ئەگەر ئەم جارە نەگەین!!

ئەوانەی تانەیان لە مام جەلال دەدا کە وتبوی: دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانە، ئەوانەی تانەیان لە یەکێتی و پارتی دەدا کە ساڵی 2003 دەستیان بەسەر کەرکوکدا نەگرت و دەوڵەت رابگەیەنن و چوون بەشدارییان لە زیندووکردنەوەی دەوڵەتی مردووی بەغدادا کرد، ئەوانەی نزیکەی سەد ساڵە ئیسلام و سیمبوڵەکانی (مەلای خەتێ، شێخ مەحموود) بە لەمپەری بەردەم دروستبوونی دەوڵەت و رۆحی رەهای کورد تۆمەتبار دەکرد، ئەوانەی شیوەنیان بۆ دەوڵەتی لەدەستچووی مادی بەر لە هەزاران ساڵ دەکرد، ئەوانەی دەیانوت هۆی نەبوونمان بەدەوڵەت ناکۆکیی میرە کوردەکان و دەست تێکەڵکردنیان بووە لەگەڵ دوژمنانی کورد،.. ئێستا خۆیان پێچەوانەی ئەو هەڵوێستە بوونەتە نەیاری سەرسەختی (هەوڵێک)ی جدی بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لەو عێراقەی کورد خێری لێ نەدیوە، هەر لەبەر ئەوەی هێزێک رابەرایەتی هەوڵەکە دەکات کە رکابەری سیاسییانە.
من نازانم ئەگەر -وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ بێكه‌سی و بێبه‌ختیی كورد- لەبەر هەر هۆیەک بێ رێگە نەدرا ئەم هەوڵە بەئاکام بگات، ئیدی بەڕای ئەو برا کوردە نەیارانەمان کەی کاتیەتی و بەبێ لاریبوون دنیا لەسەر سینییەکی زێڕین دەوڵەتمان پێشکەش دەکات؟ِ
بەڕای موتەوازیعی من ئەگەر ئەم جارە وەک هەمیشە زلهێزان و دوژمنانی ئیقلیمی هەوڵی سەربەخۆبوونی کوردستان لەبار ببەن، ئیدی دەوڵەتی کوردی لە مەحاڵیدا سنووری خەونی شاعیرانیش تێدەپەڕێنێ. ئیدی ئەوکاتە با زمانهەراشان بێدەنگ بن و چیتر نان و پیاز بە دروشمی نەتەوایەتی و دەوڵەتی کوردییەوە نەخۆن، چونکە بۆ مێژوو ئەوەیان تۆمار کرد کە چوونە بەرەی نەیارانی نەتەوە لە بەرهەڵستیکردنی هەوڵێک بۆ سەربەخۆیی و دڵی ناحەزانیان خۆش کرد.
بەندە نە دوور نە نزیک پەیوەندی و بەرژەوەندیی شەخسیم لەگەڵ هیچ حزبێکدا نیە، وەک هەر هاوڵاتیەک و وەک هەر نووسەرێکی نیشتمانپەروەریش لە گەندەڵی و ناعەدالەتیەکانی دەسەڵاتی کوردی زیانم بەرکەوتوە و تووڕەم، بەڵام دەزانم من پێمخۆش بێ یان نا، هەر حزبەکانن دەبێ ئەو دەوڵەتەی خەونی هەموومان بووە دروست بکەن، ئیدی فریشتەی ئاسمانیش دانابەزن دروستی بکەن، هەر ئەو چەند حزبەن بەگشت هەڵە و پەڵەکانیانەوە.