با موحەممەد پێغەمبەر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) بكەینە پێشەنگی خۆمان

(جیاوازی بانگەواز بۆ ئاینی پیرۆزی ئیسلام لای پێغەمبەر (درودی خوای له‌سه‌ر بێت)و لای موسڵمانانی ئەمڕۆ).

_ ئەگەر ئەمڕۆ گەنجێك لە ناو مزگەوتدا میز بكات موسڵمانان چۆن بەرپەرچی دەدەنەوە.؟ ئەی ئەو كاردانەوەی چۆن بەرامبەر ئەو گەنجەی كە وایكرد!؟

- ئەگەر ئەمڕۆ گەنجێك داوای ڕێگەدان بە (زینا) لە كەسێكی دیندار بكات، چۆن بەرپەرچی دەدرێتەوە.؟ ئەی ئەو چۆن ئەو بابەتەی لە گەنجەكە گەیاند؟!

- كام لە ئێمە لە كار و كاسبی و مامەڵەدا فێڵ و ساختە لە بەرامبەرناكات، لە كاتێكدا ئەو هەڕەشەی ( لەئێمەنیە) ی لێكردوین.! - لەمڕۆدا چەند خێزان بەهۆی ئەزیەتدانی دراوسێوە خانوی خۆی فرۆشتووە و ماڵی گواستۆتەوە، ئەی هەر ئەو نەبوە هەڕەشەی لەوكەسەكردووە گەر ئەزیەتی ماڵە دراوسێكەی بدات.!

- ئەگەر كەسانێك تۆمەتی ئەخلاقی بۆ خێزانی كەسێكمان هەڵببەستن، كاردانەوەی ئەو كەسە چۆن و چی دەبێت بەرامبەریان.؟ ئەی ئایا كاردانەوەی ئەو چۆن بوو لە بەرامبەر ئەو كەسانەی تۆمەتەكەیانكرد، لە كاتێكدا كەسەكان ناسراویش بون!؟

- ئەگەر كەسانێك دەست بەسەر ماڵ و مڵكتدا بگرن و خۆت و شوێن كەوتوانت شار بەدەر بكەن، كاتێك هەر ئەو كەسانەی كەتۆیان بەو دەردەبرد، بە زەلیلی بكەونە بەردەستت تۆ لە بەرامبەردا چیان لێ دەكەیت.؟ ئەی ئەو كاردانەوەی چۆن بو بەرامبەر نەیارە بەزیوەكانی!؟

- ئەگەر لیستی ناوی دوڕووەكانی ئەمڕۆی ناو موسڵمانان بدەن بە ئێمە، ئایا بەر نەفرەتی دونیاو دواڕۆژیان ناكەین.؟ ئەی ئەو چۆن ژیان وماڵ و كەرامەتی ئەوانی پاراست!؟

- ئایا هەر ئێمە نین ئەمڕۆ تۆمەتی (موشریك و موبتەدع و گومڕا و مورتەد و كافر) دەدەینە پاڵ براكانمان.؟

ئەی هەر ئەو نەبوو هەڕەشەیكردووە لەوەی كە كسێك تۆمەتی ئاوا بخاتە پاڵ موسڵمانێك ئەگەر وانەبێت.!

- ئەگەر لەمڕۆدا هەوڵی دەرمانخواركردنی سەركردەیەكی دەستڕۆشتوو بدرێت، ئاخۆ سەركردە و دەست و پێوەندەكەی كاردانەوەیان بەرامبەر ئەوانەی دەستیان هەبوە لەو كارەدا و چی و چۆن دەبێت.؟

ئەی لێبوردنی ئەو چۆن بوو لە بەرامبەر ئەوانە ویستیان دەرمانخوارد بكەن!؟

- ئایا ئەمڕۆ ئەوەندەی موسڵمان بە دەستی موسڵمان دەكوژرێت، ئەوەندە بێ بڕواكان موسڵمان دەكوژن؟

لە كاتێكدا ئەو ڕێگریكردووە لە كوشتنی كافری جەنگاوەریش ئەگەر وتەی (شەهادە)ی بەزارداهات، با لە ترسیشدا بوبێت.!

ئەمانە كۆمەڵێك فەرمان و قەدەغەكردن و ڕێنمایین كەلە ژیننامەی پێغەمبەری خودا(درودی خوای له‌سه‌ر بێت)باسكراوە، دەی ئێمەی شوێن كەوتەی ئەو ئەمڕۆ تاچەند پابەندین پێوەی؟ وەڵامەكەی جێدێڵم بۆ خۆتان.