لەبەئامانج گرتنی حزب الله بۆ بەشێكـ لەحەقیقەتی پرسەكە !

 

1- هیچ گومان لەوەدا نیە ئەوەی لێرەو لەوەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت هەریەكـ لە وەڵاتانی ( ئەمریكا ، ڕوسیا ، بریتانیا ، فەرەنسا ، ئەڵمانیا ، ئیسرائیل ، ئێران ، سعودیە ، توركیا ، میسر ) بەجۆرێكـ لەجۆرەكان پلان داڕێژەرو هاوبەش وهاوكاری یەكترن ، هەر بۆیە دەنگۆی شەڕو جەنگێكی تری ئیقلیمی شتێكی بێ پێشینەو سەیرو سەمەرە نیە ، چونكە ئەوە ڕوونە لەگەڵ قسەكردن لەسەر پاكتاوكردنی داعش و كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی ژێردەستی داعش لەعێراق وسوریا ئیدی ئەبێ وەڵات و جوگرافیاو گروپ و مەزهەبێكی تر بكرێتە ئامانج هەتا لەوێوە ‌بەهەماهەنگی وەڵاتانی ئیقلیمی درێژه بەپیلان و ئەجیندای وەڵاتانی‌ زلهێزان بدرێت !
:
2- ئامادەكاری و زەمینەخۆشكردنە بۆ ئەو گۆڕانكاریانەی كە بڕیارە لەناوچەكە ڕووبدات ، بیدعەی ناكۆكی وگرژیەكانی نێوان ئەمریكا وئێران وگۆڕانكاریە ناوخۆییەكانی سعودیەو دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆكـ وەزیرانی لوبنان لەسعودیە .. هتد پێكەوە بەرەو ئەو قەناعەتەمان ئەبات كە ئەوەی پێشبینی دەكرێت ئامادەسازیە بۆ گەڕێكی دیكەی شەڕو جەنگێكی تری ئیقلیمی ، چونكە بەنەمان وكۆتایی هاتنی ڕۆڵی داعش سەردەم وقۆناغێكی تر دێته ‌پێش جێاواز بەویتری تێپەڕ !
:
3- هەردوو وەڵاتی سعودیە وئێران بەسوود وەرگرتن لە پێگەی مێژوویی وهەڵكەوتەی جوگرافی وهێزو توانای سەربازی وئابوری ومەزهەبیەوە بوونەتە خاوەنی دووجەمسەری جێاوازو ناكۆكـ بەكتر ، ئەگەرچی لەئێستادا تەپڵی شەڕی نێوان ئێران وسعودیە لێدەدرێت‌ وەلێ ئەم شەڕە‌ شەڕی بەوەكالەتە لەنێوان ئەم دوو وەڵاتە ، هەر بۆیە هەتا ئەو كاتەی هەردوولا ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی یەكتر نەبنەوە لەوێشەوە خاكـ ونیشتمان وهاوڵاتیانی هەردوولا بكرێتە ئامانج ئەوجا ئەتوانین شەڕی حەقیقی و ڕووداوی كارەساتبار ببینین !
:
4- هەموو شەڕو كاولكاریەكان پێش ئەوەی شەڕی سیاسی وداگیركاری بێ ، شەڕێكی تەواو تەواو ئابوری و بۆ بەبازاركردن وساغكردنەوەی عەمبارو چەكـ و جبەخانەی وەڵاتانی زلهێزە كەساڵانە بۆ بەرهەمهێنان وخستنەبازاری كەرەستە سەربازیەكان بەهەزارەها دۆلار مەزەندە دەكرێت ، كەواتە بۆ بەگەڕخستنەوەی كۆمپانیاكان وبەردەوامی وەبەرهێنان جەنگـ وكوشتار وداگیركاری واقعێكی سەپێنراوە !
:
5- پێویستە موسڵمانان لەوە بگەن كە سعودیە وئێران بە هاندانی نێودەوڵەتی وپشت ئەستور بەپێگەی ئاینی ومەزهەبی و ئەو داهاتەی زۆرەی كەهەر وەڵاتەو بەناونیشان وتایبەتمەندی بەخۆی بۆیان هەڵكەوتووە و بەردەستە ، وەكـ دوو جەمسەری جێاوازو خۆكردنە خاوەنی ( سوننه ‌وشیعە ) لەیاریەكی نائەخلاقی و بیدعەیەكی ساختەی دوور لەهەموو بەهایەكی مرۆیی وخاڵی لەپەیامە ئاسمانیەكان و ناكۆكـ بەیاسا وڕیسا زەمینیەكان ئاگری دووبەرەكی وململانێی نێوان پێكهاتەكان ئیدارە ئەدەن ! لەوێشەوە بڕواننە بۆ ئەو بانگەشەو دروشم ودەنگە بەرزانەی كە لێرەو لەوێ بەرزدەبنەوەو بوونەتە سەرچاوەی ئاشوب وكێشە كەڵەكەبووەكانی ناوچەكە ! ڕوونتر بڵێین ئەوەی لەپشتەوەی بیدعەی مەزهەبی شیعەیە و دروشم و بانگەشەكانی ئەو ڕەوتەیە بەدرێژایی مێژوو هەر هەمان فیكر و ‌ پیلانە كەبەرپرسە لەداهێنان و داتاشینی ئەو دەیان ڕێكخراوو گروپەكانە بەوەش كە بەناوی ئایینەوە ملكەچ وفەرمانداری دەسەڵاتە ستەمكارەكانن ! ڕەنگە زەمەن و تێپەڕینی خێرای ڕۆژگار و پێچەوانەبوونەوەی هاوكێشەكان بۆیان ساغبكاتەوە كە ئەمەی نووسیمان ڕاست بوو !!
:
6- بەدووبارە خوێندنەوەی ئەو حەقیقەتانەی سەرەوە بڕوانه بۆ شەڕی داعش لە عێراق و سوریای ئەسەد بەناوی مەزڵومیەتی سوونە چی بەو پێكهاتە مەزهەبیەكرا لەكوشتن وزیندەبەچاڵكردن وئاوارەیی وهەڵهاتن وخنكان وپاكتاكردنی مەزهەبی ، دواجار بۆ یەمەن و حوسیەكان و حكومەتە كارتۆنیەكەی عبد ربه منصور هادی ! پاش دوو ساڵ لە جەنگـ و وێرانەو كاولكاری هێشتا نەتوانراوە یەكلایی بكرێتەوە ، هەربۆیە پریشكی دەگاته لوبنان وحزب الله و سەعد الحەریری !؟ واته لەجەنگی سوریا وداعش بۆ بەشار ئەسەد و ئێران و هاوخولگەكانی یەكلایی بوویەوە ، وەلێ لەیەمەن هەردوولا هاوتاو یەكسانن پێكەوە ‌براوەو دۆڕاون ، كەواته بۆ هاوسەنگیدان بەتای تەرازووی حەزو خەونەگڵاوەكانی زلهێزان ومانەوەی كرێ گرتەكانی ئێرە ئەبێ هاوشێوەی شەڕی تەمموزی ساڵی 2006ی نێوان حزب اللە و ئیسرائیل لەسەر حیسابی شكستی شیعەو جەنگێكی تری بەڕواڵەت براوە بۆ سوننیەكان كۆتایی بەم بەشەی دراماكە بهێنرێت !! .