تونێله‌ نهێنیه‌كانی نێوان لوبنان وئیسرائیل چ نهێنیه‌كی تیایه‌ !

له‌سه‌ره‌تای مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی ڕابووردوو سوپای ئیسرائیل هه‌ڵمه‌تێكی گه‌ڕان وپشكنینی ڕاگه‌یاند به‌ناوی قه‌ڵغانی باكوور ( درع الشمال ) بۆ دۆزینه‌وه‌ وتێكشكاندنی تونێله‌ نهێنینیه‌كانی نێوان سنوری وه‌ڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ لوبنان ، به‌مه‌ش گرژی وئاڵۆزیه‌كانی نێوان هه‌ردوو وه‌ڵاتی زیاتر كرد و كار وكاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ ، سه‌رۆكـ وه‌زیرانی ئیسرائیل بینامین نتنیاهۆ حكومه‌تی لوبنانی تۆمه‌تباركرد كه‌ ئه‌م تونێله‌ شاراوانه‌ به‌شێكـه‌ له‌هێرش و په‌لامارێكـ كه‌ له‌داهاتوودا ڕووبه‌ڕووی وه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌بێته‌وه‌ ! هه‌روه‌ها وتی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ به‌رده‌وام ئه‌بێ هه‌تا ته‌واوی تونێله‌ نهێنیه‌كان ئاشكرا ده‌بن ودواجاریش ده‌ته‌قێنرێنه‌وه‌ ! پاش زیاتر له‌مانگێ له‌بێ ده‌نگی وخۆشاردنه‌وه‌ له‌لێدوان وقسه‌نه‌كردن له‌م مباره‌یه‌وه‌ له‌پڕێكدا حسن نصرالله ئه‌مینداری گشتی حزب الله هاته‌ ده‌نگـ و له‌چاوپێكه‌وتنێكی كه‌ناڵی ئاسمانی المیادین ی سه‌ر به‌حزبه‌كه‌ی دووپاتیكردوه‌ كه‌ ئه‌و تونێله‌ نهێنییانه‌ بوونی هه‌یه‌ و هه‌ندێكیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌چوارده‌ ساڵ له‌مه‌وپێش ! ناوبراو ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند كه‌ ئاشكرابوون ودۆزینه‌وه‌ی ئه‌م تونێلانه‌ پاش ئه‌وه‌نده‌ ساڵ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر شكست و بێ توانایی سوپا وده‌زگا هه‌واڵگیریه‌كانی ئیسرائیل به‌درێژایی ساڵانی ڕابووردوو ! دیسان هه‌ر له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا كه‌ له‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمی ئه‌لیكترۆنی كه‌ناڵه‌كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ حسن نصرالله وتی ئێمه‌ ئاگادارین كه‌ سوپای ئیسرائیل درۆده‌كات له‌وه‌ی كه‌ بتوانێ هه‌موو تونێله‌ نهێنینه‌كانی ئاشكرا بكات ، ئه‌وه‌شی به‌گوێی ئیسرائیلیه‌كاندا ڕاگه‌یاند وئامۆژگاری كردن كه‌چیتر ڕێگه‌ نه‌ده‌ن سه‌ركه‌شی وخه‌مه‌ شه‌خصیه‌كانی بنیامین نا‌تنیاهۆی سه‌رۆكـ وه‌زیرانی ئیسرائیل به‌رده‌وام بێ ، چونكه‌ دواجار ئه‌و وه‌ڵاته‌ ڕووبه‌ڕووی هێرش وپه‌لاماری حه‌قیقی ئه‌كاته‌وه‌ ! له‌ڕاستیدا كۆی ئه‌م پێشهاته‌ ودواكه‌وتنی دۆزینه‌وه‌ی تونێله‌ نهێنیه‌كانی نێوان دوو وه‌ڵاتی وه‌كـ لوبنان وئیسرائیل خۆی بۆ خۆی نهێنیه‌كی ترو ده‌رگایه‌كی تری ئاڵۆزه‌ به‌دونیای په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیه‌كانی نێوان وه‌ڵاتان له‌وانه‌ :
:
1- ڕه‌نگه‌ ئه‌م تونێله‌ نهێنیانه‌ حه‌قیقه‌تی نهێنیی وبوونی په‌یوه‌ندیه‌ نهێنی وژێربه‌ژێری نێوان وه‌ڵاتی لوبنان بێ له‌گه‌ڵ ‌ئیسرائیل یاخود حزب الله لوبنانی به‌و وه‌ڵاته‌ ! ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر بۆ هه‌موو لایه‌كـ به‌ته‌واوی ڕوون بوویه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی و ڕایه‌ڵه‌یه‌كی فه‌رمی له‌مجۆره‌ له‌نێوان هه‌ردوو حكو‌مه‌تی لوبنان وئیسرائیلدا بوونی نه‌بووه‌ ، كه‌واته‌ ناچارین بڵێین نهێنی تونێله‌كان ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ حزب الله وپلان وپیلانێكی حزب الله یه‌ ، كه‌لێره‌ش هیشتا ڕوون نابێته‌وه‌ ئاخۆ بۆ په‌یوه‌ندیگرتن وهاتووچۆی نێوان به‌رپرسانی هه‌ردوو لابووه‌ كه‌ له‌ڕابووردوودا په‌یوه‌ندی وئاشته‌وایی هه‌بووه‌ ! یاخود ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حسن نصرالله وتی سوپا وده‌زگا هه‌واڵگیریه‌كانی ئیسرائیل بێ توانا و كۆڵه‌واربوون كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ نهێینی ئه‌م تونێله‌ نهێنیانه‌ به‌درێژایی ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ ئاشكرابكه‌ن ! بێ گومان ئه‌مه‌ش له‌حه‌قیقه‌تی تۆكمه‌یی وتوانای زانیاری و په‌یوه‌ندیه‌ ئیقلیمی ونێوده‌وڵه‌تیه‌كانی سوپا وده‌وڵه‌تی ئیسرائیل به‌دونیای ده‌ره‌وه‌ نامۆ وناسازه‌‌ !
:
2- كۆتایی هاتنه‌ به‌سه‌رده‌می په‌یوه‌ندیه‌ نهێنیه‌كانی نێوان گروپ ولایه‌نه‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كانی له‌لایه‌كـ و وه‌ڵاتانی عه‌ره‌بی وكه‌سایه‌تیه‌ عه‌ره‌بی وئیسلامیه‌كانه‌ به‌ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ، واته‌ ئیدی قۆناغی ‌ئاشكراكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ ئیسرائیله‌ به‌جیهانی عه‌ره‌بی وئیسلامیی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی وبه‌به‌رچاوی هه‌موولایه‌كـ ! چونكه‌ به‌رپرسه‌ جیاجیاكانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له‌ماوه‌كانی ڕابووردوودا چه‌ند جارێكـ ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاند كه‌ وه‌ڵاته‌كه‌یان له‌به‌رده‌م ئاساییكردنه‌وه‌و په‌یوه‌ندیگرتنی ئاشكرایه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند وه‌ڵاتێكی عه‌ره‌بی وئیسلامیی كه‌هه‌تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی ودوور له‌چاوی كامێرا به‌ڕیوه‌چووه‌ ! كه‌به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌كانی هه‌ندێ له‌ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كانی ناوخۆی ئیسرائیل و وه‌ڵاتانی جیهانی بڵاوبوویه‌وه‌ كه‌ سعودیه‌ له‌پێشه‌وه‌ی ئه‌و وه‌ڵاته‌ عه‌ره‌بی وئیسلامیانه‌یه‌ ‌ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی وه‌ڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ، بێ گومان وه‌ڵاتێكی وه‌كـ سعودیه‌ له‌چه‌ند لایه‌وه‌ پێگه‌و قورسایی خۆی ، هه‌ر بۆیه‌ له‌ئه‌گه‌ری پشتڕاسكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ واته‌ ئاشتبوونه‌وه‌و ئاسایكردنه‌وه‌ی ئیسرائیله‌ به‌ وه‌ڵاتانی كه‌نداو بێ جێاوازی له‌وێشه‌وه‌ بۆ وه‌ڵاتانی تری ئیسلامیی وعه‌ره‌بی ، به‌مه‌ش ئه‌و مه‌ترسی وهه‌ڕه‌شه‌ جیددیه‌ له‌سه‌ر ئیسرائیل به‌ته‌واوی هه‌ڵده‌گیرێ ، هه‌ربۆیه‌ پێویستیان به‌تونێلی نهێنی وپه‌یوه‌ندی ژێر به‌ژێر نیه‌‌ !
:
3- ئه‌گه‌ر وگریمانه‌كانی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ وجه‌نگێكی تری ئیقلیمی به‌دوور نازانین كه‌ له‌نێوان ئیسرائیل وبه‌ره‌ی ئێران / شیعه‌ دا ڕووبدات ، ڕه‌نگه‌ په‌رده‌ هه‌ڵماڵین وئاشكراكردنی تونێله‌ نهێنیه‌كانی سنوری نێوان لوبنان وئیسرائیل پاساوو بیانوویه‌كی باش بێ بۆ به‌رپرسه‌ سه‌ربازیه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل هه‌تا قه‌ناعه‌ت به‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن ، كه‌ئیدی پێویسته‌ ئیسرائیل ڕێوڕه‌سمی سه‌ربازی وسیاسی تووند بگرێته‌به‌ر به‌رانبه‌ر دوژمنه‌كانی له‌به‌ره‌ی ئێران شیعه‌ ، گوایه‌ وه‌ڵاته‌كه‌یان له‌ڵیواری هه‌ڕه‌شه‌ وهێرشی نه‌یاره‌كانیدایه‌ ! پاش ئه‌وه‌ی توانراوه‌ له‌ژێره‌وه‌ وبه‌ڕێگه‌ی تونێلی نهێنی بگه‌نه‌ قووڵایی ئه‌و وه‌ڵاته‌ و مه‌ترسی بۆ ئاینده‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل دروست بكه‌ن ! گرژیه‌كانی نێوان ئه‌مریكا وئێران له‌لایه‌كـ و هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر بنكه‌ وباره‌گاكانی سوپای ئێران له‌سوریا له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ، هه‌روه‌ها كێشمه‌كێش و ململانێی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێران له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پیكه‌وه‌ ئاماژه‌ وسه‌ره‌داوی ڕووداوه‌كانه‌ كه‌له‌داهاتوودا‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ناوچه‌كه‌ گیرۆده‌ی جه‌نگێكی تر بكه‌نه‌وه‌ !!