بەڕوو خانی دەسەڵاتی صەدام خەڵكی عێراق چ سودێكی بینی؟!

 

هەموومان دەزانین صەدام و دارو دەستەكەی چ زاڵم و زۆردارێك بوون لە ناوچەكە بەتایبەت دژ بە كورد هەرچی لەدەستی هات ئەنجامی دا كە دوور بوون لە بەها مرۆییەكان" ئەوەی دەسەڵاتی بەعسی یەكان لە عێراق بەرامیەر كوردو خەڵكی عێراق لە ئەنجامدانی كوشتن و زیندە بەچاڵ كردن و كیمیاباران و زۆر تاوانی گەورەی تر كردی مەگەر نەمرود و فیرعەونەكان ئەنجامیان دابێت" ئیتر ئەمە داخێكی گەورەیە لە زهنی میللەتی كوردو بە دڵنیایەوە تا قیامەت پەڵەیەكی ڕەشە بە ناو چاوی زاڵمەكانی صەدام و ئەوانەی پاڵپشتیان لە بەعس كرد كە ئەم كارەی دژ بە ئێمەی كورد ئەنجام دا.

پێش ساڵی 2003 هەموو خەڵكی عێراق چاوەڕێ بووین كە دەسەڵاتی گۆڕ بەگۆڕی بەعس بڕوخێ و چیتر دیكتاتۆریەت نەمێنێ" چونكە دەیان ساڵ بوو بەدەستی ئەو ڕژێمە زۆردارە دەچەوساینەوەو ئەوەی ناوی هەوای ئازادی بوو نەمان بوو" بەزۆری گەنج و لاوی كورد دەكرایە سەربازو لەپێناوی نەفس و هەوای صەدام و مانەوەی لە دەسەڵات بە كوشتن دەچوو.
ڕێك لە2003/4/9 خوای گەورە زاڵمێكی دڵ نەرم كرد و ئەمەریكای موسەخەر كرد بۆ لەناو بردنی صە دام.
وتمان (ئۆخەی ) ئەوە صەدام لە كۆڵمان بویەوە ئیتر دەگەینە ئاواتەكانمان و لەمەو دوا كورد دەبێتە خاوەن كیانی خۆی و چیتر گەنج و لاوەكانمان بە كوشت ناچن و هەرزانی دەكەوێتە وڵات و دەبینە خاوەن پێگەی خۆمان لە بوارەكانی بازرگانی و تەواوی پێداویستیەكان بەدەست دێن بۆ خەڵكی هەژارو چەندین ساڵ قوربەسەری بۆ لەمەودوا دەحەسێینەوە.
بەڵام هەموو گریمانەكانی خەڵكی كوردستان پێچەوانە دەرچوو" ئەمەریكا بۆ بەرژەوەندی خۆی عێراقی داگیر كردو دەسەڵاتێك لەدوای صەدام عێراقی گرتە دەست بەس ناوی صەدام نەبوو ئەگینا هەموو كردارەكانی بەرامبەر كورد وەك صەدام بوو" لەماوەی 13 ساڵی ڕابردوو سەدان هاوڵاتی كورد لە ناوەڕاستی عێراق و ناوچە كێشە لەسەرەكان كوژران و كەسیش نیە بتوانێ حەقی ئەوان وەرگرێتەوە.


لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس دەیان گروپی خوێن ڕێژ لە ژێر ناوی جۆراو جۆر دروست بوون و زۆربەی گروپەكانیش لە پاشماوەكانی صەدام پێك هاتبوون و بەناوی جیهاد و ئیسلامەوە خەڵكیان دەكوشت و دژایەتی هێزەكانی ئەمەریكایان دەكرد لەناو خاكی عێراق" بەڵام هەزاران هاوڵاتی بێتاوانیان بە تەقینەوەو تیرۆر كردنەوە كوشت و جەرگی هەزاران دایكی بێ تاوانیان سوتاند"

دواتر ئەو گروپانە بەپێی گۆڕانكاری بارودۆخەكە شكستیان هێناو هەر یەكەو بەلایەكدا ڕۆیشت و قوربەسەریەكە بۆ خەڵكی عێراق مایەوە.
بابەتەكە زۆر هەڵدەگرێت بۆیە دەمەوێ بە كورتی هەندێ خاڵ بڵێم:


1- لە دوای ڕوخانی صەدام كورد سودی لەڕوخانی دوای صەدام وەرنەگرت و لە پێناوی بەرژەوەندی حزبایەتی جارێكی تر هەر حزبەو خۆی بەلایەك داكێشاو ڕوئیای سیاسی كوردی پەرتەوازە بوو.


2- كە صەدام ڕووخا كورد دەیتوانی دەست بەچێ كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی تر بخاتە ژێر ركێفی خۆی و هاوڵاتیانی كوردی وەك پێشوو لێی نیشتە جێ بكاتەوە.


3- لەبەشداری كردنی كورد لە حكومەتی بەغدای دوای صەدام دەبوایە سەركردایەتی سیاسی كورد كۆمەڵێك مەرجی هەبوایەو كاتێكی دیاری كراوی دانابا بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانی لە بەغدا.


4- هەر ئەوكاتەی صەدام ڕووخا حزبەكان و قیادەی كوردی دەی توانی سەربەخۆی كوردستان ڕابگەیەنێت و ڕیفراندۆمیش ئەنجام بدات" بەڵام ململانێی دوو حزبی دەسەڵات دارو دابەش بوونیان بەسەر دووبەرەی دژ بەیەك ئەو خەونەی لە گۆڕنا.