قـــەیران وەك زانسـتێكـی سەردەمیانەو نوێ 5

بەشی پێنجەم
                                                   
    قەیران چیە؟ چۆن بتوانین قەیرانەكان بەڕئ بكەین؟؟
قۆناغەكانی قەیران :
دەستنیشانكردنی قۆناغی گەشەی قەیران بە هەنگاوی  بنچینەیی و كاریگەر دادەنرێت لە زانینی ئاراستەو قەبارەی قەیراندا بەشێوەیەكی وود . توێژەران بەچەندین شێوەی جۆراوجۆر باسیان لەقۆناغەكانی قەیران كردوە هەریەكەو لەگۆشەنیگای پسپۆڕی و پێوەری زانستی تایبەت هەڵسەنگاندنیان كردوە ,لەكۆتاییدا هەموو بیروبۆچوونەكان دەگەنە یەك دەرەنجام و بیروڕاكانیان لەیەكترەوە نزیكن 
بەگشتی ئەتوانین بڵێین قۆناغەكانی قەیران بریتین لە :
1-قۆناغی لەدایك بوونی قەیران (میلادالازمە)   2- قۆناغی نەشونماكردنی قەیران   3- قۆناغی پێگەشتن و كامڵبوونی قەیران
           4- قۆناغی ئابڵۆقەدان و بچووككردنەوە قەیران                   5- قۆناغی لەناوچوون و كۆتایی قەیران .
1-قۆناغی لەدایك بوون و سەرهەڵدانی قەیران (میلاد)  :
دەتوانین ناویبنێین قۆناغی هوشیاربوونەوە یان زەنگی سەرەتایی لەبەرئەوەی سەرەتای لەدایكبوونی قەیران دەستپێدەكات لە شێوازی هەستێكی نادیار وەك دەوترێت (سەرەتا بۆنی سەرهەڵدانی قەیرانەكە بڵاودەبێتەوە) بەوەی چەندین ئاماژەی تەمومژاوی  دەبنە هۆكاری سەرهەڵدانی ترسێكی نا روون و نادیار و باڵكێشانی دۆخێكی ناجێگیرو ناتەندروست  , ئەمەش بەهۆی نەبوون یان كەمی و ناڕوونی زانیاری دەربارەی هۆكاری سەرهەڵدان و شێوازی گەورەبوون و گەشەكردن و نادیاری ئەوبوارانەشی كە قەیرانەكە تێیاندا سەرهەڵدەدات .
لەم قۆناغەدا پێویستە بڕیاربەدەستان لە هەوڵی بەدەستهێنانی كەرەسەی گونجاوی ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی قەیرانەكەدابن پێش تەشەنەسەندن و بەربڵاوبوونەوەی  , دیارترین و بەهێزترین چەكی ئەم بوارەش بریتیە لە هونەری باش مامەڵەكردن و پەیبردنی خیرا بەكێشەكان و  تا بتوانێت بەشێوەی كاتی رێگە لەگەشەكردنی قەیرانەكە بگرێت و پاشان زاڵببێت بەسەریدا یان بابڵێین رێگە لەگەشەی قەیرانەكە بگرێت پێش لە تەقینەوەو پەرەسەندنی .
2- قۆناغی نەشونماكردنی قەیران   :
     وەك دەرەنجامێكی  لێك تینەگەشتنی نێوان جومگە هەستیارەكان و هێزە قەیراناویەكەدا لەڕووی داواكاری  جەماوەرو دابینكردنی پێداویستیەكان  و خوێندنەوەی خراپی بڕیاربەدەستان لەقۆناغی سەرەتای سەرهەڵدانی كێشەو قەیرانەكەدا زەمینەی گەشەو نەشونمای قەیران لەباردەبێت بە كارلێكی فاكتەرە ناوخۆییەكانی قەیرانەكەو فاكتەرەدەرەكیەكانی قەیران (مامەڵەی خراپ لەگەڵ بارودۆخە قەیراناویەكە)دا بەجۆرێك لەم قۆناغەدا بەرپرس و بڕیاربەدەستان ناتوانن نكولی لە بوون و تەشەنەی قەیرانەكە بكەن . بۆیە ناچارن مامەڵەی لەگەڵ بكەن.
3-قۆناغی كامڵبوون و گەشتنەترۆپكی قەیران :  
بە ترسناكترین قۆناغی قەیران هەژماردەكرێت  لەبەرئەوەی ڕوداوەكان توندترو گەورەتر دەبن لەدەرەرەنجامی پلانی نادروست و یان لەبەر بوونی كەموكورتی و شكستخواردن لە پلانەكاندا , كاتێك بڕیاربەدەست خۆسەپێنەكان لەگەڵ كەمی زانیاری و شارەزایی لەبوارەكەدا سووردەبێت لەسەر ڕاوبۆچونەكانی لەم كاتەدا قەیران دەگاتە چڵەپۆپەو هێزە بەركارەكان یان لایەنی پشتیوانی كێشەكە ئاگری قەیرانەكە زیاتردەكەن بەجۆرێك كۆنترۆڵكردنی ئەستەم دەبێت و لەم قۆناغەدا پێكدادان حەتمی دەبێت
4 -قۆناغی ئابڵۆقەدان و بچووككردنەوە قەیران  :
پاش بەریەككەوتن و پێكدادانی قورس لەنێوان دەسەڵات (بڕیاربەدەستان)و گۆشەكانی قەیران دەبێتەهۆی لەدەستدانی بڕێكی زۆر لەهێزەكەی بەجۆرێك ووردە ووردە ڕەونەقی لەدەستدەدات و بەرەو ئاوابوون دەچێت. بەڵام هەندێك جار بەدینەهاتنی داواو ئامانجەكانی قەیرانەكە دەبێتە پاڵنەرێكی نوئ و بەهێز بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی قەیرانەكە بە گوڕو تینێكی زیاترەوە بۆیە دەبێت دەستەی باڵای چارەسەر  دووربینانە ووردبینی بكات بە ئامانجی بەدواداچوونی تروسكەی لایەنەكانی قەیرانەكە ,

ئەمەش دەبێتە هۆكارێكی گرنگ لەڕێگریكردنی سەرهەڵدانەوەو گەشەكردنی قەیرانەكە پاش خەفەبوون و وون بوون .
    5- قۆناغی لەناوچوون و كۆتایی قەیران :
قەیران دەگاتە دوا مەنزڵگەو قۆناغی كۆتایی پاش لەدەستدانی هێزی بەردەوامی و بەرەوپێشچوون بەجۆرێك كاریگەریەكانی و سیمای بوونی لەدەست دەدات . ئەمەش بە دوا وێستگەو دوا قۆناغی قەیران هەژماردەكرێت كە پاش ئابڵۆقەدان و بچووككردنەوەو دابڕینی لە خاڵە بەهیزو ورووژێنەرەكانی دێت بەشێوەیەكی تدریجی . 

پێداویستیەكانی ڕوبەڕوبوونەوەی قەیران : بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیران پێویستمان بە چەند كارێكی بنچینەیی هەیە لەوانە:
1- پێكهێنانی تیمی چاودێری و بەڕێوەبردنی قەیران :
هەنگاوی یەكەم لە ڕوبەڕوبونەوەو چارەسەری قەیران بریتیە لەپێكهێنانی تیمێكی خاوەن بڕیارو لێوەشاوە . وەك پسپۆڕانی بواری ڕامیاری و كارگێڕی و ئابوری ئاماژەیان پێكردوە دەبێت تیمەكە بەسەرۆكایەتی و سەرپەرشتی (بڕیاربەدەست) كەسی یەكەم بێت . لەبەرئەەی قەیران پێویستی بە كاردانەوەوی خێرا و بڕیاری یەكلاكەرەوە هەیە , لەبەر كەمی كات وەك ووتمان خێرایی ڕوداوەكان یەكێكە لەنیشانەكانی قەیران هەروەها فشاری جەماوەرو هەستیاری دۆخەكە هەمیشە بڕیاری خێرا دەخوازن
باوترین و بڵاوترین شێوازی مامەڵەكردنی قەیران بریتیە لە كۆكردنەوەی ووردی هەموو زانیاریە پەیوەستەكان بە قەیرانەكە بەبئ پشتگوێخستنی هیچ ئەگەرو گریمانەیەك لەلایەن چەند كەسێكی پسپۆر و كارامە لەبوارەجیاجیاكاندا لەنێو تیمو دەستەی ڕاپەڕاندنەكەدا.
2- پلان وەك پێویستیەكی سەرەكی و بنچینەیی
پشتبەستن بە ئیستراتیجیەتی پلانی دروست و گونجاو بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی قەیران زۆر گرنگ و كاریگەرە محمد ڕەشاد حەملاوی دەڵێت ( كردارەكانمان كاردانەوەیە جیاوازی زۆرە لەنێوان كاردانەوەیەكی پلان بۆداڕێژراوو و كاردانەوەیەكی هەڕەمەكی و سەرپێییدا) , لێرەوە دەتوانین بڵێین زۆربەی هەڵە مرۆیی و كارگێڕیەكان لەئەنجامی نەبوونی بنكەیەكی ڕێكخستنی زانیاریەكان و پلاندانەوە ڕودەدەن .
ڕەشاد حەملاوی لەكۆتاییدا دەڵێت (ئەگەر ئێمە پلانی بەرەنگاربوونەوەو كۆتاییهێنان بەقەیرانەكانمان نەبێت هەموو قەیرانێك بەوشێوەی دەیەوێت كۆتایی بەخۆی دێنێت نەك بەوشێوەی ئێمە ئارەزومانە) .
لەمانەوە بۆمان بەدیاردەكەوێت خۆسازدان و بەرنامەڕێژیو پلان سازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران لە بەڵگەنەویستە بنچینەییەكانی ئیدارەی سەركەوتوە و چەندین دەسكەوتی گەورەی لێ بەرهەمدێت لەوانە :
أ – دەبێتە ڕێگر و بەربەست لەبەردەم ڕودانی قەیراندا
ب- لەكاتی ڕودانی قەیراندا شوێنەوارەكانی كەمدەكاتەوەو دەبێتە بەربەست لە بەردەم هەر ناكاوو چاوەڕوان نەكراوێكدا (المفاجئە).
ج – پلاندانان دەبێتە بەرچاوڕوونی و ئاسانكاریەك بۆ تیمەكانی چارەسەری قەیران تابتوانن كاردانەوەی ڕێكوپێك و تەندروست    
        لەبەرامبەر هەر ناكاو و پێشهاتێك كە هاوكاتی قەیرانەكان ڕودەدەن  بگرنەبەر .
                                                                                                         چـــــاوەڕوانبن مــــاویەتـی