شيعه‌ به‌نيازن به‌ تيرێك دوو نێچرى گه‌وره‌ ببنه‌وه‌

زياتر له‌ 100 رۆژ به‌سه‌ر دامه‌زراندنى كابينه‌ى حكومه‌تى عێراق به‌سه‌رۆكايه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى دا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام هێشتا دوو وه‌زاره‌تى گه‌وره‌ و سيادى و هه‌ستيار و فه‌رپێويستى كابينه‌كه‌ى بێ وه‌زير ماونه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌ريه‌كه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ و به‌رگرى-ين.
له‌ دواى روخانى سه‌دامه‌وه‌، ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ بۆ هه‌ردوو پێكهاته‌ى سوننه‌ و شيعه‌ بوون، له‌ رێكه‌وتنه‌ سياسييه‌كانى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان بۆ دابه‌شكردنى كابينه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى وه‌زاره‌تى ناوخۆ بۆ شيعه‌ و به‌رگرى بۆ سوننه‌ دانرا، به‌ڵام هيچ لايه‌ك له‌سه‌ر دياريكردنى كانديده‌كه‌يان ومتمانه‌دان و تێپه‌ڕاندنى له‌ په‌رله‌ماندا رێكنه‌كه‌وتوون.
شيعه‌كان به‌تايبه‌ت هاوپه‌مانى (بيناء) هه‌رله‌ سه‌رتاوه‌ فالح فه‌ياز-يان وه‌ك كانديدى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ ناساند، به‌ڵام هاوپه‌يمانى ئيئصلاح كه‌له‌ به‌ره‌ى سائيرون و نه‌سر و حيمكه‌ و چه‌ند لايه‌نێكى ترى پێكدێن، ئه‌و كانديده‌يان ره‌تكرده‌وه‌.
له‌ ئێستادا لايه‌نه‌ شيعه‌كان سه‌رقاڵى كۆبوونه‌وه‌ و دانووستانن بۆ دۆزينه‌وه‌ى ده‌رچه‌يه‌ك تا ئه‌و كێشه‌يه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌و پێيه‌ى هه‌ردوو به‌نيازن وه‌زاره‌تێكى نوێ له‌ كابينه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى دروست بكه‌ن، به‌ناوى وه‌زاره‌تى ئاسايشى نيشتمانى بۆ ئه‌وه‌ى فالح فه‌ياز وه‌ك وه‌زيرى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ نوێيه‌ دابنرێت، به‌ده‌ر له‌وه‌ش ئه‌و وه‌زاره‌ت و پۆسته‌ تازه‌يه‌ش هاوكات ببێته‌ جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران بۆ كاروبارى ئه‌منى.
هه‌رچه‌ند بيرۆكه‌ و بۆچوون و رێككه‌وتنه‌ ته‌نها له‌ناو چه‌ند لايه‌نێكى شيعه دايه‌، هێشتا نه‌ڕۆيشتۆته‌ ناو په‌رله‌مان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان و له‌نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌ شيعييه‌كاندا سه‌ربگرێت، ئه‌وان تێپه‌ڕاندنى له‌ په‌رله‌مانيش زۆر ئاسته‌نگى بۆ دروست ناكرێت، چونكه‌ هه‌ر خۆيان زۆرينه‌ى به‌رچاون، ژماره‌يه‌ك په‌رله‌مانتارى سوننه‌ش هه‌يه‌، كه‌ هيچ كێشه‌يه‌كيان له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوون و نه‌خشه‌ رێگايه‌ نابێت.
ئه‌وه‌ى جێگه‌ى پرسيار و له‌سه‌ر وه‌ستانه‌ ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌ سه‌ربگرێت، ئه‌وا لايه‌نه‌ شيعه‌كان نه‌ك به‌ تيرێك دوو نێچرى گه‌وره‌يان ده‌ستكه‌وتووه‌، به‌ڵكو چه‌ند كێشه‌يه‌كى گه‌وره‌شيان چاره‌سه‌ر كردووه‌، هاوكات سه‌ربارى ئه‌و نا هاوسه‌نگييه‌ى له‌ دابه‌شكردنى پۆسته‌كانى كابينه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هديدا هه‌يه‌، لايه‌نه‌ شيعه‌كان وه‌زاره‌تێكى ترى گه‌وره‌ و هه‌ستيار و سيادييان ده‌ستده‌كه‌وێت.