لـە ســایــەی هـیجرەتـدا

ئەم ڕۆژانە كۆتایی ساڵیكی كۆچی و سەرەتای ساڵێكی نوێ ی كۆچی دەست پێدەكات ، جێگای خۆیەتی تیشكێك بخەینە سەر ئەو ڕوداوە گەورەو چارەنووس سازە كە بێ گومان كاریگەری گەورە و قووڵی كردۆتە سەر مێژوی مرۆڤایەتی بە گشتی و ڕۆڵ و پێگەی پەیامی پێغەمبەری ئیسلام بە تایبەتی كە تا ئەمڕۆ بەردەوامە و لە ئایندەشدا درێژەی دەبێت .
ئەوەش ڕاستە كە ڕوداوی هیجرەت و ڕوداوە گرنگەكانی تری مێژویی ئیسلامەتی پەند و وانەی درەوشاوەیان تێدایە بۆ هەموو لایەك ، بە تایبەتی بۆ ئێمەی هەڵگرانی پەیامی ئیسلامی لەم سەردەمەدا پێویستیەكی بنەڕەتیمان هەیە بە نوێكردنەوەی تێڕوانین و شیكردنەوەی ڕوداوەكانی مێژویی موسڵمانان و ئەو چەمكە ئیسلامیانەی كە بە هۆیانەوە دروست بوون ، بە مەبەستی لێدەرهێنان و گەڵاڵەكردنی بەهاو ئامانجە گەورەكان و داڕشتنەوەیان بەشێوەیەكی سەردەمیانەو بەرجەستەكردنی پەیام و كاریگەریەكانیان و خاوێنكردنەوەیان لە ئاسەوارە نەخوازراوەكانی چەقبەستنی فیكری و دواكەوتنی ژیاریی سەدەكانی ڕابردوو، كە بەداخەوە ئاسەوارەكانی ئەو چەقبەستن و دواكەوتنە ژیاریە بە شێوازی جیا جیا تا ئێستاش ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر كۆمەڵگە موسڵمانەكان هەیە...
چەمكی هیجرەت یەكێكە لەو چەمكە ئیسلامیانەی كە پێویستی بە نوێكردنەوە و تێگەیشتنی نوێ هەیە سەبارەت بە مقاصید و بەهاو مانا درەوشاوەكانی ئەو ڕوداوە گەورەیەی مێژوی موسلمانان ، كە بەهەق خاڵی وەچەرخان و گواستنەوە بوو بۆ بانگەوازی ئیسلامی ، لە قۆناغی ژێر دەستەیی و هەڕەشەی لەناو چوون و پوكانەوە بۆ قۆناغێكی نوێی ئازادی و سەربەخۆیی و كرانەوە بەڕووی دنیادا كە دەستپێكی بنیاتنانی دەوڵەت و دروستكردنی ئوممەت بە واتا سیاسی و ژیاریەكەی بوو ...
بۆیە گرنگە لەم بۆنەیەدا ئاماژە بە هەندێ لە پەندو وانە گرنگەكانی ڕووداوی هیجرەت بكەین .. دیارە گرنگترین وانە بۆ ئێمەی هەڵگرانی پەیامی ئیسلامەتی لەم ڕۆژگارەدا ئەوەیە كە موسڵمانان نابێ بەهیچ شێوەیەك ورە لەدەست بدەن و تەسلیمی واقیعی خراپ و نەخوازراو ببن ...چونكە هیچ واقیع و بارودۆخێك نیە كە هەر چەندە خراپ و دژواریش بێت ، گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت و چاك نەبێت , بەڵام گرنگ ئەوەیە كە هەڵگرانی پەیام و بەرنامەی چاكسازی ڕاستەقینە , دەبێ پشوو درێژو كۆڵنەدەر بن و بێ هیوا نەبن. لە هەموو دەرگایەكەك بدەن لە پێناو دۆزینەوەی ڕێگاچارەی دروست و گەیشتن بە هۆكار و دەرفەتی زێڕین بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری گەورەو ڕیشەیی..
ئەوەتا پێغەمبەری ئیسلام (درودو سەلامی خوای لەسەر بێت) لە ڕۆژانی پێش هیجرەت دا ، لە هەموو دەرگایەكی دەدا و پەیوەندی بە زۆربەی خێڵ و هۆزەكانی عەرەبەوە دەكرد كە لە وەرزی حەج دادەهاتن بۆ شاری مەككە ، سەردانە بەناوبانگەكەی بۆ شاری (طائف) یش هەر لەو میانە دابوو ، كە بەدوای دەرچەیەك و دەرفەتێك دا دەگەڕا بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئەنجامدانی گۆڕانكاری و چاكسازی راستەقینە ، ئەگەر چی پێغەمبەری خوایە ، بەڵام پێویست بوو وەك مرۆڤێكی ڕێبەر ڕێبازێك دابڕێژێت بۆ موسڵمانان و مرۆڤایەتی بە گشتی..
لەو پێناوەدا پێویستی بە پلانی ورد و بەكارهێنانی هەموو هۆكارە دروستەكان هەبوو بە جوانترین شێوە لەسەر بنەمای رۆیەی ڕۆشن بۆ ئایندەیەكی گەش و متمانەی ڕەها بە پشتیوانانی خوا بۆ گەیشتن بە سەركەوتن ..
دیارە ئەوەش پێویستی بە ئیمانی قوڵ و ئامادەیی تەواو هەیە بۆ خەبات و قوربانیدان و پابەندبوون بە مەبادی‌و و بەها باڵاكان لە دژوارترین كاتدا و تەنانەت لەگەڵ نەیار و دوژمنانیشدا..
پێغەمبەری ئیسلام (درودو سەلامی لەسەر) لەگەڵ هاوڕێً دڵسۆزەكانی , لە ڕووداوی هیجرەتدا جوانترین و كاریگەرترین پڕۆسەی خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانیان پێشكەشكرد و توانیان سەروەری و سەربەرزی دونیا و قیامەت بۆ خۆیان و مرۆڤایەتی تۆمار بكەن..