كە ناڕەزایی سودی نەبوو

كە ناڕەزایی ، سوودی نەبوو ؛
 با پەنا بۆ پاڕانەوە لە (گردەكان ) ببەین.

دوای ئەوەی كە لە چەند مانگی ڕابوردوودا خەڵكی بەستەزمانی هەرێمی كوردستان بەهەموو چین و توێژەكانیەوە ، بە میدیاو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیەوە هتد.. زۆربەی شێوازو ڕێگاكانی ناڕەزاییان بەرامبەر بە دەسەڵاتی حوكمڕانی و ئەوقەیرانە سیاسی و داراییەی كەخوڵقاندویەتی ، تاقیكردەوە و هیچیان كاریگەرییەكی ئیجابی و سوودێكی نەبوو ، چونكە دەركەوت كە دیموكراسیەت لای نوخبەی حوكمڕانی ئێمە، تەنها دروشمێكی بریقەدارە، نەڕەنگی گرتووەو نە ناوەڕۆكی هەیە؛ من پێشنیار دەكەم با خەڵكی كوردستان پەنا ببەن بۆ میكانیزمێكی دیكە ، كەئەویش بریتیە لەوەی  ئەم چین و توێژانە ، (مامۆستایانی ئاینی ، ئەكادیمی و مامۆستاكان ، پزیشكان ، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ، نوسەران و ڕۆشنبیران ، كەسو كاری شەهیدان ، هی تریش) باپێكەوە وەفدێكی گەورە پێك بهێنن و بە (ئاڵای سپیەوە) ڕووكەنە گردە (سەركەشەكان ! ) و بەناوی خەڵكەوە پەشیمان بوونەوەی خۆیان لە دەربڕینی ناڕەزاییەكان دەربڕن و دروشمی (سەد گوناهو یەك تەوبە) بڵێنەوەو لەجیاتی ناڕەزایی، سەری ملكەچی بۆ (پاشاو سوڵتانەكان)ی نێو كۆشكەكانی سەرگردەكان ، دانەوێنن و لێیان بپاڕێنەوە و ئەگەر بەپێویستیشیان زانی (دەستیان ماچ كەن) و داوایان لێ بكەن كە بەزەییان بەو رەعیە تەیاندا بێتەوەو سنورێك بۆ ناكۆكیە 50ساڵیەكەی نێوانیان دابنێن و لەهەمان كاتدا بەشێك لەو پارەو پوولەی میللەت كە لەژێردەستیاندایە ، بگەڕێننەوە بۆ خاوەنەكانی ...