قسەیەكـ بۆ نەخێری حزبیەكان !


... لەسەرەتاو دەسپێكی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەتا دوا ڕۆژی ئەم پرۆسەیە یەكـ بریارو یەكـ ئاوازبوو ! واتە هەر ئەوە بوو كە دەگووترا ئەم ڕیفراندۆمە پیلانێكی توركیە یان ئەمریكی توركیە یاخود پارتی و بارزانیە ! چ جێاوازی و جیاكاریەكـ بەدرێژایی ڕۆژانی هەڵمەتەكە ڕوویدا هەتا هەڵوێستەكان بەگۆشەی 180 پلە لاروخواربێتەوە نەخێری پڕ بەگەروی تاساو بگۆڕدرێت بۆ ‌بەڵێی پڕ لەنووزەی خاترانە ! واتە بەڵێ تۆ دواجار بۆ هێرش و پەلاماری توركی بوو بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكەو داگیركردنی چیای قەندیل ، بەڵێی تۆ بۆ فشاری ئەمریكی و ئابڵۆقەی وەڵاتانی زلهێزان و پەروایزخستنی حكومەتی هەرێم بوو ! بەڵێی تۆ بۆ بەكەڵاگابوونی پارتی و درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی و هەژموونی زیاتری پارتیەكانە لەزۆنی سەوز ! ئاخر عەزیزم سەركردەی ژیرو دەروون هاوسەنگـ چۆن ئەبێ نەتوانێ ( نەخێر ) بۆ حوكمڕانیی لارو ستەمكار و پڕگەندەڵیی و پۆخەڵیی و ( بەڵێ ) بۆ سەربەخۆیی وڵات و دەوڵەتی كوردستان لەیەكتر جیانەكاتەوەو پێكەوە گرێ نەدا ! بەدبەختی و چارەڕەشی ئەم میللەتە لەوەدا تۆخ ئەبێتەوە و دەبێتە خەسڵەتێكی هەمیشەیی تیایدا ، كاتێ سەركردەكان بۆ هەر هەڵوێست و وەرچەرخانێكی هەڵە ، لەبری داوای لێبوردن و گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی و ئاشتبوونەوە لەگەڵ ناخی خۆیدا و گێڕانەوەی متمانە بۆ خەڵكـ پەنا بۆ قەول و قیلێكی فریوودەرانە ببا ! لەم چەند دێڕە تیشكێكی خێرا دەخەینە سەر ئەو چركە سات وزەمەنە هەستیارەی بڕیارو هەڵویستەكانی بەرەی پلەدووی نەرمی نەخێری حزبەكانی تیا لەدایكـ بوو لەویشەوە بۆ نەخێری ئەندامانی حزب :
:
1- دەرخەری ئەو حەقیقەتەیە كە وەكو حزب بەرچاویان ڕوون نەبووە و نەیانزانیوە سبەی بەم بڕیارو هەڵوێستە دەگەن ! هەروەكـ ئەوەش ڕاستە ئەم بڕیارو هەڵوێستە تەعبیر نەبووە لەڕاو هەڵوێستی فەرمی حزب ! هەر بۆیە جێگای چاوەڕوانی ئەندام و كوادری حزب و جەماوەری بەرەی نەخێر نەبوو !
:
2- پەشیمان بوونەوەی خێرای بەشێكی بەرچاوی سەركردایەتی حزبە لەو بڕیارو هەڵوێستە كە دواجار بەناچاری ڕایانگەیاند ! جارێكی تر ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە بڕیارو هەڵوێستگرتن ئەبێ لەناوخۆی حزبەوە سەرچاو بگرێ نەكـ لەژێر فشارو بۆ ڕازیكردنی دەسەڵات ! لەوەشگەڕی ئەم هەڵویستە دیسان خزمەتە بەدەسەڵات و هێندەی تر بێ ئومێدكردنی شەقامی ناڕازی !
:
3- تەعبیرە لەو پاشاگەردانی و بێ سەروبەرەیە كە هەر ئۆرگان و بەش و مەكتەبێكـ لەدۆڵ و ئاوازێكی جێاواز لەویتری هاوسەنگەری خۆی هەڵوێستی گرت ! واتە پابەند نەبوونی ئەندامان بەبڕیاری حزب تەعبیر نیە لەئازادی و ئازایەتی بەڵكو لەبێ متمانەیی بەسەركردەو یاخیبوونی ئەندامەوە دێ ، ئەگەرنا هەركەسەو بۆ خۆی چۆن یەكسانە بە حزب و حزبێكی سەربەخۆیی خاوەن بڕیارو هەڵوێست ؟!
:
4- سەلماندنی ئەو بۆچوونەیە كە بەشێكـ لەحزبەكان هێشتا لەژێر كاریگەری و فشاری پۆستەكانی فەیسبوكـ و شەقامی بێ كۆنترۆڵ بڕیارو هەڵوێست دەگرن ! لەوێشەوە بۆ فشۆڵی و بێ بەرهەمی بڕیارو فەرمانەكانی خودی ئەو حزبانە لەئەرزی واقیعدا ، ئەوجا بۆ حكومەت و خزمەتگوزاریەكانی حكومەت بڕوانە !
:
5- ڕەنگدانەوەی قووڵی ناكۆكی و ململانێی كۆن و تازەی حزبی و شەخصیە ، واتە بە حزبی و بە شخصیكردنی تەواوی پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكانە ، لەدەسەڵاتەوە بۆ ئۆپۆزسیۆن و بەپێچەوانەوە لەوێشەوە بۆ شەقام و ڕای گشتی ! هەربۆیە بەچاوێكی سووكـ و‌ دوور لەهەستی هاوڵاتی بوون دەڕواننە پیرۆزیە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان و یادو بۆنەكانی بێ ئەرزشكردوە !
:
6- دەرەنجامی ڕێژەی زۆر‌ی ‌دەنگی نەخێر لە زۆنی سەوز هیچ لەو ئەگەرو گریمانە كەم ناكاتەوە كە ڕای بچووكـ و كەمینەی ناو مەكتەب و بەشەكان ئیلهام بەخش وابەستەو دیباجەی دوا هەڵوێست و بڕیاری سەرپشككردنی گەورەكان بوو ! ئەگەرنا بڕیارو هەڵوێستی حزب یان ئەبێ حەق و صەواب بێ یاخود چەواشەو نیفاق ! چونكە ناكرێ هەڵوێستی فەرمی حزب لەسەرەوە بەڵێ بێ وەلێ بۆ خوارەوە فەرمانی نەخێری بۆ دەرچێت !