بانگەشەی گەرانەوە بۆ بەغدا

هەرچەند ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكی ماوەی بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان بەڵام هەر لە ئێستاوە تای هەڵبژاردن بەزۆر لە كاندید و پارتە سیاسیەكانەوە دیارەو هەریەكەیان بەشێوازی تایبەت دەستی كردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەمەش بە لێدوانی هەریەك لە پاڵێوراوان و پارتە سیاسیەكانەوە دیارە، ئەوەی لە كوردستاندا بەدی دەكرێت، سیما و تایبەتمەندی خۆی هەیە كە جیاوازە لەوەی لەناو عێراقدا هەیە، چونكە ئەو بارودۆخەی لە كوردستاندا دەگوزەرێت بەتایبەتی لەڕووی سیاسیەوە رەنگدانەوەی لەسەر بەرنامە و ئەجێندای پارتە سیاسیەكان و پاڵێوراوەكان هەیە، ئەوەی ئێستا لە كوردستاندا دەگوزەرێت بە درێژایی 27 ساڵی رابردوو لە لاوازترین قۆناغیدایە، چونكە لە ئێستادا پاش تێپەڕبوونی 27 ساڵا بەسەر حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، حكومەتی هەرێم پێگەیەكی لاوازی هەیە، پارتە سیاسیەكان گەشەیەكی ئەوتۆیان پێوە دیار نیە و هەر لە بازنە تەقلیدیەكەیاندا دەسوڕێنەوە، لەڕووی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتیەوە بارودۆخی كوردستان لە خراپترین دۆخدایە و هەڵوێستی حكومەتی ناوەند بەرامبەر كورد و هەرێمی كوردستان سلبیە و لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ناوەند وەك هەرێمێكی فیدراڵی سیاسی سەیری هەرێم ناكات و زۆربەی هەوڵەكانیشی بۆ لاوازكردن و دروستكردنی ئاژاوەو ناكۆكیە و ئامادە نیە مافە دەستوریەكان بە گەلی كورد بدات.
لایەنە سیاسیە كوردیەكان لەجیاتی ئەوەی كە خاوەنی ئەجێنداو پڕۆژەیەكی سیاسی ستراتیجی بن بۆ بەرەوروبوونەوەی بەغداد و بەدەستهێنانی زیاتری مافە مەدەنی و سیاسیەكان لە بەغدا و بەهێزكردنەوەی پێگەی كورد، بە پێچەوانەی هەموو ئەمانەوە زۆربەی بانگەشەو بەرنامەی هەڵبژاردنەكانیان بۆ روبەڕوبوونەوەی یەكتر و هێرشكردن و نەهێشتنی هیچ هێڵێكی سورە بۆ رێزگرتن لە بەرامبەرەكان، راستە ئەم هەڵبژاردنانە بەجۆرێك لە جۆرەكان بریتیە لە ململانێی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ بەڵام نابێت ئەو راستیامان لەبەرچاو ون بێت كە پرۆسەكە لە كۆی گشتیدا بریتیە لە هەڵبژاردنی كۆمەڵە نوێنەرێك كە نوێنەرایەتی كورد بكەن بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد لە بەغداد، واتە بەڕوویەكی تردا دەبێت بڵێین پڕۆژەی پارتە سیاسیەكان دەبێت یەكەمجار بۆ بەرەوڕوبوونەوەی بەغدا و رەخنەگرتن بێت لە هەڵوێستەكانی لە پێشێلكردنی مافە دەستوریەكان و كەم كردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم و ئامادەنەبوون بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستور و مامەڵەكردن لەگەڵا هەرێمی كوردستان لە روانگەیەكی ئەمنی عەسكەریەوە كە هیچ خاڵێك ناهێڵێتەوە بۆ پێكەوە ژیان و بەشداری سیاسی.
روبەڕوبوونەوەی پارتە سیاسیەكان و پاڵێوراوەكان لە هەرێمی كوردستان و بەزاندنی هەموو هێڵە سورەكان لەلایەكی ترەوە مەترسی گەورە بۆسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی دروست دەكات، چونكە هەرێمی كوردستان بەم بارودۆخەی كە ئێستا تیایدا دەژی بەتایبەتی كە دۆخێكی نا دەستوریە و زۆربەی خەڵك چەكدارە و دۆخی خراپی گوزەرانی هاوڵاتیانیش وایكردووە كە لەڕووی دەرونیەوە خەڵك لە حاڵەتێكی ئاسایدا نەبن، لەلایەكی تریش بەهۆی بارودۆخی چەند مانگی رابردوو هەست كردن بە تێكشكانی دەروونی خەڵك لە ناوچە جێناكۆكەكاندا، هەموو ئەمانە وا دەكەن ئەگەر بانگەشەی هەڵبژاردنیش لەم سەرەتایەوە بەوجۆرە نا بەرپرسیارێتی و بچووكی و بێ‌ بەرنامەییەوە دەست پێ‌ بكات، دواجار مەترسی لەسەر ئەوە دروست بكات كە دۆخی هەرێمی كوردستان بەرەو توندوتیژی بەرێت، چونكە ئەوەی لەم سەرەتایەوە هەست پێدەكرێت پارتە سیاسیەكان خاوەنی بەرنامە و پلانێكی ستراتیجی نین بۆ ئەم هەڵبژاردنە، كە لەراستیدا خاڵێكی وەرچەرخانی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و بەدەستهێنانی مافە دەستوریەكانی گەلی كورد، چونكە ئەوەی بەدی دەكرێت لە ئێستادا هیچ پارتێك لەگەڵا ئەوی تردا هاوپەیمانیەتێكیان نیە و هەریەكە بۆخۆی هەوڵی بەدەستهێنانی كورسی و دەنگی زیاتر دەدات بۆ ئەم مەبەستەش هەرچی لە بەرژەوەندی خۆیدا بێت دەیكات و هەرچیش بۆی بكرێت لە شكاندنی بەرامبەر ئەنجامی دەدات.
بەمەش ئەوەیان لەبیر چۆتەوە كە هەڵبژاردن دەبێت شەڕكردن بێت لەلایەك لەپێناو بەدەستهێنان و چارەسەری گرفتەكانی هاوڵاتیان لەڕووی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە باشكردنی گوزەران و مووچە و خزمەتگوزاریەوە هەیە، لەلایەكی تریش بۆ كورد لە هەرێمی كوردستاندا دەبێت خۆ ئامادەكردن بێت بۆ قۆناغی داهاتوو بۆ روبەڕوبوونەوە لەگەڵا بەغداد بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوریەكان، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەبینرێت زۆر بە كەمی لە لێدوان و بەرنامەی پارتە سیاسیەكاندا ئەو دوو خەمە هەست پێدەكرێت و هەریەكەیان لە چوارچێوەی خەمی بچوكدا كار دەكەن كە تەنها سەرخستنی پاڵێوراو و حیزبەكانیانە، ئەمەش جەماوەر بە گشتی نائومێد دەكات و دوور نیە كاردانەوەی خراپی بەرامبەر بە هەڵبژاردنەكە هەبێت.