە ‌ !


سەرباری ئەم ڕاستیانەی سەرەوە لەبری نەفرەت لێكردن و بوغزاندیكی دەستەجەمعی ، هەنوز خەڵكانێكـ هەن بۆ زیاتر قوڵتركردنەوەی ناكۆكیەكان و گەیشتن بەمەرامی سیاسی و خەونی دەروونی بەزیووی ، تەنها بەناوو ئەكاونتی كەسێتی خۆیەوە دڵی ئۆقرە ناگرێ و تینوێتی ناشكێنرێت بەڵكو لەڕیگەی ناوی ساختەو ئەكاونت و پەیجی نامۆو ناونیشان و تایتڵی سەیروسەمەرە ئەوەی بەبیری تۆو هاوڕێكانت نەهاتووە پەنای بۆ دەبەن ژەهری كوشندەی خۆیان دەڕێژن !


بەداخەوە بەهۆی ئەم دیاردە ناتەندروستەی بەكارهێنەرانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی‌ هێندەی تر كوردستانی كردۆتە قەیرانستان و برینەكانی بەسۆیەو هەوكردن و هیلاكردنی تاكـ بەتاكی ئەم هەرێمەی تاسەر ئێسقان گەیاندوە ، چونكە كاریگەری و لێكەوتەكانی پۆست و كۆمێنتەكان ئەوەندە زەقق دەكرێتەوە تیشكی دەخریتە سەر بڕیاری سیاسی و هەڵوێستی جێگیری حزب و حكومەت و دامودەزگا حكومیەكان كەرت و پەرت دەكات و دەیترازێنێ كه ‌دواجار لەبەرمەبنای كارو كاردانەوەكان هەڵوێستی بەپەلەو بڕیاری سەقەت و وێنەیەكی شێواوی لێدەرئەچێ ! بەڕای بەندە ئەم دیاردە قێزەونە‌ بەشداریەكی كاراو یەك له ‌هۆكارەكانی خولانەوەو سوڕانەوەی بەردەوامی كێشەو گرفتەكانە لەبازنەیەكی داخراوو سەرقاپنراوی بێ دەرچە‌ ! لێرەوە زۆر بەكورتی ئاماژە بەهەندێ ڕوخسارو ئیدیعای پشت پەردەو ئاشكرای كاراكتەرە خراپەكانی ئەم دیاردەیە ئەكەین *:

1- جنێو ئەداو شەقام گەرمی پڕ لەتوڕەیی و نیگەرانی خەڵكی پفف ئەداو بوەتە ‌سەرچاوەی ئاشوب و پشێوی ، ڕاست و چەپ ڕەددەكاتەوەو قبوڵی دەنگی جێاوازو نەغمەی تری نیە هەمووان بەڕەش و سپی ئەبینێ و ئەو وێنەیەی پێ ئەداتەوە كە لەگەڵ نووزەو دەنگی تاساوی ئەودا نیە‌! كەچی لەولاوە بانگەشەی گۆڕانكاری ڕیشەیی و هێنانەئارای حكومەتێكی نیشتمانی دوور لەخۆسەپاندن دەكات‌ گوایە هاوڵاتی بوون چەقی بنیادنانی ئەو حكومەتە بێت !؟
:
2- جنێو ئەداو سەرچاوەی پاڵنەرو ڕیخۆشكاری درێژكردنەوەی قەیرانەكانە جگە لەخۆی كەسیتی تری پێ هەرس ناكرێ و بەلایەوە هیچ لایەنێكـ شایستەی ئەوە نیە تەعبیر لەبوون و‌ ‌ڕای ئازادانەی‌ خۆی بكات ، چونكە شەرعیەتی شاخ و مێژووی خەبات و خزمەتەكانی ڕابووردووی - بەهەموو تێبینیەكەوە - به ‌نەوەكانی ئێستاو داهاتوو ئەفرۆشێتەوەو ، خەباتی سەدساڵەی ئەم گەلە لەسەرخۆی و بنەماڵەكەی قۆرخكردوەو هیچ بوارێكـ بە هەناسەو ڕەنگـ و دەنگێكی تر نادا !؟
:
3- جنێوئەداو بالۆرەی شەڕی مان و نەمان ئەچڕێ لافی نیشتمان پەروەری و نەتەوەپەرستی لێ ئەدا و دروشمی دەوڵەتی كوردی و سەربەخۆی كوردستانی مەبەستە ! كەچی بێ دەنگـ و كەڕولاڵە لەئاست ئاودیوكردن و تەخشان و پەخشان كردنی‌ سامان و داهاتی ئەم گەلە‌ ، بەلایەوە ئاساییەو پڕ بەگەرووی بەرپرسەكانی ڕەوایە خاكـ و ئاوی ئەم وەڵاتە بەئێستاو داهاتوویەوە بفرۆشێتە بێگانەو بە دۆستەكانی ئەمڕۆ و دوژمنەكانی سبەینێ تاپۆ وخاوەندارێتی بكا !
:
4- جنێو ئەداو ناوزڕاندنی كردۆتە پیشە هەجرو تەبدیع و تەكفیری داهێناوە لەبەرەو بازنەی بیركردنەوەی گروپ و مەزهەبە فیقهی و سیاسیەكەی ئەو نەبی ، ئیدی داعش و قاعیدەی نمرەیەكی لەدونیادا خوێنت حەڵاڵەو لەقیامەتیش دۆزەخ بەتۆوە جوانە ! وەلێ كە لێی وردەبیتەوەو لەنزیكەوە دەیناسیتەوە دەبینی كەسێكە بەسیما دیندارەو ئەهلی مزگەوت شایەتی ئامادەبوونی پێنج فەرزەی بۆ ئەدەن حەج و عومرەشی بەجێهێناوەو ڕۆژووی شەشەڵانیش بە سوننەی موئەكەدە ئەزانێ !؟
:
... * تێبینی : هەموو حزب و گروپەكانم مەبەستە نەكـ لایەنێكی دیاریكراو