ئێمە نەدۆڕاوین، دزیمان لێکراوە

 

وەڵامێک بۆ کاک ئارێز عەبدوڵا

ئێمە نەدۆڕاوین،بەڵێ دزیمان لێکراوە وساختەکاریمان بەرامبەر کراوە.

حەوت و پانزە دەقیقەی ئەم ئێوارە لە بەرنامەی تاوتوێ‌ی کەناڵیnrt بەچاوی کەم و بێ بایەخەوە ھەڵسەنگاندنت بۆ ئیسلامیەکان کرد کە(دۆڕاون و دەبێت بڵێن تەزویرمان لێ کراوە بۆ شاردنەوەی دۆڕانیان ، چونکە ئیسلامیەکان ئەو قورساییەیان نیە).

وەبیرت دێنمەوە لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو ،یەکگرتوو دە کورسی ھێنا ، نیوە زیاتر لەکورسی حزبەکەت، نەدەمانچە و وەنەوشەمان دابەشکرد ، نە خانەنشینی ناڕەوامان بۆ ئەنفالچی و بکوژی پێشمەرگە بڕیەوە، نە کێڵگەی نەوت و نە گروپی کۆمپانیای زەبەلاحمان ھەبوو بۆ دەنگ کۆکردنەوە.

تەنھا و تەنھا ڕەسید و سەرمایەی ئێمە ڕاستگۆیی، مۆڕاڵ و ئەخلاق ، لەگەڵ خەڵک ژیان، پێشکەشکردنی نەوەیەکی پەروەردە کراو بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان.

بۆدەبێ بدۆڕێین، خاکمان فرۆشتووە، خوێنی دووھەزار شەھیدمان لەسەرکاسەیەکی گفتوگۆ داناوە، لە قومارخانەکانا داھاتی نەوتمان دۆڕاندووە، موچەی خەڵکمان قوت داوە، سەیرانگا و شوێنی گەشتیاری و سەرشاخ و بناری چیاکانمان کردۆتە مەزرەعەی ڕابواردن، ئێمە تلیاک و حەشیشە دەھێنین و بە قوڕگی گەنجە ھەناسەساردەکانی کوردی دادەکەین.

یەکگرتوویەکی مەدەنی و میانەڕەو یەکگرتووی دەرمان و چارەسەر بۆ ووشککردنی بیری توندڕەوی، یەکگرتویەک کەخوێندەوارترین زانا وئەکادیمی وکوڕ و کچە ڕۆشنبیرە کوردستانیەکان لە دەوری کۆبونەتەوە و ڕیزەکانی دەھۆننەوە، بۆ دەبێ بدۆڕێ و گەل سزای بدات.

برام جارجارە دەمبینی ئۆخەیەکم دەکرد کە سیاسی جوان ماون قانگ نەدراون بە ایدۆلۆژیا و ڕاستی دەبینن و جارجارێک ھاوارێک بۆ ھەق دەکەن، بەڵام وەک پێشینان دەڵێن(وەیس بەتەمای تۆ بووم کەچی تۆیش سونی دەرچویت).

ئەوەعەرز و ئەوە گەز خۆتان و ھاوپەیمانە ستراتیژیەکەتان وەرنە بەردەم ھەڵبژاردنێکی خاوێن پەنا بۆ مردووەکان و ئاوارە کان وکونە فێڵەکانی تری ساختەکاری مەبەن ئەوسا دەبینین دۆڕاوەکان وەک داھۆڵی شەق و شڕ لە بەردەم گەردەلولی توڕەیی خەڵکی بەش مەینەتا چۆن دەبن بە پەندی زەمانە.