شه‌شه‌وانه‌ی پێچه‌وانه‌ !!

 

  • جاران نه‌كـ به‌غدا وده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ! به‌ڵكو ته‌واوی ناوچه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ خاوه‌ن حكومه‌تێكی كامڵی ڕه‌شید ، ده‌بوو چاو له‌هه‌رێم بكه‌ن ولێره‌وه‌ وانه‌كانی به‌ڕیوه‌بردنی وه‌ڵات وده‌وڵه‌تداری فێربن ! وه‌لێ زۆری نه‌خایاند ناچار بووین باوه‌ڕبكه‌ین به‌قه‌ولی ‌هه‌ندێ سیاسی وحزبی هه‌ڵپه‌ی هه‌لپه‌رست ، كه ئه‌بێ بگه‌ڕینه‌وه‌ بۆ ‌به‌غدا وله‌خزمه‌تی مالكی وعبادی وعامری وموهه‌ندیس ، توێشووی ده‌وڵه‌تداری بێنینه‌وه‌ ولێره‌ ته‌رجه‌مه‌یكه‌ین ! له‌ئێستادا وپاش حه‌وت مانگـ له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق وحكومه‌ته‌ ته‌كنۆكراته‌كه‌ی به‌غدا ! لێره‌ش له‌كوردستاندا زیاتر له‌دوو مانگه‌ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی په‌رله‌ماندا گوزه‌ر ئه‌‌كا ، نا به‌غدا به‌ته‌واوی حكومه‌تی پێكهێناوه‌ نا لێره‌ش هه‌نگاوی جیددی بۆ ده‌نرێ ! كه‌سیش باسی چاولێكردن وچاولێگه‌ری وگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا وبه‌ستنه‌وه‌ی پارێزگاكانی هه‌رێم به‌ناوه‌نده‌وه‌ ناكا !! به‌داخه‌وه‌ خه‌ریكـ بوو وه‌ڵاتی ته‌قینه‌وه‌ی پڕ له‌دووكه‌ڵوو خۆڵوخاشاكی عێراق ، لێمان كه‌ن به‌ژاپۆن ونه‌مسا ، سكمان به‌خۆمان ده‌سووتا !! له‌ڕاستیدا هه‌ولێر وبه‌غدا دوو ڕووی یه‌كـ دراوی ساخته‌ی هه‌ڵاووساوی سیاسی وئه‌خلاقین ! ڕاستیه‌كی تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ولێر و‌به‌غدا چاویان له‌یه‌كتره‌ وپێكه‌وه‌ به‌سراوه‌نه‌ته‌وه‌ به‌هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانی ئێستای نێوان زلهێزان و وه‌ڵاتانی ئیقلیمی ، هه‌تا ئه‌وان له‌نگه‌ر نه‌گرن ، لێره‌ ئۆقره‌ ناگرن ! واته‌ ته‌نها له‌وه‌دا جوان وشایسته‌ی چاولێكردنن كه‌هه‌ردوولا لێچووی له‌وچووی یه‌كتربن !

:

  • ئه‌مریكا به‌پاساوی قه‌ڵاچۆكردنی ترۆر ونه‌مانی داعش ، پشتی له‌هه‌موو به‌هاو پرنسیپێكی سیاسی وئه‌خلاقیكرد له‌سوریا ! وه‌لێ فه‌ره‌نسا به‌هه‌مان پاساوو هۆكاره‌وه‌ ئه‌یه‌وێ له‌و وه‌ڵاته‌ بمێنێته‌وه‌ ! ئه‌پرسین هه‌ر به‌ڕاست داعش ماوه‌ یاخود نا !؟ ده‌ی بۆ ئه‌‌بێ دوو وه‌ڵاتی زلهێزی وه‌كـ ئه‌مریكا وفه‌ره‌نسا له‌یه‌كـ كاتدا دوو هه‌ڵوێست و دوو بڕیاری جێاوازیان هه‌بێ !؟ بۆ ده‌بێ به‌م هه‌موو هێزه‌ی وه‌ڵاتانی ڕۆژئاوا نه‌توانرێ بۆ كۆتاجار داعش بنه‌بڕ بكرێ !؟ ئه‌گه‌ر داعش تیرۆریسته‌ ودژی هه‌موولایه‌كه‌ !؟ ده‌ی له‌چ گۆشه‌ ولایه‌كی ئه‌م سه‌ر هه‌ساره‌دا نیشته‌جێیه‌ وگه‌شه‌ ده‌كا ! كێ هاوكاری ماددی و له‌پشته‌وه‌ مانه‌وه‌ وبه‌هێزكردنی بیری تووندڕه‌وی وتیرۆره‌‌ !؟ له ‌ئه‌مریكا تێرمان فریووخوارد ، نۆبه‌ی فه‌ره‌نسایه‌ !!

:

  • شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی نێوان داعش وهێزه‌كانی سوریای دیموكرات و یه‌په‌گه‌ ویه‌په‌ژه‌ له‌ناو خاكی سوریا و له‌ڕۆژئاوای كوردستانه‌ ، واته‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕو داوكاریه‌كـ هه‌بێ زیاتر ڕووی له‌دیمه‌شق وڕژێمه‌ ڕزیوه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌ده‌ ! كه‌چی سوریا بێ ده‌نگه‌ و توركیا ئاگر كه‌وتۆته‌ كه‌وڵی و له‌شكر كێشی ئه‌كا ! هه‌وڵ وجیهادی حه‌وت وه‌ڵاتی عه‌ره‌بی وئیسلامیی نه‌یتوانی ڕژێمی ئه‌سه‌د به‌چۆكدا بێنێ ! وه‌لێ له‌به‌رانبه‌ر داگیركردنی داعش و له‌شكر كێشی توركیا خۆی به‌خاوه‌ن ماڵ نازانێ ! له‌ولاشه‌وه‌ ئاهه‌نگـ ده‌گێڕێ به‌كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكاو چۆڵكردنی زیاتری وه‌ڵاته‌كه‌ی بۆ هێرشی ده‌ره‌كی ومانه‌وه‌ی تیرۆر !! ئه‌پرسین به‌كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا و بێده‌نگی ڕووسه‌كان وبه‌رده‌وامی له‌شكر كێشی توركیا ، جگه‌ له‌به‌هێزبوونی ترۆر جارێكی تر ناوچه‌كه‌ په‌لكێشێ جه‌نگێكی ئیقلیمی ناكا ، ئه‌مجاره‌یان به‌سه‌رپه‌شتی فه‌ره‌نسا نه‌كـ ئه‌مریكا و ڕوسیا !؟

:

  • بگره‌ وبرده‌ی پشیله‌ ومشكـ ئاسای نێوان ئه‌مریكا وئێران بۆ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵات وسیستمی هه‌ردوووه‌ڵات ‌تا ئاستی شه‌ڕه‌ ده‌نووكی مریشكه‌ ڕه‌شه‌كه‌ ئه‌چن و به‌رده‌وامن ، وه‌لێ دواجار دێنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌وخاڵه‌ی كه‌جارێكی تر پێكه‌وه‌ گرێان ده‌داته‌وه‌ ! له‌ئێستادا به‌گوێره‌ی سیاسه‌تی نوێی ئه‌مریكا وبۆ ئه‌م قۆناغه‌ فشاره‌ به‌ئاراسته‌ی دابڕانی ئێران له‌وه‌ڵات وگروپ وحزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی سه‌ر به‌ هێڵی شیعه‌ ئێران‌ ! جا ئه‌گه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ وڕاست ده‌رچێ ، ئه‌وا زۆرێكـ له‌و وه‌ڵات وحزب وگروپانه‌ هاواری دارایی وقه‌یرانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریان لێ هه‌ڵ ئه‌سێ و دادو بێ دادای و بێده‌سه‌ڵاتی ڕوویان تێ ئه‌كا !! ئه‌مه‌ش به‌پانتایی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وده‌رئه‌كه‌وێ ، بێ جێاوازی ولێده‌ركردن هه‌ر له‌حه‌شده‌و هه‌تا مه‌شد ئه‌یگرێته‌وه‌ !!

:

  • ئه‌وه‌ی ناوی لێنراوه‌ لوت به‌رزی پارتی به‌رانبه‌ر یه‌كێتی ، هه‌ڕه‌شه‌ی یه‌كێتی له‌پارتی ، گوایه‌ ئه‌م دوو حزبه‌ به‌ئاسانی له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت ناگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن !! ئێوه‌ش‌ ده‌زانن ومه‌علومی عاموو عه‌وامه‌ وله‌مێژوودا تۆماره‌ كه‌ ئه‌م دوو حزبه‌ هه‌رچه‌ند خۆیان له‌یه‌كتر گیڤ بكه‌نه‌وه‌ وخواره‌وه‌ش گه‌رمتر بكه‌ن ! وه‌لێ دواجار ڕێكـده‌كه‌ون وپێكـدێنه‌وه‌ !! واته‌ ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێ وكۆبوونه‌وه‌ ودوای كۆبوونه‌وه‌ ئه‌خه‌ن و به‌رده‌وامی هه‌یه‌ ! ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ وكراوه‌ته‌ بیانوو هه‌تا به‌كه‌مترین پۆست وئیمتیازات حزبه‌كانی تر به‌شداری پێ بكه‌ن وكێشیان بێرن !! به‌مجۆره‌ هه‌ردوولا ڕوو له‌ حزبه‌كانی تر ئه‌نێن ، پارتی ئه‌ڵێ به‌خوا یه‌كێتی ڕازی نابێ و ناكرێ ، ده‌ی با ئێوه‌ش له‌و دواكاریه‌ خۆش بن‌ ! یه‌كێتیش ئه‌ڵێ ده‌ی به‌خوا پارتیم بۆ قایل ناكرێ ، مه‌گه‌ر هه‌ر ئێوه‌ مه‌رجه‌كانتان كه‌م كه‌نه‌وه‌ !! به‌م گه‌مه‌ درۆینه‌ جارێكی تر كڵاو له‌سه‌ر هه‌مووان ده‌نێنه‌وه ‌ !!

:

  • هێنده‌ی حه‌قیقه‌تی فه‌شه‌لی بیست وحه‌وت ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی ویه‌كێتی و ئه‌و هه‌موو پاشقول وله‌پشته‌وه‌ لێدان له‌یه‌كتر ، حه‌قیقه‌تی ئه‌وه‌ش مه‌علووم بووه‌ كه‌هه‌ر سێ حزبه‌ ئیسلامییه‌كه‌ به‌درێژایی ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ی ئه‌زموونی حزبایه‌تی وگۆڕینی ئالیه‌ت ومیكانیزم وبه‌شداریان له‌حكومه‌ت وئۆپۆزسیۆن بوونیان به‌تایبه‌تی له‌خولی ڕابووردوو هیچ شتێكـ نه‌ما نه‌كرێته‌ قوربانی شه‌قام وبه‌دروشمی گه‌وره‌ و‌به‌لافیته‌ی چه‌ند مه‌تری نه‌خرێته‌ بازاڕه‌وه‌ وهه‌رزان فرۆش نه‌كرێ !! كه‌چی متمانه‌ی شه‌قام ته‌نها له‌20% ده‌نگده‌ران بووه‌ ! جا سه‌یرو ته‌ماشا له‌وه‌دایه‌ پارتی ویه‌كێتی سه‌رباری پشتیوانی ده‌ره‌كی وپه‌نابردن بۆ وه‌ڵاتانی ئیقلیمی وجووت حزبی خاوه‌ن هێزی سه‌ربازی ودارایی ، بۆخۆشیان له‌كاته‌ ته‌نگو چاره‌نووسسازه‌كاندا پشتی یه‌كتری به‌رناده‌ن وپێكه‌وه‌ قه‌یران وهه‌ڕه‌شه‌كانی وه‌خت تێ ئه‌په‌ڕێنن ، وه‌لێ بۆ ئیسلامییه‌كان به‌پێچه‌وانه‌وه‌‌ ئه‌وان بۆ هه‌موو لایه‌كـ ئه‌چن وله‌هه‌موو كه‌س ئه‌پاڕێنه‌وه‌ وداوای هاوڕێه‌تی ونزیكی ئه‌كه‌ن ، جگه‌ له‌خۆیان ده‌رگایان به‌ڕووی هه‌موو كه‌سێكدا كراوه‌ و له‌سه‌ر پشته‌ !!