هادەپ لە بازنەی چەپی تەقلیدیدا

 

چەپی كورد لە باكوردا، ئێستادا كە خۆی لە PKK و HDP و پێشتر BDP خۆی دەبینیەوە، لەبەردەم بارودۆخی نوێی توركیا بەتایبەتی لەدوای هەڵبژاردنەكانی 24 حوزەیران، دەكەوێتە بەردەم بەرپرسیاریەتی نوێ‌ و دەتوانین بڵێین لە هەندێك وێستگەشدا پێویستی بە بەخۆداچوونەوەو داڕشتنی بەرنامەی سیاسی نوێ‌ هەیە، چونكە لەدوای ئەم هەڵبژاردنەوە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان ناتوانن بەشێوە تەقلیدیەكەی پێشوو كاری سیاسی درێژە پێبدەن و بچنەوە هەڵبژاردنەكانەوە، ئەگەر بە گۆڕانكاری ریشەیی نەبێت.
چەپی كورد بەرابەرایەتی هادەپ كە لەدوای 2012وە بە گەرمی بەشداری هەڵبژاردنەكانی كردووە، سەرەڕای ئەوەی كە توانیویەتی بەربەستی 10% ببڕێت، بەڵام لەدوای ئەوە نەیتوانیوە هەنگاوی بەرەوپێشتر بنێت، چونكە ئەوەی دەبینرێت لەسەر ئاستی گشتی توركیا هادەپ وەك تەنها پارتێكی سیاسی مەدەنی نەمایەوەو تێكەڵا بوو لەگەڵا زۆر دۆسیەی تردا، بەتایبەتیش لەژێر چەتری PKKدا نەیتوانی رزگاری ببێت و بەردەوام پشتیوانی لە سیاسەتەكانی كردووە.
لەدوای قەیرانی سیاسی سوریا و دروستبوونی پەیەدە و پشتیوانی لێكردنیان لەلایەن پارتی كرێكاران و دروستكردنی كانتۆنەكان، پارتی كرێكاران چووە قۆناغێكی نوێوەو زیاتر ویستی كە وەك هێزێكی كاریگەر رۆڵی كارا بگێڕێت، بەتایبەتیش لە كوردستانی باكوردا، رەوتی سیاسی كورد لە كوردستانی باكور كەوتە ژێر كاریگەری ئەم رەوتە نوێیەو ئەوانیش پشتیوانیان لە پەیەدە و كانتۆنەكانی كرد لە سوریاو ویستیان ئەم ئەزموونەش بگوازنەوە بۆناو كوردستانی باكور و بۆ ئەم مەبەستەش صلاح الدین دەمیرتاش و یوكسیكداغ پشتیوانیان لە سیاسەتی بنیاتنانی كانتوانی هاوشێوەی سوریا كرد و بونە پشتیوانی لێدانی خەندەق لەناو شارەكان، بەمەش بە تەواوی HDP تێكەڵا بە سیاسەتی پارتی كرێكاران بوو، هەروەها لە سەردانەكەی دەمیرتاش بۆ روسیاش دژایەتی توركیای كرد لەكاتی خستەخوارەوەی فرۆكەیەكی جەنگی روسیا لە لایەن سوپای توركیاوە، بەم هەنگاوانە هادەپ چوە بەرەی شەڕی پارتی كرێكاران دژ بە دەوڵەت و دەوڵەتیش لەكاتی دەستپێكردنەوەی شەڕ لەگەڵا پارتی كرێكاران، هاوشێوەی ئەوان كەوتە دژایەتی كردن و لێدان و گرتن و فشارێكی زۆریشی لەسەر هاوسەرۆكان و كوتلە پەرلەمانیەكەیان دروست كرد و هەندێكیان حەسانەی پەرلەمانیان لەسەر هەڵگیراو دواجار دەمیرتاش خرایە زیندانەوە.
ئێستا لەم بارودۆخەدا كە جارێكی تر بەشداری هەڵبژاردنیان كردۆتەوەو توانیویانە بەربەستی 10% ببڕن و دەمیرتاشیش وەك كاندیدی كورد بەشداری هەڵبژاردنی كردووە، ئایا دەبێت پەیەدە چی بكات و چۆن ببێتە نوێنەری ئەو هاوڵاتیانەی كە دەنگیان پێ‌ داوەو چۆن بە پلان و بەرنامەیەكی نوێوە كاری سیاسی بكات؟، ئەم دۆخەی ئێستا جیاوازە لە دۆخی پێشوو بەتایبەتیش لە كاتێكدا كە سیستمی سیاسی لە پەرلەمانیەوە گۆڕاوە بۆ سەرۆكایەتی و ئۆردوغان زۆربەی دەسەڵاتەكانی لەدەستدا كۆبۆتەوەو رۆڵی پەرلەمانیش لاواز كراوەو لە خولی یەكەمیشدا و بە جیاوازیەكی زۆر لە پێش كاندیدەكانی تر ئۆردوغان توانی متمانەی خەڵك بەدەست بهێنێتەوە، ئەم بارودۆخە نوێیە نەك بۆ هادەپ بەڵكو بۆ هەموو ئۆپۆزسیۆن زۆر دژوارە.
هادەپ لە ئاڕاستەی سیاسی ئێستادا وادەردەكەوێت كە هۆی وەك پارتێكی چەپ خۆی نمایش دەكات و كاری ستراتیجی لەگەڵا چەپی توركیدا دەكات و لە كایەی فراوانی توركیا كاردەكات، بەتایبەتیش لەڕووی نزیكی و كاركردنی لەگەڵا جەهەپە.
نزیكبوونەوەی هادەپ لە جەهەپە و پشتیونی كردن لە محەرەم ئینجە كاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆكایەتی و وەستانەوە بەرامبەر بە ئۆردوغان وایكردووە كە لە روە توركیەكەشیەوە بكەوێتە بەر جۆرێكی تر لە توڕەیی ئۆردوغان لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە توڕەیی بەشێك لە هاوڵاتی لیبراڵا و موحافەزەكاری كورد، ئەمەش بە رونی لەم هەڵبژاردنەی دوایدا دەركەوت، كە بینیمان دەنگی هادەپ لە شارە كوردیەكان كەمی كردووە و دەنگی ئەكەپە زیادی كردووە.
ئەم شێوازە كاركردنەی هادەپ بە ئاڕاستەی چەپی رادیكال، بوەتە هۆی وردە وردە دوركەوتنەوەی لە دەنگدەری كورد، چونكە هادەپ ئەگەر لەڕووی ئایدیۆلۆژیاشەوە چەپ بێت دەبێت بە ئاڕاستەی چەپی ئازادیخواز هەنگاو هەڵبگرێت نەك چەپی رادیكاڵا.لە هەمان كاتدا خەبات بكات بۆ گەشەپێدانی دیموكراسی نەك قوڵكردنەوەی ململانێی ئایدیۆلۆژی .
هادەپ ئەبێت ئەو راستیە بزانێت كە چەپی كورد و چەپی تورك ناتوانن بەیەك ئاڕاستەی سیاسی كاربكەن و زۆرجاریش لە هەندێك وێستگەدا روبەڕووی یەكتر دەبنەوە. چونكە چەپی تورك لە زۆر روەوە كێشەیەكی لەگەڵا ئەردۆغاندا نیە بەتایبەتی لەروی سەروەری دەوڵەت و پاراستنی بەرژەوەندیەكانی نەتەوەی تورك و جەخت كردنەوە لە پێناو توركیایەكی بەهێز لەروی سەربازی وپاراستنی شوناسی تورك بوون و بوونی ئازادی سیاسی تەواو بۆ بەشداری سیاسی هاوڵاتیەكی تورك لە ژیانی سیاسی دا.
بەڵام بەنیسبەت چەپێكی كورد ئەگەر بڕیاربێت لە پێناو كێشە نەتەوایەتیەكەدا كار بكات لەگەڵا هەموو ئەم شتانەدا ناكۆكە و دەبێت خەباتی بۆ بكات لەپێناو ئەوەی كە بیانهێنێتەدی بۆ هاوڵاتیەكانی، راستە هادەپ وەك پارتێك ناسراوە كە نوێنەرایەتی كورد بكات، بەڵام لە واقیعدا ناتوانێت ئەو كارە بكات چونكە هادەپ پارتی دیموكراتی گەلانی توركیایە و خۆی بە پارتێكی چەپی عەلمانی پێناسە دەكات و بەرگری لە شوناسی نەتەوەیی هیچ گەلێك ناكات، لە ئێستاشدا لەناو ئەو 67 ئەندام پەرلەمانە تەنها 27 یان كوردن و ئەوانی تریش چەپی تورك و نەتەوەكانی ترن، واتە كورد كەمینەیە لەناو هادەپدا، لەكاتێكدا AKP خاوەنی 77 ئەندام پەرلەمانی كوردە، كەواتە ئەمە پێویستی بە هەڵوەستەكردن هەیە هەتا كایەیەكی سیاسی وا دروست بكرێت كە هەموو كوردەكان بە یەك ئاڕاستەی سیاسی كاربكەن بۆ خزمەتی هاوڵاتی كورد نەك ئادیۆلۆژیای سەربە حیزبەكانیان، ئەمەش ئەوە دەخوازێت هادەپ بە بەرنامەیەكی سیاسی نیشتمانی نوێوە كار بكات ،كە وەڵامدەرەوەی داواكاری هاوڵاتی كورد بێت نەك لەژێر داخوازی ئایدیۆلۆژیاو چەپی رادیكاڵدا كار بكات، چونكە ئەم ئاراستەیە دەبێتە مایەی زیاتر دوركەوتنەوەی هاوڵاتی كورد و لەهەمانكاتدا فشار و توڕەیی ئەكەپەش بۆسەری زیاد دەكات.