لەکۆتاییدا دەبێ ڕێککەوین 

 

ماوەی دووساڵی تەواوە حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کۆدەبنەوەو ناگەنە ئەنجام ،پاشترماوەیەک دادەبڕێن و لەڕێگەی مەکینەی ڕاگەیاندنەکانیانەوە ، دەکەونە تەقەو لەیەکترخوێندن؛ بەڵام دواجارهەردەبێ ناکۆکەکان پێکەوە دانیشن و گفتوگۆبکەن و بگەنە ڕێککەوتن لەسەر تێکرای پرسەکان ، چونکە ڕەوشەکە بەبەریەوە نەماوەو پێشهاتەکان لێرە بەدواوە خێراو هەڕەشەکان گەرم و مەترسیەکان جددین.

ئەگەر خۆمانی بۆکۆنەکەینەوەو دەس نەخەینە ناودەست و پشتی یەک نەگرین، مەترسیەکان کەمەرشکێنن و هیچ دوور نیە ئەوەش کە 25 ساڵە پێکمانەوەناوە، لەدەسمان بچێت؛ هەروەکو چۆن زلهێزەکان لەڕۆژانێکی وەک ئەمڕۆدا، پێشی 94 ساڵ،لۆزانیان بەسەردا هێناین و سیڤەریان لێکردین بەژەهری مارو دێزە بەدەرخۆنەیان کرد.

دووساڵە یەکگرتوو ئەم بانگەوازەی ڕاگەیاندووە ،با سازانی نیشتمانی بکەین ،با کێشەکانمان لەناوخۆماندا چارەکەین ، بالەبەر بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمانەکەمان ، سازش بۆیەکتربکەین، با گرێ دەروونی و مێژووییەکان وەلاوە بنێین و دەس لە عینادی و سوڵتانیەت هەڵگرین.

خۆشبەختانە واخەریکە بەرەو ئەو ئاسۆیە دەچین ، لایەنێک بەبێ مەرج ئامادەی دانوستانە و لایەنێکیش دەڵێ :گەر ئەوان هەنگاوێک بێنە پێش ، ئێمە دوو هەنگاو دەچینە پێش.

ئەمانە لەڕاستیدا پێشکەوتنن لەڕەوتی ڕووداوەکانی ناوخۆماندا ، ئومێد وایە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ،هەنگاوی عەمەلی گەورە ببینین ،دوای ئەوەی کە قسەی گەورەمان بیست. دەس لەدەس و پشتیوانی لەخوای باڵادەست، بەرەو دڵخۆشکردنی گەلی کوردستان و دۆستەکانی و دڵتەزاندنی نەیارانی.