ئه‌و كاته‌ی وه‌كـ ده‌رچه‌یه‌كـ له‌قووڵایی جێاوازیه‌كان‌ ده‌ڕوانی !!

بۆ ئه‌وه‌ی له‌حه‌قیقه‌تی بابه‌ته‌كه‌ تێ بگه‌ین وهه‌ر به‌و ساده‌یی وساناییه‌ ته‌سلیمی بیركردنه‌وه‌ی خه‌یاڵ پڵاوی وفریشته‌ ئاسا نه‌بین كه‌بۆچی موسڵمانان خاوه‌نی ئه‌م ئاینه‌ جوان وبێگه‌ردن كه‌چی له‌نێوانیاندا جێاوازی ودووبه‌ره‌كیه‌كی تاڵ ودژوار هه‌یه‌ ! یان وا بزانین ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌نێوان موسڵماناندا ده‌گوزر‌ێت ته‌نها له‌كاڵفامی واقیعی ئێستایاندا سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌و وێنه‌ وبه‌سه‌رهاتێكی له‌م چه‌شنه‌ هه‌رگیز له‌مێژوودا نه‌هاتووه‌ وڕووینه‌داوه‌ ! ده‌چینه‌ خزمه‌تی قورئانی پیرۆز و له‌به‌شێكـ له‌ئایه‌ته‌كانی تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین ، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت : ( وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِلْعَالِمِينَ ) سوره‌تی الروم ،، )وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَجَعَلَ النَّاسَ أُمَّةً وَاحِدَةً ۖ وَلَا يَزَالُونَ مُخْتَلِفِينَ ) سوره‌تی هود ،، ﴿ فاخْتَلفَ الأحْزابُ مِنْ بينِهم ﴾ سوره‌تی مریم ،، ( إنَّكُم لفِي قولٍ مُخْتلِف ) سوره‌تی الذاریات ,, ( ياأيها الناس إنا خلقناكم من ذكر وأنثى وجعلناكم شعوبًا وقبائل لتعارفوا ) سوره‌تی الحجرات ,, ( وَفِي الْأَرْضِ قِطَعٌ مُتَجَاوِرَاتٌ وَجَنَّاتٌ مِنْ أَعْنَابٍ وَزَرْعٌ وَنَخِيلٌ صِنْوَانٌ وَغَيْرُ صِنْوَانٍ يُسْقَىٰ بِمَاءٍ وَاحِدٍ وَنُفَضِّلُ بَعْضَهَا عَلَىٰ بَعْضٍ فِي الْأُكُلِ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِقَوْمٍ يَعْقِلُونَ ) سوره‌تی الرعد ،، ( إنَّ رَبَّكَ يَقْضِي بينهم يوْم القِيامةِ فيما كانوا فيهِ يخْتلِفون ) سوره‌تی یونس . 

ئه‌گه‌رچی به‌م چه‌ند ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ له‌ده‌رگای بابه‌ته‌كه‌مانداوه‌ ، وه‌لێ هه‌ر وه‌كـ وخۆی و به‌بێ ئاماژه‌ یاخود ڕاڤه‌كردنی ئایه‌ته‌كان گه‌ره‌كمه‌ له‌ده‌رگا وپه‌نجه‌ره‌یه‌كی تره‌وه‌ بچمه‌وه‌ ژووره‌وه‌ ، هه‌رچی ڕاڤه‌ ولێكدانه‌وه‌ی ئایه‌ته‌كانه‌ بۆ زه‌مه‌ن وبه‌سه‌رهات وچركه‌ساتی هۆكاری دابه‌زینی ئایه‌ته‌كان به‌جێدێڵم ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ ڕاو تێگه‌یشتن وخوێندنه‌وه‌ی جێاوازی ڕاڤه‌كارانی بواری زانستی ڕاڤه‌كردن له‌كۆن ونوێدا ، دیسان وه‌كـ به‌شێكـ له‌و حه‌قیقه‌ته‌ی كه‌ له‌كۆتا ئایه‌تدا هاتووه‌ خوای گه‌وره‌ به‌پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی ده‌فه‌رموێت صل الله علیه وسلم ( ئه‌ی محمد به‌دڵنیاییه‌وه‌ په‌روه‌ردگاری تۆ له‌ڕۆژی قیامه‌تدا بۆ خۆی له‌و شتانه‌ی كه‌ ناكۆكـ وجێاوازن داوه‌ریان ده‌كات ) .
خه‌ریكم بڵێم ئه‌م جێاوازی وڕاجیایی وفره‌ییه‌‌ حاڵه‌تێكی سروشتی وئاساییه‌ وبه‌درێژبوونه‌وه‌ی زه‌مه‌ن و ڕۆژگار وپانی پۆڕی له‌ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌م ئاینه‌ به‌نێو گه‌لانی جیهاندا وپێشكه‌وتن وگه‌شه‌كردنی بیرو تێروانینی كۆی مرۆڤه‌كان به‌گشتی درێژه‌ی ئه‌بێ وبه‌رده‌وامه‌ هه‌تا هه‌ڵسانی قیامه‌ت ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ گه‌یشتنه‌وه‌مان به‌به‌رده‌م داد ودادگه‌ری گردگار كه‌ئیدی هیچ داوه‌ریه‌كـ له‌داوه‌ری په‌روه‌ردگار دادگه‌رانه‌تر نیه‌و قسه‌و ڕایه‌كی تر نامێنێته‌وه‌ بۆ وتن !
لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر ڕا جیایی وجێاوازی به‌گشتی به‌واتای نه‌گه‌یشتن به‌ڕێكه‌وتن وپێكهێنان بێ ، یان به‌دووری وفراوانی نێوان تێگه‌یشتنه‌كان له‌یه‌كتر پێناسه‌ بكرێت ، یاخود له‌ ئه‌نجامی لێكـ نه‌چوون ولێنه‌چووی ڕاو سه‌رنج وتێڕوانینی ئه‌و به‌ئه‌ویتره‌وه‌ بناسرێته‌وه‌ ! له‌وێشه‌وه‌ بوون وهاتنه ‌ئارای جێاوازیی وڕاجیایی نێوان موسڵمانان بگه‌ڕیته‌وه‌ بۆ سروشتی فره‌یی بوون وجێاوازی نێوان بیركردنه‌وه‌ وتێفكرینی خودی موسڵمانان به‌درێژایی مێژووی هه‌زار وئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ی ئه‌م ئاینه‌ كه‌ دوا په‌یامی ئاسمانه‌ وبۆ ته‌واوی مرۆڤایه‌تی دابه‌زیوه‌ ولێره‌وه‌ بۆ كۆتایی دونیاش به‌رده‌وامه‌ ! كه‌واته‌ ئێمه‌ له‌به‌رده‌م دوو حه‌قیقه‌تداین‌ :
:
1- په‌یامێكـ كه‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلامه‌ مێژووی هاتن ودابه‌زینی ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ هه‌زار وئه‌وه‌نده‌ ساڵ ، تیایدا به‌شێكی زۆر وفراوانی له‌حوكم وسنووره‌كانی له‌چوار چێوه‌ وبازنه‌ی – المتغیرات فی الدین – دا‌ هاتووه‌ وبه‌درێژبوونه‌وه‌ وتێپه‌ڕێنی ڕۆژگار ئه‌م به‌شه‌ی حوكم وجێاكردنه‌وه‌ی حه‌ڵاڵ له‌حه‌رام نه‌رم وئاوكێش تر ئه‌بێ‌ ! واته‌ به‌ئه‌ندازه‌ی قسه‌كردن و وه‌ستان له‌سه‌ر لێكدانه‌وه‌ وگه‌یشتن به‌ڕێگا چاره‌ی ئه‌م پرسانه‌ مشتومڕو وڕاجیایی ئه‌خاته‌وه‌ ، ئه‌وكات ڕاده‌ی قبوڵكردنی یه‌كتر و كاردانه‌وه‌كان په‌یوه‌ست ئه‌بێته‌وه‌ به‌ئاستی تێگه‌یشتن وحیسابكردن بۆخوێندنه‌وه‌ی جێاواز و بوونی واقیعێكیتر كه‌زیاتر ته‌عبیره‌ له‌ڕا وسه‌رنجێكی تری سه‌رده‌میانه‌ ده‌كات ، ئه‌شێ یان ته‌واو یاخود به‌ئه‌ندازه‌ی وه‌رگرتن وڕه‌ددكردنه‌وه‌ی جێاواز وپێچه‌وانه‌ی ڕابووردوو بێ !
:
2- به‌شێكـی تر له‌و جێاوازی وجێاكاریه‌ وه‌كـ حه‌قیقه‌تی دووه‌م بارگاویه به‌نشینگه‌ی ئاو وهه‌واو وجوگرافیای جێاوازای نێوان گه‌لانی موسڵمانان به‌یه‌كتر كه‌ له‌شوێن وجێگایه‌كـ بۆ ئه‌ویتر ده‌گۆڕدرێت ، یاخود له‌ئه‌نجامی گۆڕانكاری له‌هۆكارو ئه‌نجامه‌كان وه‌كـ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كـ بۆ خواست وداواكاری ئه‌و زه‌مه‌ن وسه‌رده‌مه‌ گۆڕانكاری خواستوه وگۆڕانكاری به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ ! واته‌ به‌بیركردنه‌وه‌ی جێاواز وتێگه‌یشتنی جێاواز ودیتنی پرس ودیارده‌كان به‌جێاوازی ،‌ ڕاڤه‌ی جێاواز و ڕا و ڕای جێاواز ئه‌خاته‌وه‌ ، لێره‌وه‌ ئه‌م گۆڕانكاریه‌ بۆ به‌شێكـ له‌موسڵمانان مایه‌ی قبوڵ نه‌بووه ‌وجێاوازی لێكه‌وتۆته‌وه‌ ! كه‌ به‌گروپ وقوتابخانه‌ ومه‌زهه‌ب وڕێكخراوو حزب ولایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ڕه‌نگی گرتووه‌ ! ئه‌مه‌یان وه‌كـ چۆن بۆ ئێستا ڕاسته‌ به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ڕابووردووش ڕاستبووه‌ وهه‌روه‌كـ به‌درێژبوونه‌وه‌ی كات وبه‌رده‌وامی ژیان ڕاستیه‌كی حه‌تمیه‌ ئاینده‌شه‌ !
كه‌واته‌ جێاوازی منی ئێستا وئه‌ویتری ڕابووردووی جێاواز وئه‌وه‌شی كه‌ له‌داهاتوودا وه‌كـ ئێمه‌ی ئێستای جێاواز بیرده‌كاته‌وه‌ وبه‌هه‌مان شێوه‌ له‌ده‌ق وفه‌رمووده‌كان ده‌ڕوانێ له‌گه‌ڵ زانایان وخواناسانی ئه‌م ئوممه‌ته‌ له‌وه‌دایه‌ ئێمه‌ به‌چاو وبیرێكی ته‌سكه‌وه‌ له‌جێاوازه‌كان ده‌ڕوانین وهه‌میشه‌ هه‌وڵمانداوه‌ له‌جێاوازی ڕاو فه‌توایه‌كی جێاوازدا تۆوی دووبه‌ره‌كی ویه‌كتر به‌نه‌فره‌تكردن بچێنین له‌وێشه‌وه‌ بۆ قووڵتركردنه‌وه‌ی جێاوازیه‌كان وبه‌ریه‌ككه‌وتنی قوتابخانه ‌وگروپه‌ ده‌عه‌وی وفیقهیه‌كانه‌وه‌ !
به‌داخه‌وه‌ به‌شێكـ له‌ئێمه‌ی موسڵمان به‌ده‌ستگرتن ونووساومان به‌جۆرێكـ له‌بیركردنه‌وه‌ وقوتابخانه‌ وسه‌رمه‌زهه‌بێكی دیاریكراو ئیدی هه‌موو ئیسلام ومێژووی موسڵمانانمان له‌قاڵبداوه ‌ویه‌كسانكردۆته‌وه‌ به‌و بیرو وتێڕوانینه‌ی كه‌ بۆ خۆمان تاشیومانه‌ وپێوه‌ی پابه‌ند بووین ، كاره‌سات وماڵوێرانی گه‌وره‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌وانیتری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ناوونیشان ولۆگۆ وتایتڵه‌ فڕێدراونه‌ته‌ ‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ گه‌وره‌و فراوانه‌كه‌ی ئیسلام وهه‌ر له‌م ‌دونیایه‌دا دۆزه‌خێكمان بۆ تاووداوون ! وه‌لێ خه‌مخۆران وزانایانی به‌ئه‌مه‌كـ ودڵسۆزانی پێشین بۆیه‌ جێاواز وجێكاری یه‌كتربوون هه‌تا له‌په‌نای ده‌قێكی گشتگیر وسێبه‌ر وسایه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی تر بۆ ده‌ققه‌كان ولێكدانه‌وه‌یه‌كی تری ماناكانی هه‌تا ده‌گاته‌وه‌ به‌پێوه‌ركردنی ئه‌وكاتی پرسه‌كان به‌لێچووی ده‌ققه‌كانی ڕابووردوو یاخود به‌هاوتاكردن ونزیكردنه‌وه‌ی پرس و ڕووداوو گرفتێكیتر‌ به‌هاوشێوه‌كانی ، ده‌رچه‌یه‌كـ بۆ گرفت و وه‌ڵامێكـ بۆ داخوازی وداواكاریه‌كانی سه‌رده‌م بدۆزنه‌وه‌ ، ئه‌وان به‌وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی سه‌رده‌می خۆیان ڕۆحێكی تازه‌ی زیندوویان به‌ده‌ققه‌كانی ڕابوودوو كردۆته‌وه‌ وهه‌میشه‌ ئێستایان به‌‌‌ڕابووردوو گرێداوه‌ ونه‌یانهێشتووه‌ دووروو وته‌را و ناته‌بابن ، به‌ڵكو مایه‌ی ئومێد وشانازیكردن بوون بۆ داهاتوو ! ئه‌وه‌تا ئیمامی شافیعی به‌ڕه‌حمه‌ت بێ ئه‌فه‌رموێت : ( رأي صواب يحتمل الخطأ ، ورأي غيري خطأ يحتمل الصواب ) ! واته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌لای منه‌وه‌ ڕاسته ‌وپێكاومه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ ‌خوێندنه‌وه ‌وڕایه‌كیتر هه‌ڵناگرێ ، هه‌روه‌كـ بۆ ئه‌وانیتر به‌پێچه‌وانه‌وه‌‌ ڕاسته‌ ! به‌مانایه‌كی تر مه‌رج نیه‌ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی من بووبێ ئه‌وانیتر وه‌كـ خۆی لێی تێ بگه‌ن ! یاخود ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی من ئه‌مه‌وێ ومه‌به‌ستی منه‌ ، مه‌به‌ست وتێگه‌یشتنی ئه‌وانیتر بووبێ !!