قـــەیران وەك زانسـتێكـی سەردەمیانەو نوێ 4

 

بەشی چوارەم      4
    قەیران چیە؟ چۆن بتوانین قەیرانەكان بەڕێ بكەین؟؟                                                                        
    ب – فاكتەرە ئیداری و كارگێڕیەكان :
كەموكورتیە ئیداریەكان لەگرنگترین فاكتەرەكانی دروستبوون و پەرەسەندنی قەیرانەكانن وەك پێشتر لە نێو هەڵە بەشەریەكاندا ئاماژەمان بەلایەنە مرۆییەكەیدا بەڵام لەڕوی كارگێڕیەوە مەبەست  لەو كۆمەڵە هۆكارانەیە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە پلانی ئیدارەكردن و ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانەوە وەك .:
1- لاوازی و كەموكورتی لە ڕووی تێچوونی مادی و بەكارهێنانی عنصوری بەشەریەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ قەیراندا
2- پشتگوێخستن و حسابنەكردن بۆ زەنگی هۆشیاری وەك (سكاڵای هاووڵاتیان وبڵاوبوونەوەی گەندەڵی و خزم خزمێنە و نادادی و ستەم و..هتد).
3- بەڕێوەبردنی ناتەندروست و بڕیاری هەڵەشە و سەرپێی ئەم شێوازی بەڕێوەبردنە نەك تەنها قەیران دەخولقێنێت بەڵكو هەموو جوانیەكان دەشێوێنێت و یەكڕیزی لەبەریەك هەڵدەوەشێنێت و هەموو هێزەكان پەرتەوازەو تەفروتونادەكات و دەبێتە هۆكاری لەدەستدانی سەروەری و دەستكەوتەكان ......
زۆربەی كات ئەم جۆرە بەڕێوەبردنە لە نەزانی و كورتبینی و نەبوونی تێڕوانینی زانستیانەو ناڕوونی ئیستراتیجیەت و لادان لە پرەنسیپە مەدەنی و پێشكەوتنخوازەكانەوە سەرچاوەدەگرێت و دەبێتە هۆی ئەوەی هاوبەشەكان بڕوایان بە شێوازی پێكەوەكاركردن و جێبەجێكردنی پلان و نەخشە نەمێنێت و بەئاراستەی دووبەرەكی و ناكۆكی هەنگاوبنێن , لەمساتەوەختانەدا پێوەری كاركردن تەنها دەستكەوت و  بەرژەوەندیەكورتخایەنەكانی لایەنە ناتەباكانی قەیرانەكەدەبێت , لەو نێوەندەشدا ئاسایشی نان و ژیانی هاووڵاتیان دەكەوێتە نێوەندی بەرداشی هەژموونی دەسەڵات و تەوژمی دژەئاراستەی هێزی وروژێنەری قەیران .
4- ناڕونی ئامانج و هەڵوێست لەبەرامبەر پرسە هەستیارو چارەنوسسازەكاندا ئەمەش لە هەڵسەنگاندن و نرخاندنی نابابەتیانەی شێوازی كاركردن و مامەڵەكردنی (دەزگا ڕێكخراو حیزب دەسەڵات ) لەگەڵ دروشم و ئامانج و (جەماوەری هاووڵاتیدا) ئەمەش دوفاقی نێوان دروشم و بڕواو كردار دەگەیەنێت لەئەنجامدا لاوازی پلان وناڕونی لە دیاریكردنی ئەركو بەرپرسیارێتیەكانی لئ بەرهەمدێت و سەربۆ تاكڕەوی و پشێوی دەكێشێت .
5- دانانی كەسانی ناشایستەو نەشیاو لە پێگەهەستیارەكاندا ئاماژەیەكی ترسناكی گەندەڵی و نادادیەو واتای قۆرخكردنی دەسەڵات دەگەیەنێت و لەهەر دەزگاو دەسەڵاتێكدا ئەم دەردە پەرەیسەند جیلێك بەرپرسی كارتۆنی دروستدەبێت كەهسچ جۆرە كاریگەریەكیان نابێت و تەنها وەك دیكۆر بوونیان هەیە ناسینەوەی ئەم نیشانەیە لە ڕێگەی ئەم سئ خاڵە سەرەكیەوە دەبێت :
*- بەرپرسان دەبن بە پاشكۆ بۆ سەرەوەی خۆیان و هەمیشە پیایانا هەڵدەدەن و بەردەوام دەترسن لەوەی وەزیفەكانیان لەدەستبدەن.
*-لاوازی پەیوەندی نێوان جومگەكانی بەڕێوەبردن و هاووڵاتی لەبەرنزمی ئاستی بەرپرس و نەبوونی توانای جێبەجێكدنی داواو خواستی هاووڵاتیان .
*- نەبوون یان كەمی جورئەتی بڕیاری یەكلاكەرەوە  و زۆرجار هەڵبژاردنی بێدەنگی  تا ڕونبوونەوەی هەڵوێستەكان و بەشداری پێنەكردنی ئەندامان لە چارەسەری كێشەوپێشهاتەكان نەبادا پێشنیارەكان بەدڵی سەروی خۆیان نەبێت .
بەدیكردنی ئەم نیشانەنەش لەهەر كۆمەڵگەیەكدا ئاماژەیە بۆ ناتەندروستی دەسەڵات و زەمینەی سەرهەڵدانی قەیران لەبارتر دەكات
ج – فاكتەرو كاریگەریە دەرەكیەكان :
كۆمەڵێك هۆكارو فاكتەری دەرەكی (دەرەوەی توانا ئیداری و تۆكمەیی پلانەكان) كاریگەری گەورەیان لەسەر تێكچونی باری ئاسایی هەیە و دەبنە هۆكاری سەرهەڵدانی قەیران  لەوانەیە هەندێكیان  پەیوەندی لاوەكیان بە فاكتەرەكانیتری وەك هێزو توانا مرۆییەكان و شێوازی بەڕێوەیردنی نێوخۆییەوە هەبێت بەڵام زۆربەی كات  سەرچاوەی قەیرانەكە دەرەوەی ویست و تواناو ئیرادە نێوخۆییەكانە .
وەك :
1- ڕوداوو كارەساتە سروشتیەكان :
بەیەكێك لە سەرچاوەكانی قەیران دادەنرێت  بۆنموونە (زەمین لەرزە . گڕكان . لافاو . وشكەساڵی و قاتی و قڕی...هتد   ) ئەمانەو   زۆریتر كە بەئاسانی ناتوانرێت پێشبینی بۆبكرێت و سنووری بۆ دیاری بكرێت  زۆرجار ئەمانە دەبنە سەرچاوای قەیران بۆ دەسەڵاتە خۆجێییەكانی ناوچە كارەسات بارەكان
2- پڕوپاگەندەو پیلانگێڕی و هێرشی ڕاگەیاندنی  چەواشەكاری دەرەكی :
ئەم جۆرە ڕوبەڕوبوونەوانە زۆركات دەبنە هۆكاری نائارامی و لەدەستدانی متمانەی جەماوەرو  سەرهەڵدانی پشێوی و قەیرانی قوڵ بەتایبەت لەكاتێكدا پلانی نەیارە دەرەكیەكان بەهێز و داڕێژراوبێت  و پشت بەهەندێك هەڵەی سیاسی نێوخۆ و داتای گەندەڵیەكان و بەڵگەی حاشاهەڵنەگر ببەستێت كە لەواقعی نێوخۆدا بوونیان هەبێت  (بەتایبەت لەم زەمەنی جیهانبینیەدا كە دوونیا لەسێبەریدا وەك وڵاتێك یان شارێكی گەورەی لێهاتوە و بەكەمترین كات  زۆرترین هەواڵ دەستدەكەوێت بەهۆی ئەوهەموو ئامرازی بەیوەندی و تەكنۆلۆجیا پێشكەوتواتنەی كەتوانای بڕینی هەموو سنورێكیان هەیە ...) .
لەبەرئەوە پێویستە بەحیكمەت و ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ سەرجەم پیلان و پڕوپاگەندە وهێرشی میدیایی و ڕاگەیاندنەكاندا بكرێت بۆئەوەی پارێزگاری یەكڕیزی و یەك دەنگی و تەبایی نێوماڵ  بكرێت و دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵ دەرنەچێت .
3- ڕوبەڕو بوونەوەو پێكدادانی بەرژەوەندی هێزە كاریگەرە دەرەكیەكان :
ململانێی هێزە دەرەكیەكان بۆ بەهێزكردنی پێگەو فراوانكردنی سنوری هەژموون و پاراستنی بەرژەوەندیەكانی هەندێكجار دەگاتە ئاستێكی مەترسیدار لەو ناوچانەی دەبنە گۆڕەپانی ململانێكان بەجۆرێك ترسو گومانی دروستبوون و خولقاندنی قەیرانی لێ بكەوێتەوە  . هەریەكە لە جەمسەرە جیاوازەكان  بۆ فشار دروستكردن لەسەر لایەنی بەرامبەر بەچەندین پلان شێوازو ڕێگای جۆربەجۆر دەگرێتەبەر لیرَرەوە دوورنیە لایەنی سێیەم وەك زەمینەی ململانێكان ببێتە قوربانی خواست و بەرژەوەندیەكانی هێزە ناكۆكەكان .
ئەگەرچی لە ڕوودانی قەیراندا هەمولایەك زیانی بەردەكەوێت بەڵام هەرلایەك دەیەوێت خۆی كەمترین و ئەویتر زۆرترین زیانی بەربكەوێت  ئەم هاوكێشەیەش كە ئامانجی لەقاڵبدانی بەرامبەرەكانە لەسەر تواناو هێزی ململانێی هەریەكە لە دژە ئاراستەكان ڕادەوەستێت  .
دەزگای چارەسەری قەیران هەڵدەسێت بە دیاریكردنی فاكتەرەكانی قەیران و هێزە پاڵنەرەكانی پاشان كاردەكات لەسەر هەریەكە لە خودی قەیرانەكەو هێزە ورووژێنەرەكانی قەیران بەجۆرێك هەریەكەیان داببڕێت لە گەڵ جەماوەر و لایەنگرانیان و وەهەوڵی لادانیان لە داوا سەرەكی و بنچینەییەكان بدات لەڕێی ڕامالینیان بەشێوازی تەقلیدی و كۆن یان لەڕێی پلانێكی تۆكمەو ڕێكارێكی سەردەمیانەوە ئەم ڕێكارانەش پێیان دەوترێت (نائاسایی یان پێشكەوتو ) بەشێوەیەكە بە گیانی مرۆڤدۆستی و سەردەم نامۆنیەو دەتوانین بەم شێوەیەی خوارەوە دەستنیشانی بكەین :
                                                                                   چـاوەڕوانمانبن ماویەتی.