به‌شێكـ له‌ئه‌ركـ وڕۆڵی ئێستای سوله‌یمانی و مكگۆركـ !

له‌گه‌ڵ یه‌كلاكردنه‌وه‌ وپه‌سه‌ندكردنی كۆتا ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئه‌م دوایه‌ی ‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌لایان دادگای فیدراڵی باڵای عێراقه‌وه‌ ، ئیدی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بۆ چۆنیه‌تی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق كه‌وتنه‌ جموجوڵ وسه‌ردان وكۆبوونه‌وه‌ی فراوان وتایبه‌ت ده‌ستی پێكرد ، گرنگی وبایه‌خی ڕێكه‌وتن وكۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌لایه‌كـ ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان پاش ئه‌وه‌ دئ كه‌سه‌رجه‌م لیست وقه‌واره‌ به‌شداربووه‌كان له‌ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ڕازی نین ، به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌و لای خۆیه‌وه‌ ئه‌ویتر تۆمه‌تبار ئه‌كات كه‌ ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ساخته‌كاری وده‌ستكاریكردنی ژماره‌ وڕێژه‌ی ده‌نگـ وده‌نگده‌رانی هاوڵاتیان ، هه‌روه‌ها ئاماده‌یی وسه‌رپه‌رشتیكردنی زۆرێكـ له‌و كۆبوونه‌وه‌ ودیدارانه‌ی كه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا ئه‌نجامدراون له‌لایان ( قاسم سوله‌یمانی گه‌وره‌ ژه‌نراڵ وسه‌ركرده‌ی فه‌یله‌ق قودس و برێت مه‌كگۆركـ نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ بنه‌بڕكردنی تیرۆر ) ، هه‌روه‌كـ هاوساته‌‌ له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی گرژیه‌كانی نێوان ئه‌مریكا وئێران وسه‌پاندنی چه‌ندین جۆر وشێوازی سزای سه‌ربازی وئابوری له‌لایان ئه‌مریكاوه‌ به‌سه‌ر ئێراندا ! لێره‌وه‌ ئه‌مانه‌وێ بگه‌ین به‌به‌شێكـ له حه‌قیقه‌تی دژایه‌تی وململانێی نێوان ئه‌مریكا وئێران له‌وێشه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌و ئه‌ركه‌ی سوله‌یمانی ومه‌كگۆركی هێناوه‌ته‌ ناو چڕوپڕی كۆبووونه‌وه‌كانی ئێستای به‌غدا و هه‌ولێر .

به‌بڕوای به‌نده‌ ئاماده‌یی هه‌ریه‌كـ له‌ ( سوله‌یمانی ومه‌كگۆركـ ) له‌هه‌ولێر وبه‌غدا وچاودێریكردنی كۆبوونه‌وه‌كان له‌نزیكه‌وه‌ وئاراسته‌كردنی به‌شێكـ له‌ڕووگه‌و كارنامه‌ی مه‌رج وداواكاریه‌كانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌یه‌كتر ، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا وئێران پێكه‌وه‌ ئه‌م وه‌ڵاته‌ ئیداره‌ وبه‌ڕێ ئه‌كه‌ن ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ حه‌قیقه‌تی به‌رپرسیارێتی هه‌ردوولا له‌ قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتری ته‌واوی كێشه‌ وگرفته‌كان ودروستبوونی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منی وسیاسیه‌ی كه‌له‌عێراقدا به‌گشتی بوونی هه‌یه‌ وهۆكاری مۆته‌كه‌ مه‌رگـ هێنه‌ره‌ بۆ دانیشتوان وهاوڵاتیانی ئه‌م وه‌ڵاته‌‌ ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌راوردێكـ هه‌بێ له نێوان هێز وده‌سه‌ڵات وتوانای سه‌ربازی وهه‌واڵگیری ودیبلۆماسیه‌ت وبه‌ربڵاوی په‌یوه‌ندیه‌ ئیقلیمی ونێوده‌وڵه‌تیه‌كانی هه‌ردوولا ، ئه‌وا نه‌ده‌بوو ئێران هاوشانی ئه‌مریكا بێته‌وه‌ وبه‌م ئاست وقه‌باره‌یه‌ له‌ناوجه‌رگه‌ی‌ گرفته‌كاندا خۆی ببینێته‌وه‌ وكاریگه‌ر وجێكه‌وتی له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كاندا هه‌بێ ! خۆ ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ ئه‌مریكا زاڵ وبه‌هێزتر بێ له‌ئێران و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا له‌بۆسه‌دا بن هه‌رچی زووه‌ له‌ پێگه‌ وڕۆڵی ئێران بده‌ن له‌عێراق وناوچه‌كه‌ ، به‌تایبه‌تی له‌م ساته‌ی كه‌گرفته‌كانی هه‌ردوولا گه‌یشتۆته‌ لوتكه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ! ئه‌وا باشتر و له‌پێشتربوو بۆ ئێرانیه‌كان هه‌ر چی ڕێگا‌و هۆكار هه‌یه‌ بیگرنه‌به‌ر هه‌تا له‌ئه‌گه‌ری پێكدادان وڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی حه‌قیقی ئه‌مریكا به‌دوور بن ! چونكه‌ ئه‌وه‌ مه‌علومه‌ و بڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ركه‌وتن وشكست به‌سه‌ر چ لایه‌كدا ساغ ده‌بێته‌وه‌ ! لێره‌وه‌ گومان بخه‌ره‌ سه‌ر ئه‌و بگره‌و به‌رده‌ سنوورداره‌ی ئه‌زه‌لیه‌تی نێوان ئه‌م دوو وه‌ڵاته‌ كه‌ ناوبه‌ناو ڕای گشتی ناوخۆ وده‌ره‌وه‌ی پێ چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن و ماكی به‌رده‌وامی ودرێژه‌دانه‌ به‌گه‌مه‌و یاریه‌كانی هه‌ردوولا !

كه‌واته‌ سه‌رگه‌رمی ودیداره‌كانی سوله‌یمانی ومه‌كگۆركـ بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ وسه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یكه‌ری ناوخۆی هێزه‌كانه‌ وپۆلێنكردنه‌وه‌ی لیست وقه‌واره‌ سیاسیه‌كانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ ، به‌و جۆره‌ی كه‌ ڕێكـ بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێشهات وگۆڕانكاریه‌كانی ئێستا وداهاتوو ، چونكه‌ بارودۆخی ئێستای عێراق  هاوزه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی شه‌ڕی داعش ونیمچه‌ ئاوه‌دانی وگه‌ڕانه‌وه‌ی ‌دانیشتوانی سوونه‌ مه‌زهه‌ب بۆ ناوچه‌كانی خۆیان ، هه‌روه‌ها ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی كه‌ له‌به‌رنامه‌و پلانی به‌شێكـ له‌سه‌ركرده‌ وهێزه‌ كوردستانیه‌كاندا هه‌بوون بۆ خواستی جێابوونه‌وه‌ وڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ، دیسان ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی ودزه‌كردنی ڕۆڵی وه‌ڵاتانی ئیقلیمی هه‌ر یه‌كـ له‌توركیا وسعودیه‌ وسه‌رهه‌ڵدانی ڕایه‌كی تری جێاواز وهێزێكی تری وه‌كـ مقدی الصدر له‌ده‌ره‌وه‌ی كوتله‌ وهاوبه‌ندیه‌كانی نێوان عه‌بادی و مالیكی .

واته‌ به‌سوود وه‌رگرتن له‌‌نه‌مان ولاوازبوونی هێرش وپه‌لاماره‌كانی داعش وپه‌رته‌وازه‌یی وبێ پلانی سووننه‌كان له‌نێوان مانه‌وه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان وگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شار وزێدی خۆیان ، ده‌ستێوه‌ردانی وه‌ڵاتانی ئیقلیمی وپه‌ره‌سه‌ندنی كێشه‌ وگرفته‌ ناوخۆییه‌كانی ناوماڵی شیعه‌و بوونی لانیكه‌م له‌سێ دیدگا وتێڕوانینی جێاواز له‌هه‌رێمی كوردستان ..هتد ئه‌وه‌نده‌ ئه‌هێنێ جارێكی تر ئه‌م دوو وه‌ڵاته‌ بێنێته‌وه‌ سه‌رخه‌ت ، پێكه‌وه‌ له‌یه‌كـ كاتدا ڕۆڵی ته‌واوكار وهه‌میش دژه‌كاری یه‌كتر بن ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ ڕیزكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و پۆلێنكردنه‌وه‌ی هێزو گروپه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕووداوه‌كانی ئێستا وخوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا و ئێران بۆ گۆڕانكاری وچاوه‌ڕوانیه‌كانی داهاتوو !