ڕیفراندۆم لەنێوان بەڵێ و نەخێر

 

... هەر لەسەرەتاوە بەهۆی كێشەی سیاسی و ململانێی حزبی لەنێوان پارتی و دژە پارتیەكان پرسی ڕیفراندۆم وەكـ هەموو پرس و قەیرانەكانی تر دوولایەنە بەحزبی كرا ، هەر لایەنەو ئەیویست جەماوەر بەو ئاراستەیە ببا كە بۆخۆیان قەناعەتیان پێی هەیە ، بۆ ئەمەش لەهەردوولاوە تەواوی سنوورە نیشتمانی و نەتەوەیەكانی ئەم هەرێمەیان تێپەڕاند، سەرباری ئەوەی بەرەی دژە پارتی هەتا ئێستا بەڕوون و ئاشكراو بەزمانێكی پاراو ڕایانەگەیاندوە كە لەگەڵ نەخێرن یان بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم ئەكەن ، وەلێ بەدەستكەوت و ئامانجێكی گەورەی حزبی و بۆ موزایەدەی سیاسی ئەخوازن ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرێت ، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاڕایی و خوزاریبوونەی شكستی ڕیفراندۆم ئاماژە بە هەوڵ و پڕپاگەندەكانی بەرەی دژە پارتی و نەخێر لەئێستادا دەكەم : 

1- سەرەتا ئەوەیان بەگوێی هەموواندا كە ڕیفراندۆم پرسێكی حزبی و ئیقلیمیە و پارتی و ئاكپارتی لەپشت پرسی ڕیفراندۆمن ، ئامانج پێكهێنانی میرنیشینێكی بچووكی لەرزۆكـ لەباشوری كوردستان لەوێشەوە بۆ ڕێگریكردن و دژایەتیكردنی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی لە ڕۆژئاوای كوردستان !


2- دواتر ڕایانگەیاند كە ڕیفراندۆم پیلانیكی توركی پارتیە بۆ دەستێوەردانی توركیا و سنوربەزاندنی سوپای توركە بەئامانجی هێرشكردنە سەر گەریلاكانی پەكەكە لەچیای قەندیل ! بیریان چووە پەكەكە لە شەنگال و كەركوكـ و گەرمیانیش بوونیان هەیە ! ئەوەش دەزانن كە‌ دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی تەواوی تێچووی ئەم پرسەی لەئەستۆگرتووە !

3- لەهەوڵێكی ترو بۆ ئاراستەكردنی ڕای گشتی پڕپاگەندەی ئەوەیان بڵاوكردەوە كەئەم پرسە لەلایان هەریەكـ لە ئەمریكا و توركیا و سعودیە نەخشەی بۆ داڕێژراوە ! كەچی ئەوەش بڵاودەكەنەوە كە ئەمریكا و توركیا ناهێڵن ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت هەروەها حكومەتی سعودیە داوا دەكات دوابخرێت !

4- دیسان ئەڵێن بۆ مانەوەو درێژەدانە بەدەسەڵاتی پارتی و گەندەڵكارانی كوردستان ، وەلێ ئەوەش ناشارنەوە كە بەئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەستكەوتەكانی ئێستا و ڕابووردوو لەناوئەچێ و بەشێكـ لەناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەدەست ئەدەین !

5- بەرەی نەخێر ئەڵێن دونیا كاول ببێ ڕیفراندۆم ئەنجام نادرێت وەلێ لەئەگەری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەنگـ بەنەخێر بدەن ، ئەوانیتر هێشتا هەڵوێستیان ڕوون نیە كە ئایا دەنگـ بۆ بەڵێ ئەدەن یان نەخێر ! كەچی داوا لەلایەنەكانی تر ئەكەن پشتگیری ڕیفراندۆم نەكەن ! لەولاشەوە فەرمانبەر ناونووس ئەكەن بۆ كۆمسیۆن و پێناسی بایۆمەتری نوێ دەكەنەوە !

6- بەرەی نەخێر و ئەوانیتر بەهیچ شێوەیەكـ خۆشحاڵ نین بە گەشەكردنی ‌پارتی و سەركەوتنی بارزانی ، هەروەكـ خوازیارن هیچ دەستكەوتێكـ بەناوی ئەوانەوە تۆمار نەكرێت ، وەلێ لەوە بێ ئاگان گرێدان و بەستنەوەی پرسی ئێستای ڕیفراندۆم و هەنگاوەكانی بەرەو دەوڵەتی كوردی بە پارتی و شەخصی بارزانی گەورەترین خزمەتە بەو حزبەو بەمێژووی بارزانی كە ئەم خەونە هەرگیز بەو قورسایی و سەنگینیە بۆ خۆیان دەست نادا و ناتوانن ئەو سەروەریە تۆماری بكەن !

7- بەمەبەستی پاراستنی خەڵكـ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەگەری شەڕی كورد و عەرەب یان لەنێوان هێزی پێشمەرگەو حەشدی شیعە بەرەی نەخێر و ئەوانیتر ‌داوا دەكەن ڕیفراندۆم دوابخرێت و لەئێستادا ئەنجام نەدرێت ! وەلێ ناتوانن گەرەنتی تەواو بەخەڵكی كوردستان بدەن له ‌ئەگەری كۆتایی هاتنی ڕێكخراوی داعش شەڕ لەنێوان كورد و عەرەب ڕوو نادات یاخود بارودۆخی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەچ لایەكدا ئەكەوێت ! .

م-ع-كانی