كێ‌ ڕێكەوتنێكی ستراتیژی نێوان زلهێزان و لایەنی كوردی بەدرێژایی مێژو لایە بابیخاتەڕو؟

جەمال غەریب حەمە

(ئەوە خیانەت نیە، چونكە هیچ بەڵێن‌و سۆزێك لەنێوانمان نەبوە تا وەك ئەو بەڵێنە مامەڵە بكەین، بۆیە ناتوانم بڵێم خیانەتە لەوبارەیەوە، ئەمریكا بۆ پاراستنی ئێمە نەهاتوەو ئێمەش بانگەوازمان نەكردوە بەفریامان كەوێ‌و بەهانامانەوە بێ،.بەڵكو ئەمریكا بۆ بەرژەوەندی خۆی هاتوەو كاربەڕێكردنی خۆیانە، بەڵێ ئێمەو ئەمریكا هاوكار بوین) ساڵح موسلیم.
ئێمە واڕاهاتوین بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو توشی هەر شكست و نسكۆیەك بوبین هۆكارەكەیمان گێڕاوەتەوە بۆ زلهێزانی ئەو سەردەمە هەرلە شكستی ( ئیدارەكەی شێخ محمود لە سلێمانی و شۆڕشەكانی باكور و تا كۆمارەكەی قازی و شۆڕشی ئەیلول و ڕاپەرین و كۆڕەوەكەی نەوەد و یەك و تا ڕوخانی ڕژێمی پێشوی بەغدا و بەناو داواناپاكیش چۆڵكردنی خۆرئاوای كوردستان بو لە لایەن ئەمریكاوە.
لەهەموو ئەو شكستانەدا ئێمە لایەنە لاوازەكەی ئەو گەمە نێودەوڵەتیانە باجی گەورە و قورسمان داوا، هەموو جار گەڕاوینەتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەمی گەمەكەی خۆمان.
جارێك لە خۆمان نەپرسی كە ئێمە لەكوێی گەمەی زلهێزەكانداین، ئایا لە پێش دەستپێكردنی گەمەكە یان لەكاتی گەمەكەدا توانیمان ئەوان ناچاربكەین بە واژۆكردنی ڕێكەوتنێكی ستراتیژی؟ تا دوای گەمەكە ئێمەش بەشی خۆمان لە دەستكەوت بماشینەوە؟ یان ئێمە لە مەقاشێك زیاتر نەبوین ئەوان لە بەرژەوەندی خۆیان بەكاریان هێناوین؟
وەك دەڵێن هەموكەس شەڕی بەرژەوەندیەكانی خۆی دەكات، تەنها ئێمەی گەلی كورد نەبێت كە هەموجار سەركردەكان شەڕی بەرژەوەندیەكانی خۆیان و لایەنە نەیار و بەشەڕهاتووەكانیان پێكردوین، پاش تەواو بونی گەمەكەش هەمولا بەرژەوەندی خۆیان ماشیوەتەوە تەنها ئێمە نەبێت كە زۆرترین باجمان داوا و بەدەستی بەتاڵ لێی دەرچووین.
بەڵام با ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە نەهامەتیەكانمان هەموی دەخەینە ئەستۆی زلهێزەكان، ئە بۆ باسی ناپاكی و خۆخۆری و خۆكوژی و براكوژیەكانی خۆمان ناكەین، كە زیانەكانی ئەمە لە زیانی نەیارەكانمان زیاتر نەبوبێت كەمترنەبووە.
هەڵەی مێژویی ئێمە هەر ئەوە بووە و لە هەمو شۆڕش و بەرخۆدانەكانیشدا دووبارە بۆتەوە، ئەویش ئەوە بووە كە ئێمە بێ‌ بنەما خۆمان هاویشتۆتە ناو گەمەی ئەوانەوە، ئەوانەی كە ئێمەیان بە جەنگاوەرێكی ئازا و هاوپەیمان و دڵ پاك دەزانی، هەربۆیە حاڵمان بە ئەمڕۆ گەیشتووە.
ئیتر ئایا زلهێزان ناپاك بون لەگەڵمان یان خۆمان نەزان بوین؟

 ن.ش