بەسە با پارەی توركیا و ئێران بۆ ئێمەش بێ!

 
زیاتر لە 25 ساڵە هەرێمی كوردستان دەرگای واڵایە بۆ بازرگانان و كۆمپانیا و كاڵا بیانیەكان،بە تایبەت بۆ وڵاتانی دراوسێ ئەوان چەندین ساڵە خێر لە پارەی كوردستان وەردەگرن و بۆخۆیانی دەبەن و كوردستانیان كردۆتە بازاڕێكی باشی ساخكردنەوەی بەرهەم و كاڵاكانیان.
كۆمپانیا بیانیەكان بە تایبەت كۆمپانیا و بازرگانانی بیانی بە تایبەت ئێران و توركیا كە هەردووكیان زیاتر لە 2 هەزار كۆمپانیایان لە كوردستان و بازاڕەكانی كوردستانیش زۆربەیان بەرهەمی ئێران و توركیایە، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە حكوومەت ناچاریان بكات بكات بۆ ئەوەی تەنها پارەی كوردستان نەبەنە دەرەوە بەڵكو پڕۆژەی ستراتیژی بونیات بنێن و كارگەكانیان لە كوردستان بكەنەوە، چونكە ئەوان قازانج لەم وڵاتە دەكەن و دەبێت پارەكانیشیان بۆ كوردستان بێت.
بەم سیاسەتە هەم كۆمپانیا بیانیەكان قازانجیانە و هەمیش هەرێمی كوردستان قازانجیەتی، ئەوان بەردەوام دەبن لە بازرگانی و كاری خۆیان و قازانجی خۆیان، هەرێمی كوردستانیش قازانجیەتی چونكە ئەگەر ئەوان لێرە كارگەكانیان بكەنەوە ئەوە هەلی كاری زیاتر بۆ ئێرە دەڕەخسێت و ژێرخانی ئابووریش بەهێزتر دەبێت و ئامێر و تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی ئەوانیش دێتە ئێرەو و پارەی كوردستانیش بەم ئەندازەیەی ئێستا ناچێتە دەرەوە.
پارەی ئێمە زۆربەی زۆری لە رێگەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەڕواتە دەرەوە، ساڵانە 8 ملیار دۆلاری ئێمە دەچێتە ئێران و زیاتریش لەو پارەیە بۆ توركیا و ئەوروپا دەڕوات، بە گشتی ساڵانە زیاتر لە 25 ملیار دۆلاری كوردستان دەڕواتە دەرەوە، ئەگەر كۆمپانیا بیانیەكان ناچار بكەین كارگەكانیان لێرە بكەنەوە ئەوكات ئەو پارە زۆرەی ئێمە ناڕواتە دەرەوە.
بازاڕی عێراق بازاڕێكی فراوانە، بۆ نمونە ساڵانە بایی 40 ملیار دۆلار كاڵاو بەرهەم لە دەروە دەهێنێت پێویست بوو ئێمە زیاتر بایەخمان بە پڕۆژەی كشتوكاڵی و پیشەسازی دابوایە بۆ ئەوەی پارەكەی خۆمان نەچێتە دەرەوە و ژێرخانی ئابووری بەهێزیش بونیات بنێین و بازاڕی عێراق بۆخۆمان بەكاربهێنین.
دەكرێت لەو هەنگاوەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئیمتیازی باش بدات بە كۆمپانیاكان بۆ كردنەوەی كارگەكانیان بەڵام بەو مەرجەی ئەوان هاوبەشیان لەگەڵ وەبەرهێنەر و سەرمایەداری خۆماڵی هەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتواندرێت سودی ئابووری هەبێت بۆ كوردستان.