گه‌وره‌ به‌‌ ، هه‌تا له‌ گه‌وره‌یی یه‌كگرتوو بگه‌ی !

 

هیچ ئه‌وه‌ی كه‌ڕێڕه‌وی ژیان ناوه‌ستێ وقۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردن وپێگه‌یاندنی تاكـ وكۆی كۆمه‌ڵ وكۆمه‌ڵگا په‌كی ناكه‌وێ ، هه‌ر ئه‌وه‌ش نا كه‌تۆ ئه‌فسه‌ر وبه‌رپرسی یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازیت ، یان له‌چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تێكی میریدا به‌خۆته‌وه‌ قاڵی ، یاخود له‌‌نێو گه‌ڕه‌كێكی وێرانه‌و دووره‌ ده‌ست وسه‌نته‌ری شاره‌ گه‌وره‌كاندا ناونیشانێكـت تاشیوه‌و له‌پشتی مێزێكی ساردوو سڕدا به‌ته‌نها گیرساوی ، له‌وه‌شگه‌ڕێ مه‌به‌ستم بێ ‌عه‌یامێكه‌ بوونت هه‌یه‌ وكۆنی ساڵ وكه‌ڵه‌كه‌بوونی ته‌مه‌ن پشووی لێبڕیوی وله‌ناچاریدا هاتوو هاوارته‌و ئه‌ته‌وێ بڵێی گه‌وره‌ وسه‌روه‌رتانم !
كه‌واته‌ ئاماژه‌ ونیشانه‌كانی گه‌وره‌یی وگه‌وره‌بوونی مرۆڤ له‌و چركه‌ساته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ له‌تاریكیه‌كانی شه‌و وشۆڕبوونه‌وه‌ی تارمایی شته‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی گۆشه‌و بنمیچكی ژووره‌كاندا نه‌ترسی ، بێ خه‌م وڕاپسكان له‌وه‌همی خێوو جنۆكه‌ هاتووچۆی ده‌رو سه‌ربان وهه‌یوان بكه‌ی ! له‌وه‌شدا دیاره‌و بۆ كه‌س ناشارێته‌وه‌ كه‌خۆبه‌خشانه‌ ودوور له‌حه‌زی شه‌خصی وخۆڕسكانه‌ ، خۆت بگه‌یه‌نیته‌‌ ئه‌ڵقه‌یه‌كـ له‌ئه‌ڵقه‌كانی ئه‌م كاروانه‌ ، به‌هێمنی وئارام ئارام سه‌ری ڕێ بگری وبه‌ڕێكه‌وی ، بێ ئه‌وه‌ی بیرت به‌لای دینار ودۆلاردا بڕوا ، یاخود بۆ تیكه‌یه‌كی زیاتر له‌وه‌ی مافی تۆیه‌ هه‌ڵپه‌ ونه‌وسن وبرسی ، چه‌نده‌ بچووكـ وگرگنی كه‌ به‌هۆی پله‌و پۆستێكی قێزه‌ون وكاتی وڕاگوزه‌ر به‌رده‌وام‌ له‌پلان وپلاردا بی ، نیگه‌ران وزیز وبه‌بیانوو ، ئه‌وه‌نده‌ش تێگه‌یشتووی پێگه‌یشتوو بی كه‌سیاسه‌ت وحزبایه‌تی لێره‌و له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هیچ پێوه‌ر وپێودانگێكی نیه‌ ، دیكتاتۆر وگه‌نده‌ڵكاران بۆمه‌رام به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كوردستانیان تێكشكاند ، به‌هاو پیرۆزیه‌كانی خاكـ ونیشتمانیان هه‌رزان فرۆشكرد ! پێویسته‌ له‌وه‌ش گه‌وره‌تر بی كه‌به‌رانبه‌ر وڕكابه‌ره‌كان كه‌مترین ئه‌خلاقی سیاسی وسیاسه‌تێكی به‌ئه‌خلاق به‌خه‌رج ئه‌ده‌ن ، ناسكترین كێبڕكێ وشان شانانی ئه‌وان خاڵی نیه‌ له‌سنوور به‌زاندن وموزایه‌ده‌ی سیاسی وچه‌واشه‌كردنی ڕای گشتی !
لێره‌وه‌ كه‌شه‌شی دوو هات بۆ ساتێكـ هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ و ئه‌ندازه‌یه‌كـ بوه‌سته‌ ، بزانه‌ هاوشێوه‌ی بۆنه‌ مه‌زن ویاده‌ گه‌وره‌كانی مێژووی ئه‌م میلله‌ته‌ ، بۆنه‌و وێستگه‌یه‌كی تری پرشنگدار هه‌یه‌ ، وێستگه‌یه‌كـ پڕ له‌شكۆ و شانازی ، ته‌واو ناوازه‌و پێچدانه‌وه‌ به‌ئاراسته‌ی باو ، جێاواز به‌مۆده‌ وموماره‌سه‌ی سیاسه‌ت وحزبی سیاسی ! شه‌شی دوو به‌واتای یادی ئیعلانی یه‌كگرتوو .
ئێدی بڕوانه‌ بۆ ڕاساڵی وسه‌ر ڕاستی سه‌ركرده‌كانی یه‌كگرتوو ، بۆ قووڵایی ناسین ومێژووی ده‌سته‌بژێری نه‌وه‌ی یه‌كه‌م ودووه‌می ئه‌م حزبه‌ ، په‌یوه‌ندی ونزیكیان له‌نه‌ته‌وه‌ وهۆگری ودڵسۆزیان بۆ خاكـ ونیشتمان ، دامه‌زراوو ڕیشه‌ داكوتاوی نێو هه‌ناوی كۆمه‌ڵگا ، خۆشه‌ویست ومتمانه‌ پێكراوی هه‌مووان ، ڕامێنه‌ بۆ ساته‌وه‌ختی ڕاگه‌یاندن وخۆناساندنی یه‌كگرتوو وه‌كـ حزبێكی تازه‌ی هاتوو ، چاوێكـ بخه‌ره‌سه‌ر خاڵ به‌خاڵ وته‌وه‌ره‌كانی پێڕه‌و پرۆگرامی ناوخۆ ، سه‌رنجی ئامانجه‌ ستراتیژی وته‌كنیكیه‌كانی بده‌ ، ببینه‌ ‌چۆن هه‌ر له‌و سه‌ره‌تاوه‌ به‌رچاو ڕوونتر پێڕه‌وو پرۆگرامی حزبی داڕشت ، بێ دوو دڵی وگوێدانه‌ تانه‌وته‌شه‌ری یار ونه‌یار ، بوێرانه‌ خۆی یه‌كلاكرده‌وه‌ كه‌چۆن بڕوانێته‌ كاری حزبی وچۆن له‌سیاسه‌ت وحزبایه‌تی بگا ، چۆن توانی حزب بكاته‌ ئامرازی خزمه‌ت وئاتاجی كۆمه‌ڵگا ، له‌و ڕۆژگاره‌ سه‌خت ودووكه‌ڵاویه‌دا ببێته‌ ماڵه‌ گه‌وره‌ وسه‌رچاوه‌ی ئومێد وهیوا بۆ بێ لانه‌و لانه‌وازه‌كان بگێڕێته‌وه‌ ، چۆن ده‌ستی ئاوه‌دانی وبه‌هاناوه‌چوونی گه‌یاندنه‌ گشت شارو دێ ، بۆ هه‌موو پێكهاته‌و ته‌واوی ده‌نگـ و ڕه‌نگه‌كان ‌بێ جێاكاری ، چه‌نده‌ به‌په‌رۆشه‌وه‌ بوو بۆ له‌ئامێزگرتنی ڕۆڵه‌كانی ئه‌م گه‌له‌ ، له‌خه‌می یه‌كخستن وكۆكردنه‌وه‌ی وزه‌و توانای گه‌نجان ولاوان ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران كه‌جگه‌ له‌ كه‌رت وپه‌رتكردنی وه‌ڵات وئاودیوكردنی سامانی گشتی یه‌كتریان ئه‌هاڕی وخوێنی یه‌كتریان حه‌ڵاڵكرد ، وه‌ره‌وه‌ بۆ دونیابینی ئه‌م حزبه‌ له‌ناسین وپێدانه‌وه‌ی پێناس وناساندنی چه‌مكه‌كانی ئازادی ومافه‌ تایبه‌تیه‌كانی تاكـ و گشتیه‌كانی كۆمه‌ڵگا !
یه‌كگرتوو یه‌كه‌م حزبی ئیسلامی سیاسی مه‌ده‌نی بوو دیموكراسی وه‌كـ میكانیزمی ئاڵۆگۆڕی ده‌سه‌ڵات ته‌به‌نیكرد ، دیموكراسی به‌دیدگای یه‌كگرتوو پردی په‌ڕینه‌وه‌یه‌‌ بۆ گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات و به‌ئامرازكردنی جومگه‌كانی حكومه‌ت له‌خزمه‌تی گشتیدا ، به‌شداریان له‌هه‌ڵبژاردن بۆ ڕاهێنان وپرۆڤه‌كردن بوو به‌جووت حزبی ده‌سه‌ڵات كه‌قبوڵی ڕاو وڕای جێاواز بكه‌ن ، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویتر وه‌كـ هاوڵاتیه‌كـ كه‌مافی به‌شداری وهاوبه‌شی هه‌یه‌ له‌م وه‌ڵاته‌ ، چرپانی به‌گوێی ده‌سه‌ڵاتداراندا كه‌هه‌موو كه‌سێكـ ئازاده‌ له‌هه‌ڵبژاردنی بیروباوه‌ڕی ئاینی وفیكری وسیاسی !
كاركردن له‌گه‌ڵ عه‌لمانی وكاڵكردنه‌وه‌ی سنووره‌كانی نێوان ئیسلامیی وعه‌لمانی ، یه‌كێكی تر بوو له‌سیما وئاكاره‌ جوانه‌كانی ئه‌م حزبه‌ ، ڕێگرو له‌مپه‌ری حه‌قیقی بوو له‌به‌رده‌م خه‌ونی دابه‌شكاری وپۆلێنكردنی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌لمانی وئیسلامیی ! ئیسلام وئیسلامخوازانی له‌تۆمه‌تی تیرۆر ودۆسیه‌ی تیرۆریستان جیاكرده‌وه‌ ، وه‌ڵامی ئه‌وانه‌شی دایه‌وه‌ كه‌ئیسلامیه‌كان ناتوانن له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگاو دراوه‌كانی دونیای مۆدێرنه‌ هه‌ڵ بكه‌ن وخۆیان نوێ بكه‌نه‌وه‌ !
پاش بیست وپێنج ساڵ له‌ڕاگه‌یاندنی یه‌كگرتوو وبیست وهه‌شت ساڵه‌ی حوكمڕانی باگگراوه‌ندی عه‌لمانی پارتی ویه‌كێتی وئه‌زموونی حزبه‌ چه‌پ ولیبراڵه‌كانی تر ، هه‌نوز یه‌كگرتوو حزبه‌ تاقانه‌كه‌یه‌ كه‌خوشكان به‌كرده‌یی نیوه‌ی كۆمه‌ڵ ودایكی نیوه‌كه‌ی ترن ، ته‌نها یه‌كگرتووه به‌و په‌ڕی ئازادیه‌وه‌ خوشكان تیایدا ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕن ، ئه‌وان له سه‌ره‌وه‌ وله‌‌ناوه‌ندی بڕیاری حزبدا بڕیار ئه‌ده‌ن ، ئاماده‌یی ئه‌وان به‌سه‌ر ته‌واوی ئۆرگان وباره‌گاكاندا ئیجابیانه‌ شكاوه‌ته‌وه‌ وجێ په‌نجه‌یان دیار وبه‌رچاوه‌ !