لەدێر زەمانەوە باب و باپیڕانی ئێمە وتوویانە کە [ تەشتی پڕ ئاشتی ماڵە] ئەم وتە لە کاتێک دا وتراوە کە لەکوردستان ژیان چی لەلادێ یا لەشار زۆر سادە بوە و ژینگەی هەوا و ئاو و خاکمان زۆر پاک و بێگەرد بووە، بەڵام لەم سەردەمەدا کە ژیان هێندە قورس بووە کە ئەگەر خێزانێکی پێنج کەسی لانی کەم دەبێت دوو کەسیان کار بکەن تا ژیان بۆ خۆیان و سێ کەسەکەی دیکە فەراهەم بکەن ئینجا دەتوانن لانی کەم ژیانێکی تاڕادەیک مام ناوەند ببەنەسەر بەو مەرجەی خانوی خۆیانیان هەبێت دوور بن لە هەندێک گرفت و نەخۆشی ترسناک، لێرەوە دێمە سەر بناغەی بابەتەکە کە ئەویش ئاسایشی خۆراکە کە لقێکی سەرەکی و گرنگە لە ئاسایشی نیشتمانی، هەر گەل وڵاتێک بتوانێ ئاسایشی خۆراک دابین بکات بۆ گەلەکەی ئەوا دەتوانێت بەشێکی زۆری ئاسایسی تەندروستی جەستەیی خەڵکی وڵاتەکەی دابین بکات لەهەمان کات دا توانیویەتی بەشێکی گرنگی ئاسایشی نیستمانیش دابین بکات و لەکاتی تەنگژەی سیاسی و ئابڵۆقەی ئابوری ئەگەر هاتە پێش بۆی زیاتر خۆراڕاگر بێت تا دۆخەکە تێدەپەڕێنێت .
بڕبڕەی پشتی ئاسایشی خۆراک لە زۆرێک لە وڵاتان بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی بریتیە لە#گەنم بەهەموو جۆرەکانیەوە دواتر دانەوێڵەکانی دیکەی وەکو جۆ و پاقلە و نیسک و نۆک و سەوزە و میوەکان، کوردستان بە هۆی ئەوەی کە خاکەکەی بە پیتە و و لە دەشت و زورگ و چیا و دارستان پێکهاتووە وەکو دەشتی شارەزوور و بیتوێن دەشتی هەولێر و ساڵانە ڕێژەیەکی باشی باران دەبارێت لەکۆتایی وەرزی پاییز بۆ ناوەڕاستی وەرزی بەهاری هەموو ساڵێک لە نێوان 1200ملم لە ناوچە شاخاویەکان و600ملم لە زۆرێک لەناوچە دەشتەکان دەبارێت و جۆگە و کانیاو و ڕووبارەکان دەژێننەوە ،جگە لە ساڵانی وشکە ساڵی کە لەچەند ساڵانی ڕابردوو لە کوردستان ڕووی دا و بووە هۆی دابەزینی بەرەەمە کشتوکاڵیەکان بەگشتی و بەهەمی گەنم بە تایبەتی .
بۆ زانیاری بەڕێزتان هەرێمی کوردستان جگە لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم ئەگەر وشکە ساڵی نەبێت لەساڵی 2012 وە ساڵ دوای ساڵ لە ئەنجامی خزمەتی زیاتری گێڵگە کشتوکاڵیەکانی گەنم لەلایەن جوتیارە بەڕێزەکان و هەوڵدانیان بۆ هێنانی بنە تۆوی پەسەند و باش ڕێژەکە لە 630 شەسەد و سی هەزار تەن گەنم بەرز بووەتەوە بۆ 1200 یەک ملیۆن و دووسەد تەن ئەمە جگە لەوەی کە جوتیاران بەگشتی بنە تۆو گەنم بۆ چاندنی ساڵی داهاتوو دادەنێن لەگەڵ گەنم بۆ مەڕوماڵاتەکانیان لە هەندێک شوێن کە ئەگەر ڕێژەکەی ئەمەش‌بە نزیکی ئەژمار بکەین کەمتر نیە لە200دووسەد هەزار تەن.
لە ئێستادا لە پاش 27ساڵ حکومڕانی کوردی حکومەت و وەزارەتی بازگانی پلانی نیە و نەبووە بۆ ئەوەی کە ئەو گەنمەی کە جوتیارانی مەچەک و بازوو ماندوو بە وێنەی سەربازێکی وون کە ساڵانە سەدان هەزار بۆ یەک ملیۆن بەهەم دەهێنن بکڕێتەوە و سایلۆ و جێگای گونجاوی بۆ دابین بکات تا ئاسایشی خۆراکی میلەتی کورد دابین بکات ، تا ئێستا ئەم حکومەتە نەیتوانیووە یەک تەن گەنم لە جوتیارانی هەرێم بکڕێتەوە ، جوتیاران تا ئێستا بەرهەمەکانیان یا وەزارەتی بازڕگانی عێراق کڕیویەتیەوە یا لە بازاڕی ڕەش دا بە نرخێکی هەرزان هەرزان بازاڕیان کردووە و فرۆشتویانە ، بۆیە لە ئێستادا لەسەدا نەوەدی ئەوەی لە بازاڕ و مارکێت و تەواوی دوکانەکاندایە لە خۆراک و کاڵای خواردەمەنی کاڵای ئێرانی و تورکی و سوری و ....هتد بێ ئەوەی ئەم خۆراکانەش زۆربەیان بە کوالیتی کۆنترۆڵ دا تێپەڕێت تا لەڕووی تەندروستیەوە بێ زیان بین لێی ئەوەی کە هەیە لە نانەواخانە و سەمونخانە و بابەتی هەویر کە هەمووی لە پێکهاتەی گەنم پێک دێت لەبری گەنمی خۆماڵی هەمووی ئاردی تورکی و ئێرانی بەکار دەهێنن کە هێندە نەخۆشی و دیاردەی قەڵەوی زۆر بووە بەبەراورد لەگەڵ پەنجا ساڵی پێش ئێستا جیاوازیەکە هێندە زۆرە جێگای هەڵوێستە لەسەرکردن و ئاوڕدانەوەی جدیە.
هەر بۆیە ئەگەر هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن پەرلەمانێکی کارا و چالاک دەتوانێت چاودێریەکی وردی حکومەت بکات و حکومەت بخاتە ژێر پرسیارەوە و ناچاری بکات ئاوڕێکی جدی لەکەرتی کشتوکاڵ بداتەوە و لە خەمساردی ڕزگاری بکات و بەوەی کە خزمەتی جوتیاران بکات بە کڕینەوەی بەرو بوومەکانیان و هێنانی ئامێری پێشکەوتووی بواری کشتوکاڵ و بنەتۆی باش و کردنەوەی خولی جوتیاری و دروستکردنی دەیان بەنداوی بچوک بۆ گلدانەوەی ئاوی شیرین و سازگاری کوردستان و کردنەوەی دەیان سایلۆی پێشکەوتوو بۆ پاراستن و هەڵگرتنی گەنم . ئەو کات دەتوانین بڵێین هەرێم بووەتە خاوەنی بەشێکی زۆر لە ئاسایشی خۆراک کە ئاسایشی خۆراکیشمان دەستەبەرکرد دەتوانین بڵێین ئاسایشی تەندورستیمان زامن کردووە ، هەرکات هێندە ئیادەمان بەرز بوو توانیمان ئایشی خۆراک و ئاسایشی تەندروستی زامن بکەین دەتوانین بڵێین هاوڵاتیەکیی جەستە تەندروستمان هەیە تا بەرگری لە خاک و ئاو و دەشت و چیا و بست بەبستی ئەم هەرێمی کوردستانە خۆشەویستە بکات.