یەكێك لە كۆڵەگەكانی ئەمرۆی سەركەوتنی ئەزموونی حكومڕانی دروست لە دونیادا بەشێكی بۆ هەبوونی كەرتی تایبەتێكی بەهێز و كاراو راگیراو دەگەرێتەوە. كەرتی تایبەتێك تەواوكەری كەرتی گشتی بێت و لە خزمەتی گشتی دابێت. پرسیارەكە ئەوەی ئایا كەرتی تایبەت لە كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چۆن بێت و پێگەكەی چی بێت؟.

بێگومان كاتێك باس لە كەرتی تایبەت دەكەین باسی ئابووری و پڕۆژە و خزمەت و ئاسانكاری بۆ هاوڵاتیان دەكەین، مەسەلەكە پەیوەندی بەوە نیە سەرمایەدار زاڵ بكرێت بەسەر كۆمەڵگا، بەڵكو ئەوەی كەرتی تایبەت هەیەتی دواجار دەبێت بۆ هاوڵاتیان و خزمەت و خۆشگوزەرانی بێت.
دەبێت كابینەی نۆیەمی حكوومەت دوو بابەت چارەسەر بكات، یەكەمیان: ئەوەیە رۆڵی راستەقینە بە كەرتی تایبەت بدات و هاوكاریان بكات و پڕۆژەی باشیان بۆ رەوانەی پەرلەمان بكات و ئەو قەرزەی كە بەهۆی قەیرانی دارایی لای كەڵەكە بووە بۆیان بگەرێنێتەوە، هەروەها كارگە خۆماڵیەكان پێش بخرێن و هاوكاری كەرتی پیشەسازی خۆماڵی بكرێت.هاوكات ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی پەیوەندیان بە ئابووری و بازاڕ و كەرتی تایبەت هەیە ئەركەكانیان بسپێرێت بە خەڵكی دڵسۆزی نێو كەرتی تایبەت.بۆ نمونە لە كەرتی كارەبا و سامانە سرووشتیەكان و بازرگانی و گەشتوگوزار خەڵكی باشی كەرتی تایبەت هەیە، دەكرێت رۆڵیان پێ بدرێت و رۆڵەكەش بە بەشداری پێكردنیان دەبێت لە هەمووبوارەكاندا.
بابەتی دووەم: كە دەبێت كابینەی تازە چارەسەری بكات جیاكردنەوەی ئەو كەسانەیە لە كەرتی تایبەت كە تەنها بەدوای دەڵەمەندبوونی خۆیانەوەن و ئەوەندە خەمی وڵات و نەوەكانی داهاتوویان نیە، دەبێت ئەو پڕۆژانەی حكوومەت كە دراون بەو كەسانە و هیچ سودێكی بۆ گەنجینەی حكوومەت و هاوڵاتیان نیە و تەنها قازانجەكەی بۆ چەند كەسێكە وەربگیرێنەوە و گرێبەستە ناشەفافەكانیان هەڵبوەشێتەوە و بدرێن بەو كەسانەی كەرتی تایبەت كە تەنها لە خەمی گیرفانی خۆیان نینن بەڵكو دەیانەوێت گیرفانی هەموولایەك گەرم بێتەوە و كوردستان پێش بكەوێت.
ئومێد زۆرە لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا چاكسازیی بەرە وپێشبردنی كەرتی تایبەت یەكێك بێت لە ریزبەندی كارەكانی، كە دەكرێت خاڵەكانی هۆكاری لاوازیی ئەم كەرتە لە خودی پسپۆرانی ئابووری و ژوورە بازرگانیەكان و رێكخراوە ئابووریەكان وەربگیرێت و چیتر رێگە نەدرێت كەرتی تایبەت لە وڵاتی ئێمەدا رێگە راستەكەی خۆی ون بكان، بەڵكو دەبێت بخرێتەوە سەر شار رێگەكەی خۆی كە دواجار بۆ هەموومان دەبێتە مایەی دڵخۆشی