ڕۆڵ وپێگه‌ی ئێران بۆ ئه‌مریكا له‌ چیدایه‌ !؟

بێگومان دژایه‌تی ئێران بۆ ئه‌مریكا پاش هاتنه ‌سه‌رحوكمی ئیمام خومه‌ینی و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كۆماری ئیسلامیی دێت كه‌ ئه‌مریكا بۆ ئێرانیه‌كان شه‌یتانی گه‌وره‌ی نه‌فره‌ت لێكراوه‌ ، واته‌ له‌وه‌ته‌ی ئێران دروستبووه‌و له‌سه‌ر پێی خۆی هه‌ستاوه‌ ئیدی دژایه‌تی ئه‌و وه‌ڵاته‌ بۆ ئه‌مریكا بۆ تایبه‌تی و ڕۆژئاوا به‌گشتی به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و بۆ ساتێكیش نه‌وه‌ستاوه‌ ! وه‌لێ سه‌رباری گرژیه‌كان و ئه‌و مێژووه‌ دوور ودرێژه‌ی نێوان ململانێی هه‌ردوولا تا ئێستا هه‌ڕه‌شه‌و په‌لاماره‌كانی ئه‌مریكا نه‌چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن وهه‌وڵدانی جیددی نه‌بووه‌ بۆ گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له‌گۆڕینی سیسته‌می ده‌سه‌ڵات وده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران یاخود له سنوورداركردنی سیاسه‌تی به‌ربڵاوی ئێران بۆ ده‌ستوه‌ردانه‌ كاروباری ناوخۆیی وه‌ڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ر له‌ئه‌فغانستانه‌وه‌ هه‌تا یه‌مه‌ن و عێراق و لیبیا ! لێره‌وه‌ ئه‌چینه‌ سه‌ر به‌شێكـ له‌و تاكتیكـ و سیاسه‌ته‌ نه‌رمه‌ی ئه‌مریكا بۆ ئێران وزه‌رووره‌تی مانه‌وه‌ی ئێران وهاوبه‌شیكردن له‌ئیداره‌دانی كێشه‌و گرفته‌كانی جیهانی ئیسلامیی و عه‌ره‌بی :
:
1- ده‌ستێوه‌ردان و په‌لاماری ئه‌مریكا وهاوپه‌یمانه‌كانی به‌ڕاسته‌وخۆ یان به‌هۆكار وڕێگه‌ی دیكه‌ له‌وێشه‌وه‌ بۆ پشتگیركردنی سیاسه‌تی شه‌ڕه‌نگێزی ئیسرائیلیه‌كان بۆ وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی به‌گشتی وفه‌له‌ستین به‌تایبه‌تی ، هێنده‌ی تر ئه‌مریكای قێزه‌ونكردوو ڕاستگۆیی وحه‌قیقه‌تی دروشمه به‌رزكراوه‌‌كانی ڕۆژئاوا له‌ڕووی مافی مرۆڤ ودیموكراسی و ئازادیه‌كان به‌گشتی كه‌وته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ، له‌به‌رانبه‌ردا شه‌رعیه‌تی ڕووبه‌ڕووبووونه‌وه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی وئاینی دا به‌گه‌لانی ناوچه‌كه‌ دژ به‌ئه‌مریكا كه‌ دواجار ڕۆڵی ئه‌مریكای لاوازكرد له‌سه‌ر حیسابی به‌هیزبوون وئاماده‌یی زلهێزانی تری نێوده‌وڵه‌تی و وه‌ڵاتانی ئیقلیمی !
:
2- دژایه‌تی وپه‌لاماری ڕاسته‌وخۆی ئه‌مریكا بۆ ناوچه‌كه‌ جووڵه‌ی خسته‌ نێو شه‌قامی عه‌ره‌بی به‌گشتی وئیسلامییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌وێشه‌وه‌ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ڕابوونی ئیسلامیی ودروستبوونی ده‌یان ڕێكخراو وحزبی ئیسلامیی كه‌ به‌دوو ئاراسته‌ كاریان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ده‌كرد ! له‌لایه‌كـ وشیاركردنه‌وه‌ی موسڵمانان به‌ئاینی پیرۆزی ئیسلام وئه‌ركـ و پێویستی هه‌وڵدان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕێنماییه‌كانی ئه‌م ئاینه‌و كاری ده‌سته‌جه‌معی وگه‌شه‌كردنی ڕۆشنبیری ئیسلامیی له‌ ناوخۆدا ، له‌ولاشه‌وه‌ هه‌ڵماڵینی ده‌مامكی ئه‌مریكا بۆ بانگه‌شه‌كانی له‌ڕووی مافی مرۆڤ ودیموكراسی و سته‌م ونادادی به‌ئاراسته‌ی خواست و مافه‌ڕه‌واكانی گه‌لانی ئازادیخواز !
ئیدی زه‌رووره‌ت وگه‌ڕان به‌دوای به‌دیل وجێگره‌وه‌یه‌كـ ئه‌مریكای ناچاركرد له‌به‌رانبه‌ر ئێراندا نه‌رمی بنوێنێ له‌یه‌كـ كاتدا كار به‌سیاسه‌تی دووڕووی ودیسان ته‌واوكاری پیاده‌ بكات چوتكه‌ :
:
1- ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه‌ نه‌كـ ئامانجه‌كانی به‌دی نه‌هات به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مریكای به‌جنۆكه‌ كرد وگه‌لانی ناوچه‌كه‌ی وشیاركرده‌وه‌ و یه‌كڕیزی ویه‌كـ هه‌ڵوێستی ‌نێوان ته‌واوی ئاین وئاینزاو نه‌ته‌وه‌كانی خسته‌وه‌ پێكه‌وه‌ دژ به‌هه‌ڕه‌شه‌ وپه‌لاماری ڕۆژئاوا وه‌ستانه‌وه ‌، وه‌ڵی كارئاسانیكردن بۆ ئێران وده‌ستخستنه‌ ناو كاروباری ناوخۆی وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی هاوسه‌نگی بۆ ئه‌مریكای گه‌ڕانده‌وه‌ و یه‌كڕیزی و یه‌كـ هه‌ڵوێستی شه‌قامی عه‌ره‌بی وئیسلامیی له‌تكرد ! واته‌ به‌هۆی هۆگری وئینتمای مه‌زهه‌بی به‌شێكـ له‌ دانیشتوانی وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی وئیسلامیی‌ بۆ كۆماری ئیسلامیی‌ و مه‌زهه‌بگه‌رای شیعه‌ یه‌كڕیزی وكۆده‌نگی ناوخۆیی گۆڕدرا بۆ په‌رته‌وازه‌یی و فره‌ مه‌رجه‌عی ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ جه‌نگـ و ململانێی ناوخۆیی ودواجاریش ڕێخۆشكردن وشه‌رعیه‌تدان بۆ ‌ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی وئیداره‌كردنی قه‌یرانه‌كان به‌هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی !
:
2- له‌په‌نای ڕێخۆشكردن وبێ ده‌نگی ڕۆژئاوا له‌به‌رانبه‌ر هه‌ژموونی ئێراندا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ و له‌كاردانه‌وه‌دا بووه‌ هۆی هه‌ڵتۆقینی ده‌یان ڕێكخراوی تیرۆریست و نامۆ به‌جیهانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام وكرۆكی مرۆڤدۆستی ئایه‌ته‌كانی قورئان و ڕێنماییه‌ پیرۆزه‌كانی ئه‌م ئاینه‌ ! دیسان به‌هه‌مان كاردانه‌وه‌و به‌ئاراسته‌ی جێاواز زه‌مینه‌ی هه‌ڵخستن و په‌یدابوونی چه‌ندین ڕێكخراوی سه‌ر به‌مه‌زهه‌بی شیعه‌و به‌ناوی حه‌شدی شه‌عبی به‌ڕێكخراوتر ڕاگه‌یه‌ندراو ! سه‌رباری قووڵكردنه‌وه‌ی گرفته‌كان ودرێژه‌دان به‌قه‌یرانه‌كانی به‌داخه‌وه‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلامیان له‌كه‌داركردوو هێنده‌ی تر په‌رته‌وازه‌یی وگه‌ڕانه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌كراویی ڕابوون و ڕاچه‌نینی ئیسلامیی به‌دواداهات ! له‌وێشه‌وه‌ بۆ كاڵبوونه‌وه‌ی ئینتمای ئیسلامیی ودووركه‌وتنه‌وه‌ له‌چه‌قی خه‌م وخه‌ونه‌كانی جیهانی ئیسلامیی و بڵاوبوونه‌وه‌ی كوفر و بێ باوه‌ڕی و له‌ده‌ستدانی متمانه‌ و باوه‌شكردن بۆ هه‌رچیه‌كـ له‌ده‌ره‌وه‌ی جیهانی ئیسلامیی‌ هاورده‌ بكرێت !!
:
3- كۆماری ئیسلامی ئێران به‌حوكمی ئه‌و هێزو ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێدا هه‌روه‌ها به‌هۆی نزیكی وهه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی له‌كوردستانی گه‌وره‌ ، كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر شۆڕش وئاراسته‌كردنی به‌شێكی به‌رچاو له‌سیاسه‌تی حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ، واته‌ له‌بری دژایه‌تیكردنی ئه‌مریكا بۆ هه‌ر هه‌وڵ وخه‌باتێكی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌یی بۆ میلله‌تی كورد ، ئه‌كرێ ئێران ئه‌و ڕۆله‌ ته‌واوكاریه‌ بۆ ئه‌مریكا بگێڕێ نمونه‌ی دژایه‌تی وداخستنی سنووره‌كانی ئێران به‌ڕووی كوردستاندا پاش ڕیفراندۆمه‌كه‌ی 25 ی ئه‌یلولی 2017 هه‌روه‌ها ده‌ستێوه‌ردان و ناوبژیوانی و ئاراسته‌كردنی سیاسه‌ت وتێڕوانینی به‌شێكـ له‌سیاسیه‌كانی كورد به‌و جۆره‌ی خزمه‌ت به‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵا‌كانی وه‌ڵاته‌كه‌ی بكات !
:
4- هه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی به‌هه‌مان هه‌ناسه‌ وله‌ڕێگه‌ی پف تێكردن و به‌باڵۆنكردنی هێزو ده‌سه‌ڵاتی ئێران به‌سه‌ر وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بیدا ، دیسان شه‌رعیه‌تی داوه‌ به‌ ئاماده‌یی ومانه‌وه‌ی وه‌ڵاتانی ڕۆژئاوا له‌ناوچه‌كه‌ له‌وێشه‌وه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی بازاڕیكی گه‌وره‌ی ساغكردنه‌وه‌ی چه‌كـ وكه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی وله‌نزیكه‌وه‌ ئیداره‌كردن و سه‌رپه‌شتیكردنی قه‌یرانه‌كان وكۆكردنه‌وه‌ی باج وخه‌راخی گرانبه‌های لیره‌ وڕیال ودیناری عه‌ره‌بی !