یەكگرتوو هەر لەسەرەتای ڕاگەیاندنی دەركەوت كە حیزبێكە خەباتی ڕابردووی هەیە بۆیە وەك نەمامێكی تازە دەرنەكەوت لەكاتی خۆڕاگەیاندنیدا دیاربووكە لەناو ئەم گەلەدا ڕەگ و ڕیشەی هەیە لە ئەزموونی كاریدا دەوڵەمەندە ، یەكگرتوو كە خۆی ڕاگەیاند بارودۆخی هەرێم زۆر نائاسایی بوو كاتی شەڕی ناوخۆو پەلكێشكردنی ووڵاتانی ئیقلیمی بوو بۆ سەر هەرێم بەڵام ئەو لەوكاتەدا كە چەك حوكمی دەكرد بەبێ چەك خۆی ڕاگەیاند ، ووتیشی دەبێ ئەم چەكە چاكسازی تیا بكرێت و ببرێتە سەر سنورەكان بەرامبەر دوژمنەكان بەكار بهێنرێت نەك ببێتە خۆرەی ناوخۆ ، ئەمەش وای كرد یەكگرتوو ببێتە یەكەم حزبی مەدەنی لە كوردستان .
یەكگرتوو كە دەركەوت پەروەردەیەكی ڕەسەنی پڕ لەهەیبەتی میانەڕەوانەی لەگەڵ خۆیدا هێناو هەزاران گەنجی نمونەیی پەروەردەكرد و پێشكەش بە كۆمەڵگا كرد ، كاریگەری ئەم بوارە پەروەردەییە لەسەر تاكەكانی بەجۆرێك ڕەنگی دایەوە هەر ئەندازیارێك یان پزیشكێك یان مامۆستایەك یان هەر خاوەن پیشەیەك تەنانەت كرێكارێكیش كە بزانرایە یەكگرتووە دەبووە جێگەی متمانە ، چونكە دڵنیابوون یەكگرتووەكان گەندەڵی و ڕەفتاری نامۆ بەرامبەر كۆمەڵگا لایان نییە و ئەوان هەمیشە پێشەنگن و لە پێشەوەی كارە چاك و پاكەكانن .
یەكگرتوو كە هات هاوكاربوو بۆ هێنانی چەندین دەزگای خێرخوازی وە ك ڕابتەو ئیغاسەو نەدووە كە بوونە بەشێك لە ئاوەدانی كوردستان ، گەر سەرنج بدەن ئەم دەزگایانە بەپرۆژەی جۆراوجۆر ، بەشێك بوون لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان ، لەلایەن ئەم ڕێكخراوانەوە هەزاران مناڵی بێباوك بێنازیەكەی هەڵگیرا بەبێ ئەوەی حیساب بۆ ئینتمای دایك وباوكیان بكرێت كەسەر بەچ ئایدۆلۆژیاو چ ڕەنگێكن.
یەكگرتوو كەهات لە پرسە نەتەوەییەكانیدا بووبە پێشەنگ چونكە یەكگرتوو پێی وابوو دەبێ نەتەوە خزمەت بكرێت نەك نەتەوە ئیستغلال بكرێت بۆ حیزب .
یەكگرتوو پێی وابوو زۆربەی ئەوانەی بەناوی كوردەوە كاردەكەن هەموو هەوڵێكیان تەنها بۆ حیزب و بنەماڵەكانی خۆیانە ، هەر بۆیە یەكگرتوو باش لەم پرسە گرنگە تێگەیشتبوو كە پرسە نەتەوەییەكان نەك تەنها لەباشور بەڵكو لەسەرجەم پارچەكانی تری كوردستانی بە پرسی خۆی سەیر دەكرد ، بۆیە كاتێ دەچووە بەغدا یان تاران یان ئەنقەرە وێڵ نەبوو بەدوای خۆیدا بەڵكو وێڵ بوو بەدوای چارەسەری كێشەكانی گەلدا ، مەجلیسی حوكم لە بەغداد و قەندیل و كۆیە شایەتن لەسەر هەوڵەكانی یەكگرتوو لەم بوارەدا، بۆیە لە پێناو هیچ دەستكەوتێكی حیزبیدا خیانەتی لە پرسی نەتەوەكەی نەكرد ، كە بەداخەوە لەچەند ساڵی ڕابردوودا پارتە دەسەڵاتدارەكان كردیان و شانازیشیان پێوەكرد .
یەكگرتوو كەهات كاتێ چووە ناو قوڵاییی كاری سیاسیەوە بوو بە یەكەم هێزی ئۆپۆزسیۆن ، بوو بەیەكەم هێزی بەرەی گەل لەم پێناوەشدا قوربانی گەورەی دا بێجگە لەوەی كە چەندین بارەگای سوتێنران سەركردەو كادیرەكانی شەهید كران ڕێكخساتنەكانیشی بێبەشكران لە هەر ماف و ئیمتیازاتێكی سەرەتایی وەك هەر هاوڵاتیەكی ئاسایی .
لە پێناو مانەوە لە ڕیزی گەلدا خانەنشینی نایاسایی وپۆست و ئیمتیازاتی پارتە دەسەلات دارەكان و هەر مل دانێك، بەهەر شتێك ، كە دژ بە بەرژەوەندیەكانی گەلە، ڕەتكردەوە لەم بوارەشدا پێشەنگە و لەناو سەرجەم هێزە سیاسیەكاندا هەرخۆیەتی و هیچ هێزێك لەوێنەی ئەو نییە .
یەكگرتوو كە هات و چووە ناو پەرلەمان پەرلەمانتارەكانی بوونە چاوی میللەت وەزیرو مدیر عامەكانی بوونە خزمەتكاری گەل، چونكە ئەوان پێیان وابوو ئەم پێگانە مافی خەڵكن و دەبێت هەر كردار و هەڵوێست و پرۆژەیەك لە خزمەت خەڵكدابێت ، بۆیە لەم پێناوەشدا چەندین پرۆژەی پەرلەمانیی و دەستەی وزاری یەكگرتوو هەیە لە پێناو خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستان دا.
یەكگرتوو كەهات بوو بە چەترو سێبەر بۆ هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگاو خاوەن پیشەكان وەرزشكاران و هونەرمەندان و ڕاگەیانكاران و قوتابیان و گەنجان بە گشتی جێ دەستی لەم بوارانەدا زۆر كاراو كاریگەرە.
یەكگرتوو كەهات بایەخی تایبەتی دا بەكاری خوشكان گەر بە ویژدانەوە سەیری بكەین سەركردە و ڕێكخستنەكانی خوشكان بەشێكی گاریگەری ئەم حیزبە پێكدەهێنن كاتێك خوشك لەناو یەكگرتوودا سەركردەبوو لایەنەكان بە سەرسوڕمانەوە سەیری ئەم هەنگاوانەی یەكگرتوویان دەكرد توانی ، لەم بوارەشدا پێشەنگی بپارێزێت.
یەكگرتوو كەهات ڕووحی كردەوە بە بەری بۆنە ئاینیەكان و نەیهێشت لە بیربچنەوە ، بەخزمەت لە مزگەوتەكان بە ئیفتاری ئێواران لە گەرەكەكاندا مانگی ڕەمەزانی كردە شای مانگەكان.
هەروەها یەكگرتوو یەكێك بوو لەو هێزانەی كە زۆر ڕێزی ناوە لەتوانا وكاریگەری و خزمەتی كەسایەتیە ئایینی و هونەری و ئەدەبیەكان بێ جیاوازی .
یەكگرتوو هیزبێكی خاوەن هەڵوێست بوو بەرامبەر هەر هەڕەشەیەك ڕووی كردبێتە هەرێمی كوردستان گەرچی ململانێی هەبوو لەگەڵ پارتە دەسەڵاتدارەكان بەڵام ئەم دوو مەلەفەی تێكەڵ بەیەك نەكردووە .
كاتێك كارەساتی سروشتی ڕویداوە یەكگرتوو هەوڵیداوە بەدەم خەڵكی لێقەوماوی ناوچەكانەوە بێت ، كاتێك كوردانی ڕۆژئاوا ڕوودەكەنە ناوچەكانی باشور و ئاوارە دەبن یەكگرتووەكان بە هەموو توانایانەوە دەبنە خزمەتكاری خەڵك و كۆمەك و هاوكاریان دەبن ، كاتێك داعش هێرش دەهێنێتە سەر كوردستان یەكگرتوو بە هەمووتوانایەوە كۆمەك و هاوكاری بۆ بەرەكانی شەڕ كۆدەكاتەوە دەبێتە فریادڕەس لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و تیمی فریاگوزاری پزیشكی دەنێرێتە بەرەكانی شەڕ ڕاگەیاندن دەخاتە خزمەت وورە بەرزكردنەوەی پێشمەرگە لەهەمان كاتیشدا ڕێز لە كەس وكاری شەهیدانی بەرەكانی شەڕی دژە داعش دەگرێت و ڕێزلێنانیان بۆدەكات ، لە ڕێگەی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانیش پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو كەسەرۆكی لیژنە بوو پرۆژە پێشكەش دەكات بۆ باشتركردنی باروگوزەرانی هێزەكانی پێشمەرگە .
یەكگرتوو سەرجەم ئەو بۆنەو یادانە كە هەیە كە هەندێكیان ئازار بەخشن و هەندێكیان جێگەی ڕێزن بۆ ئەم میللەتە بایەخی جددی پێداون وەكو بۆنەكانی ئەنفال و كیمیاباران و كۆڕەەو وڕۆژی ئاڵاو نەورۆز كە هەوڵمان داوە هەریەكەیان لە شێوێنی خۆیان بەزیندویەتی ڕابگرین تا ئەم یادو یادەوەریانە لای نەوەكانی داهاتوو بەزیندویی بمێنێتەوە .
هەروەها یەكگرتوو لەناو كۆمەڵگەدا بایەخی جدی داوە بە بۆنە كۆمەڵایەتیەكان و كەساسیەتیەكان كە زۆر جار ئەم كەسایەتیانە بەسەر كراونەتەوە وەك ڕەمزێكی كاریگەری ناو كۆمەڵگا .
هەروەها یەكگرتوو هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی جەماوەری ناڕازی كوردستان بووە لەڕابردوو لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا كاتێ‌ داوای مافی خۆیان كردووە هەروەك چۆن لەمەڵبەندی سلێمانی لەم بوارەدا بەبەیاننامەی ڕەسمی و هەڵدانی خێمەو بەشداری سەركردەو كادیرەكانی هەمیشە پشتیوان بووە بۆ وەرگرتنەوەی مافەزەوتكراوەكانیان، هەركاتێكیش لە شێوەی گروپ و دەستەی جۆراوجۆردا هاتبنە لای یەكگرتوو بەڕێزەوە پێشوازییان لێكراوەو پشتیوان و هەماهەنگ بووە لە گەڵیاندا وهەمیشە هەوڵی داوە لە ڕێگەی پەیج و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەگشتی و كەناڵەكانی بینراوو بیستراو بەتایبەتی هاوكاربێت.
لەسەرجەم بوارەكاندا یەكگرتوو ڕەمزە بۆ ڕاستگۆیی ، ڕەمزە بۆ ئامانجداری ، ڕەمزە بۆ ئەنجامدانی سیاسەت بەئەخلاق، ڕەمزە بۆ سەركردەی خاوەن هەڵوێست، ڕەمزە بۆ دژایەتی خیانەتی نیشتمانی ، ڕەمزە بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزاری ، ڕەمزە بۆ پێگەیاندنی تاكی خاوەن پەیام ، ڕەمزە بۆ ئاوەدانی و خزمەتكردنی خێزان و گوند و شارو شارۆچكەكانی كوردستان .

 

عوسمان كاروانی
بەرپرسی مەڵبەندی یەكی سلێمانی