قـــەیران وەك زانسـتێكـی سەردەمیانەو نوێ (3)

بەشی سێهەم
    قەیران چیە؟ چۆن بتوانین قەیرانەكان بەڕئ بكەین؟؟
هۆكارە سەرەكیەكانی دروستبوون و سەرهەڵدانی قەیران :
هۆكارەكانی هەڵكردنی بای قەیران و كیشەكان زۆرن سەرهەڵدانی هەر قەیرانێك تایبەتمەندی و فاكتەر و هۆكاری بابەتی وتایبەت بەخۆی هەیە . لەبەرئەوە پێویستەبۆ ڕووبەڕوبوونەوەو چارەسەری هەرقەیرانێك  ڕێوشوێنی گونجاوو تەندروست و هەنگاوی تایبەت بنرێت . بۆیە دەبێت هەر قەیرانەو بەجیا حسابی بۆبكرێت و شرۆڤەكاری و هەڵسەنگاندن بۆتوانای كاریگەری و سەنتەری هێزەكەی بۆ ئەنجام بدرێت ئەمەش مانای ئەوەنیه كەلەنێوان قەیرانەكاندا هۆكاری هاوبەش بوونی نیە بەڵكو چەندین خاڵی سەرەكی هاوبەش لەنێوان هەموو قەیرانەكاندا بوونی هەیە
دەتوانین بەشێوەیەكی گشتی دیارترین فاكتەرە هاوبەشەكانی نێوان قەیرانەكان  بەم شێوەیە دەستنیشان بكەین :
أ‌- هۆكارە مرۆییەكان  :
مەبەست لەوفاكتەرو هۆكارانەیە پەیوەندیان بە هێزی هزرو جووڵەو هەڵسوكەوتی مرۆڤەوە هەیە وەك تاك یان بەرپرس یا سەركردە لە پێگەو شوێنە هەستیارەكاندا و كاریگەری لەسەر كەشی دەوروبەربەگشتی دادەنێت  ,  یان بڵێین كۆمەڵێك كێشەوپێشهاتە لە دەرەنجامی هەڵسوكەوتی كەسێك یان چەندكەسانێكەوە ڕوودەدەن و دەبێتە هۆكاری سەرهەڵدان و كەڵەكەبوونی قەیران لە دەزگا یان ڕێكخراو یا دەوڵەت دا دیارترینیان بریتین لە :
1• لێكنەگەشتن یان خراپ حاڵی بوون لەیەكتر:
ئەو كێشەو قەیرانانەی لەدەرەنجامی لێكنەگەشتنەوە دروستدەبن هەمیشە توندوتیژدەبێت بەڵام چارەسەركردنی ئاسانە بەتایبەت پاش دڵنیابوون لە كەموكورتی و هەڵەی زانیاریەكان ودەرچوونی بڕیاری خێراو سەرپێیی كەبەهۆكاری سەرەكی لێكنەگەشتنەكان دادەنرێت .
لەبەر ئەوە پێویستە پێش بڕیاردان بەوردی دراسەی هەموو هەواڵو زانیاریەكان بكرێت تا پارێزراوبێت لە كەوتنەهەڵە و لە خولقاندنی قەیران بەدووربێت.
2• ئیستعاب نەكردنی زانیاریەكان بە ووردەكاریەكانیانەوە :
ئاشكرایە هەڵوێستی دروست و بڕیاری بەجێ پێویستی بە بانكێكی ووردی زانیاری و تێگەشتنی دروست لەزانیاریەكان هەیە لەبەرئەوەی بەهەڵەلێكدانەوە و تێكەڵوپێكەڵی تێڕوانینەكان  دەبێتە هۆكاری جێبەجێكردنی هەڵە و دەرەنجامی هەڵەو نەخوازراو بەرهەمدێنێت ئەمەش مانای ڕێخۆشكردنە  بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی ترسناك بۆسەر پرۆژە و دەوڵەت و بڕیاری نادروستی لئ دەكەوێتەوە .
3• هەڵەكردن لە هەڵسەنگاندن و خەمڵاندندا:
زۆرترینی قەیرانەكان لەم سێكتەرەوە سەرچاوەدەگرێت بەتایبەتی لە متمانەبەخۆبوونی نا واقعی و خۆ خەڵەتاندن بە وەهمی سەركەوتن ئەمانە سەرەڕای بەكەم سەیركردنی بەرامبەرەكان كەبەهەردوتای هاوكێشەكە هەڵوێستێكی نادروستی بۆ دۆخەكە لێ بەرهەمدێت ئەوجا ئەگەر لایەنی بەرامبەر پلانێكی بەهێزی هەبێت دەبێتە ناكاوێك (مفاجئە) بەمەش هاوسەنگی تێكدەچێت و لایەنی یەكەم لەبەرشڵەژان وتوشبون بەشۆك و شپرزەبوون ناچاری بڕیاری سەرپێیی و هەڕەمەكی دەبێت و دەبێتە سەرەتایەك بۆ سەرهەڵدانی قەیران .
4• دەستەمۆكردنی بڕیاربەدەستان :
واتە دروستكردنی فشاری مادی و نەفسی  لەسەر بڕیار  بەدەستە لاوازو چاوچنۆكەكان بە سودوەرگرتن لە هەڵە شاراوەكانی پێشویان بۆ ناچاركردنیان بە ئەنجامدانی كاری هەڵەو دەركردنی بڕیاری نادروست و نابەجئ كەبۆخۆی ئەم كارەدەبێتە سەرچاوەی هەڕەشەو لادان و هەڵچوونی ئەوكەسانەی لەبڕیارەكان زەرەرمەنددەبن .
• قۆرخكاری دەسەڵات و تاكڕەوی لە بڕیارداندا :
ئەتوانین بڵێین قۆرخكردنی دەسەڵاتی بڕیاردان لەلایەن بەرپرسانەوە  فاكتەرێكی بەهێزی سەرهەڵدانی قەیرانە لەبەرئەوەی پێشهات و پێداویستیەكانی دونیای پێشكەوتو لەتواناكانی تاكەكەس گەورەترن , ئاشكرایە قۆرخكاری هەمیشە نادادی و ستەم بەرهەمدێنێت چەكی هیمەنەی بەرپرس و قۆرخكردنی بڕیاردان  زۆربەی كات وەك چەكێكی كوشندە بەچەندین ڕێگەی جیاجیا بۆ كۆنترۆلكردن و تێكشكانی هێزە بچوك و نەیارەكان بەكاردەهێنرێت . ئەمەش  ناكۆكی بەردەوام و كێشەی قوڵ و قەیران بەرهەمدێنێت .
6• نائومێدی یان ڕەشبینی :
نائومێدی هەستێكی ئاكاری مرۆڤە ودەبێتە هۆی داڕوخان و لەدەستدانی هێزی گەشەكردن و لاوازبوونی توانای كاركردن داهێنان كاری  .  سەرەتا وەك بێزاری و ڕۆتینی كار دەستپێدەكات و دواتر هەنگاو بەرەو دابڕانی یەكجاری لەنێوان بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی تاكەكەسی بڕیاربەدەستانی لئ دەكەوێتەوە ,  ئەمەش دەبێتە سەرەتای كێشەو قەیران نانەوە . 
بۆ بنبڕكردنی دیاردەی نائومێدی و ڕەشبینی پێویستە لەهەموو بوارەكاندا كەشوهەوای لەبار بڕەخسێنرێت و دۆخی كاركردن چاكتربكرێت و متمانەی تەواو بۆ هەموان دروستبكرێت بەپێی یاسا هەموو كارەكان ڕێكبخرێن .
7• (بەداوای لێبووردنەوە ئەم خاڵە بەهەڵەی نوسین لەبەشی دووەمدا دابەزیبوو) هەڵەی بەشەری  : واتە بەكارهێنانی دەسەڵاتەكان بەشێوازی ناتەندروست و نازانستی لەڕوی نەزانین یان لەخۆبایی بوون و عینادەوە  بۆیە دەتوانین بڵێین بەشێوەیەكی گشتی شێوازی مامەڵەی بڕیاربەدەستان لەڕابووردو ئێستەو داهاتوشدا هۆكاربوون و هۆكاردەبن بۆ سەرهەڵدانی قەیران و كێشەكان .
  بۆنموونە (تاكڕەوی و خۆسەپاندن  و متمانەنەبوون بەیەكدی و  پشتیوانی نەكردن و هاوكاری نەكردنی نێوان لایەن و سێكتەرە جیاوازەكان و ئەنانیەت و خۆپەسەندی و خۆسەپاندن و نائومێدی بەرامبەر ئایندە و متمانەنەبوون بە ئەنجامدانی چاكسازی و  بەشداری پێنەكردن لە دروستكردنی بڕیار  و  بوونی ناكۆكی و پیلان گیڕان لەدژی یەكتر  وخۆبەگەورەزانین و دان نەنان بەهەڵەو كەموكورتیەكانداو سوربوون لەسەر ڕاوبۆچونەكان ئەگەر هەڵەشبن ....هتد ) ئەمانەو زۆریتر بەهەڵەی دەسەڵات هەژماردەكرێن و هۆكاری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆن لە دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی و قەیرانەكانی تەواوی دونیادا .
ئەتوانرێت  ئەم ئاكارانەو زۆریتر بنبڕبكرێن ئەگەر پلان هەبێت بۆ ڕێكخستنی كارەكان بەپێی یاساو دەستوورێكی دادپەروەرانەو گشتگیر و سازدانی كەشوهەوایەكی پڕلە ئومێدو گەشبین بەئایندە و بنبڕكردنی نادادی و گەندەڵی .
زامنكەری سەقامگیری ژینگەی سیاسی و گەشەی ئابوری و بەهێزكردنی ژێرخانی دارایی  و پێكەوەژیان و ئاشتی كۆمەڵایەتی  بریتیە لەبوونی دەزگایەكی چاودێری و بەدواداچوونی سەردەمیانەیە بۆ هەموو داواكاری و پێشنیارەكان و ئەنجامدانی گۆڕانكاری پێویست و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەو دیموكراتیانەی دەسەڵاتەكانە بەپێی لائیحەو دەستورێكی چەسپاوو ڕێزلێگیراو .
                                                                         چـــــاوەڕوانبن مــــاویەتـی