لەگێڕانەوەكانی سەركردەیەك

(41)ساڵ لەناو ڕابوونی ئیسلامیی و (25) ساڵ بەردوام لەسەركردایەتی یەكگرتوودا

(6 )
پەیوەندیەكی نوێ‌ و هەڵوێستی خۆڵەمێشی

لە شاری سنە خانویەكمانگرت، مامۆستا صلاح الدین ئەوكات لەئیران بەپرسی كاروباری ئیخوانە عێراقیەكانی تەراوگەی-مهجر- ووڵاتی ئیران بوو، هەموو عێراقیەكان كورد و عەرەب و توركمان كەلە ئۆردوگاكان وشارەكانی ئێراندا بڵاوبووبوونەوە، مامۆستا صلاح سەردانی مامۆستاصدیقی كردبوو بۆ بەخێرهێنان، دواتر خەبەری ناردبوو مامۆستا صدیق و یەكێك لەو برایانەی هاوڕێی سەردانم بكەن لە كرماشان.
بەكورتی پەیام و قسەی مامۆستا صلاح ئەوەبوو كە لێرە كاری ڕێكخستنی ئیخوانی مۆڵەتپێدراو لەلایەن قیادەی دەرەوەی عێراقەوە-قیادە الخارج- هەیە، بەندە بەرپرسی ئەو كارەم لەم وڵاتەدا، ئەگەر دەتانەوێت كاروچالاكیەك بكەن فەرموون پابەندبن باپێكەوە كاربكەین؟ قسەی مامۆستا صدیقیش ئەوەبوو جارێ‌ نیەتی هیچمان نیە، چاوەڕوانی وەزعەكەدەكەین بزانین ئەم گرتن و ڕاونانە بەكوێ‌ دەگات، ئەگەر بكرێت نیەتی گەرانەوەمان هەیە، خەڵك وگەنجێكی زۆرمان لەودیو بەجێهێشتووە.

ڕوداوەكانی خۆپیشاندانی 13/5/1987خەڵكی شاری هەڵەبجە و تەقاندنەوەی ماڵی هاوڵاتیانی گەڕەكی كانی عاشقان، بوویەهۆی كۆچكردنی مامۆستایان (مەرحومی مامۆستا مەلاعوسمان و مامۆستا مەلاعەلی و مامۆستا مەلاعمر) و ژمارەیەكی زۆر لەمامۆستاو خەڵكی شارەكە، بەرەو وڵاتی ئێران، و جێگیربوونیان لە ئۆردوگای (سەریاس) نزیك شاری پاوە، كەژمارەیەكی بەرچاو لە خوشك و برایانی هێڵی ئێمەشیان لەگەڵا بوو.
مامۆستایانی كۆچكردو هەم لەلایەن بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەم لەلایەن زانایان و سەركردەكانی بزوتنەوەی رابیتەی ئیسلامیی كە هێزێكی چەكداربوون لە مانگی 9ساڵی(1984) وە بە ڕابەرایەتی مەرحومی مامۆستا شێخ محمد بەرزنجی دامەزرابوو، لەكاتی ئەم كۆچكردنەدا، مەرحومی مامۆستا مەلا(عبدولەتیف واژەیی) ڕابەری بزوتنەوەی ڕابیتەبوو، زۆربەگەرمی و خۆشحاڵی و ڕێز و نرخاندنەوە پێشوازیان لێكرا.
مەرحومی مامۆستا مەلاعوسمان فەتوای(جیهاد و چەك هەڵگرتنی) دەركرد، بەدڵنیایی زانایان و مەلاكانی هاوڕێی كۆچ و خەڵكی دڵگەرمی كۆچكردوو، هەروەها مەلاكان و سەركردەكانی بزوتنەوەی ڕابیتە ئیسلامیی كاریگەریی یەكلاكەرەوەیان لەسەر وەرگرتنی ئەم بڕیارەی مامۆستا هەبوو.
پاشماوەیەكی كورت لەگەشتنە ئۆردوگای سەریاس مەرحومی مامۆستا مەلاعوسمان لەگەڵ وەفدێك لەزانایان سەردانی مەقامات و بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لەتاران كرد، مامۆستا محمد رەئوفیش وەك سكرتیری مامۆستا لەگەڵ وەفدەكە ڕۆشت، وادەی هاوكاری و پشتیوانی عەسكەریی و مادی زۆریان پێدرابوو.
من ئاگاداری ئەوەنیم كە مەرحومی مامۆستا مەلاعوسمان لەگەڵا مامۆستا صدیق چی قسەو باسێك چووە بە بەنێوانیاندا دەبارەی فەتوای جیهاد و چەك هەڵگرن لەلایەن مامۆستا مەلا عوسمانەوە، چونكە ئەگەر لەڕووی تیۆریشەوەبێت وەك ئاماژەم پێكرد، مەرحومی مامۆستا مەلاعوسمان بەیعەتی بەهێڵی تەنزیمی ئیخوان موسلیمینی عێراقدابوو، وەك ڕابەری ئەم هێڵەی ڕێكخستن لەكوردستاندا، دواتر لەنامەكەی (دكتور نعمان سامەڕائی)دا بەئاشكرا ئاماژە بەوەكراوە، لانیكەم دەبوو مامۆستا شتێكی لەوبارەوە بكردایە یان شتێكی بەمامۆستا صدیق بووتایە و بگەشتایەتە لای ئێمە؟ تا هەڵوێستی خۆمان لەم دوو نێوانەدا ڕۆشنكەینەوە؟ لەگەڵ فەتوای مامۆستا بڕۆین؟ یان پابەندی كاری ڕێكخستن و هێڵی ڕێكخستنی ئیخوانی عێراق بین لەگەڵ مامۆستا صلاح؟ بەڵام بانگ و هاواری حی علی الجهاد و تۆڵە لەبەعسی كافر و هێنانە گۆڕێی ئایەتەكانی جیهاد و قیتال و گوشاری مەلاكان ڕێگەی هەناسەدانیشی لەوبارەوە بڕیبوو، تا ئەوڕادەی لەووتار و خوتبە و گفتوگۆكاندا دەووترا هەركەس لەگەڵ ئەم جیهادە نیە، بە(قاعد) ونەیار سەیردەكراو جۆرەها تانە و تەشەر و سوكایەتی و هەڕەشەی لەدژ دەكرا، تادەگەشتە هەڕەشەی دەركردن لەئۆردوگا و بڕینی جیرەی خۆراك، و...هتد.
زانایان و ئەندامانی بزوتنەوەی ڕابیتەی ئیسلامیی كوردستان بەیعەتیان لەسەر جیهاد و چەك هەڵگرتن بەمامۆستادا و هەموو لەچوارچێوەیەكی نوێدا بەناوی بزوتنەوەی ئیسلامیی لەكوردستانی عێراق خۆیان ڕێكخست، لە حوزەیرانی 1987دا لەشاری سنە بەڕابەرایەتی مەرحومی مامۆستا مەلاعوسمان ڕاگەیەنرا، دەستكرا بەداڕشتنی پەیڕەو و پرۆگرامی قەوارەیەكی جیهادیی نوێ‌، زۆربەی مامۆستایان-مەلاكان-بوونە بەرپرسی مەكتەبەكانی بزوتنەوە، سەرگەرمی ڕێكخستنی سەربازی و ئامادەكردنی مەفرزەی جیهادی بوون، بزوتنەوەی ئیسلامی لە كوردستانی عێراق بەماوەیەكی پێوانەیی بەواقیعی هاتەبوون.
سەرلەبەری ئەم دۆخە بۆ ئێمەی هێڵی ڕێكخستنی مامۆستا صدیق تازە وابەستەبوو بەهێڵی ڕێكخستنی ئیخوانی عێراقەوە چاوەڕواننەكرابوو، ئەم پێشهات و وەزعە نوێیە ئێمەی لەگەڵ مامۆستا صلاح وەك بەرپرسی ڕێكخستنی ئیخوان لەئێران خستە بەردەم دۆخێكی نوێی نالەبارەوە.
ئەوەی من لە گێژاوی ئەوگۆڕانكاریە خێرا و پێشهاتە چاوەڕوننەكراوانەدا لە جوڵە وكاری مامۆستا صدیقدا دەمبینی و دەمزانی، ئەم زاتە كۆمەڵێك بیر و بۆچوون و تێگەشتن مێشك و هەستی داگیركردبوو، كە هەندێك جار ناكۆك و هاودژ دەردەكەوتن:-
1-نە یدەتوانی و دڵینەدەهات و بۆینەدەكرا لە مەرحومی مامۆستا مەلاعوسمان دووركەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەی هاوڕای فەتوای جیهاد و چەك هەڵگرتنەكەی نەبوو.
2-بەرگەی توڕەبوون و نیگەرانی مەرحومی مامۆستا مەلاعەلی نەدەگرت، ئەگەر پیشنیارێكیتری جگە لەجیهاد و چەكهەڵگرتنی بۆ مامۆستا بكردایە.
3-زۆر و كەم متمانەی بەوەنەبوو كە ئەم كۆمەڵە مەلایە بتوانن وەك پێویست ئەم بزوتنەوەیە بكەنە هێزێكی كاریگەر وبگەیەننە دوا وێسگەی ئامانجەكانی.
4-ئەو ماوەیەی لەئێران بووین وێنە ڕەنگاڵەییە دورەكانی ئەم وڵاتەی زۆر لەبەرچاو كاڵبووبوونەوە.
5-لە قوڵایی دڵ و ویژدانیدا بڕوا و متمانەیەكی لەڕادەبەدەری بە مەنهەج و تواناو هێز و كاریگەریی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین هەبوو، هیچشتێكی وەك بەدیلی ئەوان بۆكاری ئیسلامیی بەلاوە پەسەند نەبوو.
6-بەهیچ جۆرێك و بەهیچ نرخێك ئامادەنەبوو ئەو كۆمەڵە گەنجەی كە زیاتر لەدەساڵە بەئامادەكردن و كۆكردنەوەیانەوە ماندووبووە، تەسلیم بەكەسیان بكات، بەتایبەت بزوتنەوەی ئیسلامیی لەو سەردەمەی دروستكردنیدا. لەسەر هەمان بۆچوون داوای لەهەموو ئەندامانی هێڵی ئێمەكرد كە چاوەڕوانبن و خۆڕاگرن، لەبەشداری بزوتنەوە.

تێبینی : ئەم یادەوەریە گێڕانەوەی ئەو ڕوداوانەیە کەتیایداژیاوم، وئەوکاروچالاکیانەیە ئەنجامم داون ، گوزارشت لەهیچ لایەن وکەسێک ناکات .