ھەر ئێوە نەبوون ... ؟

 

لەگەڵ دروست بوونی قەیرانی دارایی و پەككەوتنی بواری وەرزش بەشێوەیەكی گشتی و بڕینی مینحە و سەرچاوە داراییەكانی وەرزشی ھەرێم لەلایەن حكومەتەوە بەشێوەیەكی تایبەتی ، ڕووی راستەقینەی بەرپرسانی وەرزشی ئەم ھەرێمە دەركەوت ، كە ھەر بەرپرسە و بەپێ میزاجی خۆی دواتر لایەن و حزبەكەی لێكدانەوە بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە دەكات.

لەئێستادا بەرپرسانی وەرزشی ھەرێم كەوتونەتە سەنگەرگرتن لە یەكتر و ھەریەكە تۆمەت بۆ ئەوەی بەرامبەری دورست دەكات و ھۆكاری سەرھەڵدانی ئەم قەیران و وێرانكاریانەیش دەیخەنە ئەستۆی یەكتری ، دەپرسم ھەر ئێوە نەبوون لەكاتی خێر و خێرات و بوونی پارە لە قاسەكانتاندا دەستان خستبووە نێو دەستی یەكترو برا بەشی بەشتان دەكرد ؟ ھەر ئێوەنەبوون بەسەر پشتی حزبدا سەركەوتن و دواتر حزبتان وەلانا و باسی بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی خۆتانتان دەكرد ؟ باشە ئێوە نەبوون بەپارەی وەرزش بەیەكەوە گەشتان دەكرد بۆ ووڵاتان وێنەی سێڵفی تان پۆست دەكرد ؟ وابزانم ھەر ئێوەش بوون لەبەر زۆر ئیفاد وەكو ( قاز ) بەدوای یەكەوە وەستا بوون ؟ پێم وابێت ھەر ئێوە بوون لە میدیا كانەوە باسی غەدری پەرلەمان و لایەنە سیاسیەكانتان دەكرد دەرھەق بە وەرزش.

بەڵام ئێستا كە پارە نەما ھەمووتان پشتان لەیەكتر كرد و كەوتنە سەنگەرگردن لەیەكتر بەناوی دلسۆزی و خەمخۆری بۆ وەرزش ھەندێكتان تۆمەت دەبەخشن و ھەندێكتان موزایەدە دەكەن ، ھەموو ئەو وێرانكارییەانەی كەبەسەر وەرزشدا ھاتوە توانا و ڕووی راستەقینەی ئێوە دەردەخات ، ڕاستە كە دەڵێن مرۆڤ لە كاتی تەنگانە و لێقەوماندا بۆت دەردەكەوتێت ، فەرموون تەشریف بەرن گیرفان گەرمەكان ، كەرەم بكەن دڵسۆزەكان , لەخەو ھەستن خەیاڵەكان ، وەرزشی ھەرێم لێی قەوماوە و شكۆی شكاوە كوان ئێوە لە كوێن ، بەداخەوە خۆتان كەڕ و ڵاڵ كردووە وەك بڵی ھیچ روونەدابێت ، بەداخم لە ووڵاتێكدا دەژیم ئەگەر یاسا سەروەر بوایە ئێستا بەشی ھەرە زۆرتان لە زینداندا كۆتا رۆژەكانی دونیاتان بەرێدەكرد ، بەڵام چی دەڵێت لەم ووڵاتەدا بەرپرس و سەرۆكەكان پیرۆزی و سەروەری و تەواوی سیفاتە جوانەكانی یاسایان لە خۆیاندا كۆكردوەتەوە .