بچوك كردنه‌وه‌ی سونه‌تی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌ وسلم .!!

 

د. محمد عمارة

و.خالد عەلی


كێ به‌رپرسه‌ له‌ بچوككردنه‌وه‌ی سونه‌تی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌ وسلم ؟ وه‌له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی كێ؟ كێ سود مه‌نده‌ له‌و بێ سه‌رو به‌ریه‌ ؟
جێی داخ و نیگه‌رانیه‌ سونه‌تی پیغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌ وسلم بچوك و كورت كراوه‌ته‌وه‌ له‌ : درێژكردنی ریش ، كورتكردنه‌وه‌ی شه‌رواڵ و جل و به‌رگ ، هه‌ڵگرتنی سیواكێك و سیواك كردن له‌ پێش و پاشی نوێژ و ته‌نانه‌ت له‌ شه‌قام و سه‌یاره‌و هه‌موو شوێنێك ..
سونه‌ت كورت كراوه‌ته‌وه‌ له‌ قاچ بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ نوێژدا ، جوڵاندن و سوڕانه‌وه‌ی په‌نجه‌ی شه‌هاده‌ت له‌ ته‌حیاتدا ، له‌به‌ر كردنی چه‌ند ئه‌وراد و ئه‌زكارێك له‌ چون وده‌رچون له‌ ته‌والێت و ماڵ و سواربونی سه‌یاره‌و دابه‌زین و..وو...
ئایا به‌راستی ئه‌مه‌یه‌ سونه‌تی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌ وسلم ؟
كه‌واته‌ سه‌ره‌تا تێگه‌یشتن له‌ سونه‌ت چی یه‌ ؟
سونه‌ت بریتیه‌ له‌و ڕێگه‌و ڕێبازو به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌ وسلم له‌ جێبه‌جێكردنی قورئاندا په‌یڕه‌وی كردوه‌ ..
كه‌واته‌ سونه‌ت بریتیه‌ له‌ هه‌موو ئیسلام به‌ هه‌موو به‌ش بابه‌ته‌كانیه‌وه‌ له‌ بیرو باوه‌ڕ(عه‌قیده)‌و په‌رستش (عیباده‌ت) و هه‌ڵس و كه‌وت و هه‌موو شه‌ریعه‌ت و به‌ها به‌رزو باڵاو ڕه‌وشته‌ په‌سه‌ندانه‌ ...
ئه‌مه‌یه‌ ماناو واتای گشتگیری سونه‌تی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌ وسلم ..
كێ به‌رپرسه‌ له‌ شێواندنی ماناو مه‌به‌ستی سونه‌ت ؟
بۆچی ئه‌و كه‌سه‌ی پابه‌نده‌ به‌ به‌ڵێن و مه‌وعیده‌كانیه‌وه‌ به‌شوێنكه‌وته‌ی سونه‌تی دانه‌نێین ؟
بۆچی ئه‌وه‌ی غه‌یبه‌تی خه‌ڵكی ناكات به‌ شوێنكه‌وته‌ی سونه‌تی نه‌زانین ؟
بۆچی ئه‌و كه‌سه‌ی كاروباره‌ كانی به‌وردی و جوانی و باشی ئه‌نجام ده‌دات به‌ شوێن كه‌وته‌ی سونه‌تی نه‌زانین ؟
بۆچی ئه‌وانه‌ به‌ شوێكه‌وته‌ی سونه‌ت نه‌ناسێنین كه‌ كاره‌كانیان به‌جوانی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و داهێنانكاری و نوێكاری ده‌كه‌ن ؟
بۆچی ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ دادگه‌ری و عه‌داله‌ت حوكم ده‌كات له‌ نێوان خه‌ڵكیدا و شایه‌تی حه‌ق ده‌دات به‌ شوێنكه‌وته‌ی سونه‌تی نه‌زانین ؟
بۆچی ئه‌و كه‌سه‌ی پارێزگاری له‌ پاك و خاوێنی جاده‌و ڕێگاو بانه‌كان ده‌كات به‌ شوێنكه‌وته‌ی سونه‌تی نه‌زانین ؟
بۆچی ئه‌و كه‌سه‌ی پابه‌نده‌ به‌ یاساكانی هاتوچۆوه‌ به‌ شوێنكه‌وته‌ی سونه‌ت نه‌ناسرێت ؟
له‌شته‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ و له‌ ڕۆشنبیری ئایینیماندا وا ڕاهاتوین ئه‌و كه‌سه‌ی ڕواڵه‌ته‌ ئایینیه‌كان په‌یڕه‌و ده‌كات پێی ده‌ڵێین سه‌له‌فی و شوێنكه‌وته‌ی سونه‌ت ، ئه‌گه‌رچی ئه‌و كه‌سه‌ كارو باری به‌باشی ئه‌نجام نادات ، له‌به‌ڵین و مه‌وعیده‌كانیشیدا ته‌واووڕێك و پێك نیه‌ ، ئه‌گه‌رچی پێچه‌وانه‌ی یاساكانی هاتۆچۆو بنه‌ماكانی پاك و خاوێنیش ده‌جوڵێته‌وه‌ ..
ئه‌وه‌ی جێی داخ و نیگه‌رانیه‌ له‌ ڕۆشنبیری و تیگه‌یشتنی ئایینیماندا واباوه‌ ، هه‌ركه‌س سیواكێكی هه‌ڵگرت و شه‌رواڵه‌كه‌ی كورتكرده‌وه‌و ، ڕیشی درێژكردو چه‌ند ئایه‌ت و فه‌رموده‌یه‌كی له‌به‌ركرد ئیتر به‌ شوێنكه‌وته‌ی سونه‌ت حساب ده‌كرێت و ده‌زانرێت ،و نازناوی شێخ و مامۆستای پێ ده‌به‌خشرێت و نوێژدا پێش ده‌خرێت و ، داوای فه‌توادانیشی لێ ده‌كرێت ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو ده‌كرێته‌ سه‌رچاوه‌ی حوكم ده‌ركردن و پۆلێن كردنی خه‌ڵكانی تر ..
بۆیه‌ به‌جدی كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ پیاچونه‌وه‌یه‌ك بكرێت بۆ واتاو مه‌به‌ستی سونه‌تی پیغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌ وسلم و به‌رزكردنه‌وه‌ی بۆ ئاستی به‌رزو بڵندو شیاوی خۆی به‌جۆرێك سونه‌ت ده‌ربڕین بێت له‌ هه‌موو ئیسلام به‌گشتی ...