كاتێك میدیاكان ئەجێندای بیركردنەوەمان دەگۆرن!

هەڵبژاردنەكانی ئێران بە نمونە

كورتەی تیۆرە بەناوبانگەكەی ئەجێنداسازیی دەڵێت: دەزگا میدیاییەكان ئەوەندە كاریگەرییان لەسەر بیركردنەوەی خەڵك هەیە، كە زۆرجار دەتوانن ریزبەندی بۆ ئەجێندای بیركردنەوە و بایەخدانەكانی جەماوەر بكەن، بەجۆرێك ئەو بابەتەی كە ئەوان قسەی زیاتر لەسەر دەكەن و تیشكی خەستوخۆڵی دەخەنە سەر و لە ریزبەندیی هەواڵەكاندا دەیخەنە سەرەتاوە، ئەو هەواڵ و راپۆرت و بابەتانە دەبنە جێبایەخی خەڵكی و گفتوگۆی رۆژانەیان، ئەو بابەتانەش كە دەزگا میدیاییەكان فەرامۆشی دەكەن و – لەبەر هەر هۆیەك بێت- گرنگی پێنادەن و نایخەنە ریزبەندیی یەكەمی هەواڵ و راپۆرت و شرۆڤەكانیان، وردە وردە لە بیر خەڵك دەچنەوە و نابنە بابەتی گرنگ و جێبایەخ.

رەنگە ناوەرۆكی ئەم تیۆرە تا رادەیەكی زۆر بەسەر روماڵی دەزگا میدیاییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بچەسپێت، كە چۆن دەزگا میدیاییەكانمان لە مونافەسە و كێبركێی میدیایدا خەریكە وا پیشانی بینەر و وەرگری پەیامی میدیایی بدەن، كە مونافەسەیەكی هاوشێوەی هەڵبژاردنە سروشتیەكانی وڵاتە دیموكراسیەكان بەرێوە دەچێت و كاندید و لایەنە سیاسیەكان بەشداری پرۆسەیەكی عەیار بیست و چواری دیموكراسیەت دەكەن، و رادەی سانسۆر و فشارو كۆنترۆڵە سیاسی و مەزهەبیانە نزیكە لە سفر !

ئەو میوزیك و ئیفێكت و پێشەكی و ترش و خوێیانەی روماڵ و بەرنامە و راپۆرتانەی لەسەر هەڵبژاردنەكان دەخرێنە روو، ئیحائێك بە بینەر و وەرگری پەیامی میدیایی دەدەن لە كەش و هەوای گشتی و ژینگەی هەڵبژاردنەكان، بە جۆرێك خەریكە ئەوەمان لەبیر ببەنەوە كە زۆرێك لە ئەنجامەكان هەر لەسەرەتاوە یەكلایی كراونەتەوە و رادەی ئەو فلتەرانەی كە بۆ كاندید بون و بەشدرای پرۆسەی هەڵبژاردن دانراون، ئەوەندەی نەماوە رادەی ئەو هەرەشە و فشارانەمان لەبیر ببنەوە كە بۆ بەشدرای زۆرەملێ لە هەڵبژاردنەكاندا دەكرێن و چۆن هاوڵاتی بە جۆرێك لە جۆرەكان ناچار دەكرێت بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكات ! بە كورتی ئەوەی لەو وڵاتە دەگوزەرێت و هەلمَەتی هەڵبژاردنەكان نە هاوشێوەی توركیایە نە لە هەڵبژاردنەكانی مالیزیاش دەچێت و نە دەشتوانێت لاسایی هەڵبژاردنەكانی وڵاتێكی وەك یۆنان بكاتەوە.

شێوازی ئەو روماڵانە دەرخەری ئەو راستیەن كە لەپشت دەزگا میدیاییەكانەوە ئەجێندایەكی تایبەت جێبەجێ دەبن و دەزگا میدیاییەكان – بە ئاگایی یان بێئاگایی - بەرژوەندیە فیكری و سیاسی و ئایدۆلۆجیەكانی ئاراستە و لایەنێكی سیاسی دیاریكراو جێبەجێ دەكەن و بە روماڵی خەست و خۆڵیان – یاخود فەرامۆشكردنیان بۆ بابەتێك – دەچنە خانەی خزمەتكردن و ئیبرازكردنی بابەتێكی دیاریكراو، كە ئەگەر ئەمان نەبونایە رەنگە وەك بابەتێكی پەراوێز كراو خوێندنەوەی بۆ بكرایە .