عەبادی چۆن ئەتوانێ حكومەتی هەرێم لاواز بكات !

.. سەرباری ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دان پێنراوی دەستوری دەوڵەتی عێراقی فیدراڵیە و مامەڵەو حیساب بۆكراوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیە ، وەلێ لە ئێستادا عەبادی و حكومەتی ناوەند لەڕیگای پرۆژەیەكەوە كە ناسراوە بە مامەڵەی ڕاستەوخۆی ناوەند لەگەڵ ئیدارەو ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم ئەیانەوێ كار بۆ هەڵوەشانەوەو لاوازكردنی پێگە ئیداری و سیاسیەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن ، لەوێشەوە هەژموون و دەسەڵاتی ناوەند وەكـ تەواوی پارێزگاكانی تری عێراق بەسەر هەرێمی كوردستاندا بچەسپێنن ! پرسیارەكە ئەمەیە ئایا بەغدا چۆن ئەتوانێ ئەم هەنگاوە بنێ یاخود كەلێن و كەموكورتیەكانی بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم لەچیدایە هێز بەبڕیارێكی لەم شێوەیە بدا ؟ ئاخۆ عەبادی وحكومەتی ناوەند لەكوێوە دەست بۆ ئەم پیلانە ئەبەن !؟ بەبڕوای بەندە حكومەتی ناوەند لەسێ ڕێگاوە ئەتوانن كاری لەسەر بكەن !


1- عەبادی و حكومەتی ناوەند تەواو دڵنیاو ئاگادارن كە لە ژێر دەسەڵاتی یەكێتی و زۆنی سەوز بەگشتی حەقیقەتێكـ هەیە كە ئەوان وەكـ پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگاو دەزگا ئیداریەكانی سنوری سەوز‌ خوازیارن مامەڵەی ئیداری و بواری خزمەتگوزاری ڕاستەوخۆ لەگەڵ خودی بەغدا بكەن نەكـ بگەڕێنەوە بۆ حكومەتی هەرێم ! لێرەوە ئەگەر ئامانجەكەی حكومەتی ناوەند وەكـ خۆی نەیەتەدی ئەوا گەڕاندنەوەی حكومەتی هەرێمە بۆ دوو ئیدارەو دوو دەسەڵاتی سەربەخۆی لاواز ‌بەرانبەر بەحكومەتی عێراق ودەسەڵاتە دەستوریەكانی عێراق و حكومەتی ناوەند لەوێشەوە بۆ وەڵاتانی دەرەوە !

2- عەبادی باش لەوەگەیشتووە كە هەرگیز پارتی و یەكیتی ئامادە نین تەواوی داهات و باج وخەراجی ناوخۆی ئیدارەكانی ژێر دەسەڵاتی هەردوولا ئاشكرا بكەن لەوێشەوە تەسلیمی بەغدا بكرێت ، چونكە لێرە پێش ئەوەی حكومەت سەرپەشتی بكات لەلایان بەرپرسە باڵاكانی پارتی ویەكێتیەوە ئیدارە ئەدرێت ! كەواتە ڕێكەوتن وگەیشتن بەخاڵی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەكێتی بۆ چۆنیەتی كۆكردنەوەو ڕەوانەكردنی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا دوور لەگەندەڵی و دەستێوەردانی حزبی زۆر ئەستەمە !

3- دیسان عەبادی و حكومەتی ناوەند بەرپرسانی ئەم دوو حزبە باش دەناسن كە ئەوان بەحوكمی پەیوەندیه شاراوەو ناشەفافەكانی هەردوولا چ وەكـ حزب یاخود كەسایەتی و بنەماڵە بەدەرەوەو وەڵاتانی ئیقلیمی بەشێكـ لەو داهات و هاوردەو هەناردەیان بۆ كۆنترۆڵ ناكرێت و هیچ لایەكیان ناتوانن پابەند بن بە ئەگەری هەر بڕیارو بەڵێنێكـ بەبەغدا و حكومەتەكەی عەبادی بیدەن ! هەر بۆیە پاساوی لە 17% بووجەی هەرێمی كوردستان وەكـ پێش مەرجێكـ بۆ ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بەبەغدا ئەوەندەی بۆ ڕاییكردن و ڕازیكردنی شەقامی كوردیە ئەوەندە مەبەستیان نیە وەكـ چارەسەری ڕیشی گرفتەكانی نێوان هەردوولا ئەخرێتە ڕوو ! چونكە هێشتا عەقڵێتی حزبی و مامەڵەی دەڤەرو پەیوەندیە حزبی و بنەماڵەییەكان بەدەرەوە ڕێگری حەقیقین لەبەردەم ئەم دەرچەیە ، لێرەوە گرەوی عەبادی و حكومەتی ناوەند و بڕیاربەدەستانی بەغدا براوەو سەركەوتووترە !!