ڕاڕایی وناڕوونی سیاسه‌تی ئه‌مریكا له ‌عێراق و سوریا بۆ !؟

تره‌مپ به‌پێچه‌وانه‌ وجێاواز به‌كاندیده‌كانی تری پێشووتری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا كه‌سایه‌تیه‌كی ته‌واو بزنسمانی دوور له‌ پێشینه‌ وئه‌زموونی سیاسیه‌ ، واته‌ پێش ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت بكات ئه‌و بازرگان وبزنسمانێكی تینووی پاره‌یه ‌‌! هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و وه‌كـ كاراكته‌رێكی بزنسمان‌ ده‌ڕوانێته‌ سیاسه‌ت وله‌وێشه‌وه‌ بۆ ده‌رچاندن ویه‌كلاكردنه‌وه‌ی بڕیار وهه‌ڵوێسته‌كانی ! ئه‌مه‌ش دژ وناكۆكه‌ به‌سیاسه‌تی باوو پێشووی سیاسیه‌كانی وه‌ڵاته‌ یه‌كگرتوووه‌كانی ئه‌مریكا كه‌هه‌میشه‌ سیاسیانه‌ سیاسه‌تی ئابوریان به‌ڕێوه‌ بردوه‌ ! ئه‌وه‌تا سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئێستای ئه‌مریكا به‌ئاشكرا وله‌به‌رده‌م ئاپۆڕا‌ی جه‌ماوه‌ریی ولایه‌نگرانی حزبه‌كه‌ی له‌ویلایه‌تی میشیگان ڕایگه‌یاند : ئێوه‌ بیهێنه‌ به‌رچاوی خۆتان كه‌ ئێمه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌به‌رانبه‌ر هیچ ده‌سكه‌وتێكـ حه‌وت ملیار دۆلارمان خه‌رجكردوه ‌! كه‌چی هه‌ندێ وه‌ڵاتی هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی جیهان - مه‌به‌ستی وه‌ڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی – ئه‌ڵێن به‌داوای لێبوردنه‌وه‌ ئێمه‌ ماندووبووین ونامانه‌وێ پاره‌ ببه‌خشین ! مه‌به‌ستمه‌ بڵێن پاش وپێشخستنی دوانه‌ی سیاسه‌ت وبازرگانی به‌پێچه‌وانه‌ی شوێن وئه‌و چركه‌ساته‌ی كه‌ئه‌مه‌یان به‌دوای ئه‌ویتردا ڕیزبگرێ ، ئه‌وه‌نده‌ ئاسه‌وار ولێكه‌وتی خراپی به‌دوادا دێ ! له‌وێشه‌وه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ده‌یان نیشانه‌ی پرسیارو سه‌رسوڕمان كه‌ به‌شه‌ن وكه‌وكردنی چاودێران درێژه‌ی هه‌بێ !

:

به‌پێی به‌ڵگه‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگری خودی (C I A) ئه‌مریكا سه‌لمێنراوه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی دزه‌كردن وهاتنه‌ ژووره‌وه‌ی ئامێر وكۆمپیوته‌ره‌كانی تایبه‌ت به‌ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌نێوان ( دۆناڵد تره‌مپ ، هیلاری كلینتۆن ) به‌ڕێوه‌چوو ، یاری به‌ڕێژه‌ وژماره‌ی ده‌نگه‌كان كراوه‌ وئه‌نجامه‌كه‌ی به‌به‌رژه‌وه‌ندی تره‌مپ شكێنراوه‌ته‌وه‌ ، بۆ ئه‌مه‌ش په‌نجه‌ی تۆمه‌ت وساخته‌كاری بۆ ده‌زگا سیخوڕی وهه‌واڵگیریه‌كانی ڕوسیا درێژده‌كرێت ، گوایه ئه‌م ده‌زگایه‌ له‌پشت سه‌رخستن وده‌رچاندنی سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مریكایه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ له‌سه‌ره‌تا وپاش ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ وسه‌ركه‌وتنی دۆناڵد تره‌مپ‌ وه‌كـ سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا به‌شێكـ له‌ دانیشتوانی شاره‌ گه‌وره‌ وگرنگه‌كانی ئه‌و وه‌ڵاته‌ خرۆشانه‌ سه‌رجاده‌كان وبۆ ماوه‌ی زیاتر له‌مانگێكـ خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی ودروشمی لادان ونه‌خێر بۆ سه‌رۆكی تازه‌ی هه‌ڵبژێردراویان به‌رزكرده‌وه‌‌ ! به‌مه‌ش درز وكه‌لێنی گه‌وره‌ كه‌وته‌ نێو دام وده‌زگاكانی حكومه‌ت به‌هه‌موو ئاسته‌كانیه‌وه‌ ، كه‌ هه‌ر زوو‌ به‌گۆڕین ولادان وده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی چه‌ندین به‌رپرس وئه‌فسه‌ری باڵا ته‌رجه‌مه‌ی ئه‌رزی واقیع بوو ! واته‌ به‌ئه‌ندازه‌ی گه‌وره‌تربوونی كون وكه‌له‌به‌ره‌كانی نێو به‌رپرسانی باڵای حكومی وئه‌منی وهه‌واڵگیری ، كاریگه‌ری پێچه‌وانه‌ ونه‌رێنی به‌ئیداره‌دان وسیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ وپه‌یوه‌ندیه‌ دیبلۆماسیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ به‌ڕوونی دیاره‌و وئه‌بینرێ !!

به‌درێژایی ئه‌م سی ساڵه‌ی پێشوو كه‌ ڕێكـ مه‌به‌ستم كۆتایی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابووردووه‌ ، هه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ره‌س هێنانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران وهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی وه‌ڵاتانی سه‌ر به‌ بلۆكـ وجه‌مسه‌ری ڕۆژهه‌ڵات كه‌ ئه‌و كات یه‌كێتی سۆڤیه‌ت سه‌رپه‌رشتی ده‌كردن ، ئیدی جیهان له‌به‌رده‌م هه‌ژموون وپێشڕه‌ویه‌كانی تاكـ لایه‌نه‌ی ئه‌مریكا ته‌خت وسارا بوویه‌وه‌ وبه‌ویست وئاره‌زووی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ كاری له‌سه‌ر خوڵقاندنی قه‌یران وئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كانی ده‌كرد ، هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ درێژبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان وپه‌ره‌سه‌ندنی كێشه ‌وگرفته‌كانی ئه‌م دوایه‌ی وه‌ڵاتان به‌تایبه‌تی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌وێشه‌وه‌ بۆ فراوانی به‌ره‌كانی جه‌نگـ وكاولكاری ده‌ستێوه‌ردانی سوپای ئه‌مریكا ، ئیدی له‌به‌رانبه‌ردا چ له‌ئاستی جیهان یاخود وه‌ڵاتانی گیرخواردوی شه‌ڕو وقه‌یرانه‌كانی هێنایه‌وه‌ سه‌رخه‌ت وگیانی بگژاچوونه‌وه‌ وبه‌رگریكردنی لای حكومه‌ت وگه‌لانی ناوچه‌كه‌ی‌ بووژانده‌وه‌ وهێزه‌كانی ئه‌مریكا ومۆڵگه‌ وسه‌ربازگه‌كانی ئه‌و وه‌ڵاته‌ كرایه‌ ئامانج و ڕووبه‌ڕووی به‌ره‌نگاریه‌كی سه‌خت ودژه‌ جه‌نگی پێچه‌وانه‌وه‌ بوویه‌وه‌ ، كه‌ به‌هه‌ڵسانه‌وه‌و گوڕدانه‌وه‌ به‌هێز وتوانا سه‌ربازیه‌كانی سوپای ڕوسیا وچین وبه‌شێكی تر له‌وه‌ڵات وڕێكخراوه‌كانی ‌هاوخوڵگه‌ی بلۆكی دژه‌ ئه‌مریكا ڕه‌نگیگرت ! واته‌ چیتر ڕوسیا وچین ناتوانن وه‌كـ ڕابووردوو ته‌نها ڕۆڵی ته‌ماشاكار بگێڕن یان هاوكار وبێ لایه‌ن بن له‌گرفت وقه‌یرانه‌كانی جیهان ، هه‌ر بۆیه‌ پێده‌چێت به‌شێكـ له‌تاریكی وناڕوونی له‌سیاسه‌ت وپه‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕۆڵی كارا وئاماده‌یی هه‌ر یه‌كـ له‌ڕوسیا وچین له‌ ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست !

به‌بڕوای به‌نده‌ به‌شێكی تر له‌م سیاسه‌ته‌ ئاڵۆز ونادیاره‌ی ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بوون وهه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی وه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ وخاوه‌ن هێز وپێگه‌ له‌ڕووی سیاسی وئابوری وسه‌ربازی وه‌كـ توركیا ، ڕه‌نگه‌ به‌لای ئه‌مریكیه‌كانه‌وه‌ ڕاگرتنی په‌یوه‌ندیه‌كانی توركیا وڕۆیشتن له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتیه‌كانی توركیا بۆ ئه‌م قۆناغه‌ وئێستای سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا گرنگـ وجێ بایه‌خ بێ ، واته‌ ئه‌گه‌ر له‌ڕابووردوودا وپێش دووساڵ به‌لای ئه‌مریكیه‌كانه‌وه‌ ‌ڕوخاندنی حكومه‌تی توركیا ولادانی حزبی ئاكپارتی له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات مه‌به‌ست وئامانجێكـ بووبێ ، ئه‌وا ئیدی به‌ده‌ركه‌وتنی هێز وقورسایی ڕوسیا له‌ناوچه‌كه‌ وپشتگیریكردنی ڕوسه‌كان بۆ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمێه‌كه‌ی ئێران وفراوانخوازیه‌كانی مه‌زهه‌بگه‌رای شیعه‌ ، ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی بۆ ئه‌مریكییه‌كان دروست كردبێ كه‌ وه‌ڵاتێكـ له‌ناوچه‌كه‌ مابێته‌وه‌ وبتوانێ هاوسه‌نگی به‌هێزه‌كان بداته‌وه‌ وڕێگربێ له‌ یه‌كلایی نه‌بوونه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ بۆ ڕوسیا وله‌وێشه‌وه‌ بۆ باڵاده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ئێران وگروپه‌ شیعه‌كان‌ ئه‌وا ‌توركیا وحكومه‌تی ئاكپارتی ئه‌بێ ! هه‌ر بۆیه‌ له‌ناكاو وبه‌گۆشه‌ی سه‌دوهه‌شتا پله‌ سیاسه‌تی خۆی گۆڕی به‌رانبه‌ر به‌ڕژێمی سوریا وهێز وده‌سه‌ڵاتی كانتۆنه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان و له‌وێشه‌وه‌ هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وز بۆهێرشی سوپای توركیا كه‌ به‌داگیركردنی عه‌فرین وناوچه‌كانی تری ژێرده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان كۆتایی هات !! ئه‌م هه‌ڵوێست وبادانه‌وه‌یه‌ی ئه‌مریكا به‌لای چاودێرانه‌وه‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمان وچاوه‌ڕوان نه‌كراوو بوو ! كه‌ ڕه‌نگه‌ یه‌كێكـ بێ له‌و هۆكارانه‌ی كه‌‌حه‌قیقه‌تی ناجێگیری وناڕوونی سیاسه‌تی ئه‌مریكای وه‌ده‌رخست !

خاڵی تر كه‌ گومان ودوودڵی هه‌ڵناگرێت ئه‌مریكاش وه‌كـ هه‌ر وه‌ڵاتێكی تری جیهان وخاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی ستراتیژی له‌ناوچه‌كه‌ ، ڕاسته‌وخۆ بێ یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌ستی هه‌یه‌ له‌پشتگیریكردن وهاوكاری به‌شێكـ له‌و ترۆر وتۆقاندنه‌ ڕێكخراوه‌ی‌ ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیان ، كه‌ به‌داخه‌وه‌ بوونه‌ته‌ مۆته‌كه‌ی مه‌رگـ وكاولكاری ، ڕه‌نگه‌ پاش هاتنی دۆناڵد تره‌مپ وگۆڕانكاریه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ وگۆڕینی ڕوخسارو ڕه‌نگی سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا ئیدی به‌جۆرێكـ له‌جۆره‌كان ڕۆڵ وئه‌ركی ڕێكخراوه‌كان گۆڕدرابن ، یاخود وه‌كو پێویست نه‌توانن ئه‌ركی ئه‌م قۆناغه‌ ڕاپه‌ڕینن ، لێره‌وه‌ به‌هاوكاری وخۆنزیكردنه‌وه‌ی له‌توركیا وحكومه‌تی ئاكپارتی وپشتكردن له‌ئێران وگروپ وحزبه‌كانی هاوخولگه‌ی شیعه‌كان ، له‌به‌رانبه‌ردا ڕوسیا هاوكار وهانده‌ری ئێران وسیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی تاران بێ ، پێكه‌وه‌ بیانه‌وێ جه‌نگێكی تر له‌نێوان توركیا وئێران به‌رپابكه‌ن ، به‌مه‌ش وه‌كـ پشیله ‌ومشكه‌كه‌ فلیمی بگره‌ وبه‌رده‌ی شه‌ڕ به‌رده‌وام بێ ، كه‌ به‌بازاڕی چه‌كـ كڕین وهه‌ڵ لووشینی داهات وسامانی ناوچه‌كه‌ دابین ئه‌كرێت وئاگری بۆ خۆشده‌كرێت ، به‌داخه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ له‌سه‌ر حیسابی خوێنی گه‌لانی ( كورد ، عه‌ره‌ب ، توركـ ، فارس ، كه‌مه‌ ئاینی ونه‌ته‌وه‌كانی تر ) وكاولكاریه‌كی تر درێژه‌ به‌سیاسه‌تی شه‌ڕه‌نگیزی بده‌ن !! له‌وێشه‌وه‌ جه‌نگێكی تری ئیقلیمی به‌وه‌كاله‌ت له‌نێوان توركیا وئێران ئاماده‌ وسازكرابێت !!
خه‌ریكم بڵێم هاتنی هێزێكی سه‌ر به‌سوپای ئه‌مریكا بۆ شه‌نگال ، له‌شكركێشی توركیا بۆ ناوخاكی هه‌رێم ، ساغ نه‌بوونه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ ئابڕووبه‌ره‌كه‌ی ئه‌م دوایه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ، مانه‌وه‌ وده‌رچاندنی ئه‌و هێز ولایه‌ن وكه‌سایه‌تیانه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ری كه‌وتن ودۆڕانیان لێ ئه‌كرا ، به‌تایبه‌تی ئه‌و كاراكته‌ره‌ ده‌روون به‌زیوانه‌ی كه‌ ته‌نها بۆ مانه‌وه‌ ودواخستنی چه‌ند ڕۆژێكی تر له‌ئیرحه‌ل وله‌ناوچوونیان ئاماده‌ی هه‌موو قوربانیه‌كن ته‌نانه‌ت به‌بێ لێده‌ركردن ، ئاڵۆزبوون وتێكچوونی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ته‌واوی حزب ولایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق به‌كوردیشه‌وه‌ ، ڕێكه‌وتنی تازه‌ی نێوان ئه‌مریكا وتوركیا له‌سوریا و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ پشتگیركردنی هێزه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان ، تووندبوونه‌وه‌ی گرژیه‌كانی ئه‌مریكا وئێران ودژایه‌تیكردنی زیاتری ئه‌مریكا بۆ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی ئێران .. هتد شیمانه‌ی جه‌نگێكی تربێ !!