ڕێكەوتننامەكانی لایەنەكان لەنێوان بەهێزكردنی پێگەی خۆیان و بەرژوەندی هاوڵاتیاندا

ئایا ئەو قسەیە ڕاستە كە دەوترێت رێكەوتنەكان بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان و خزمەتكردنیانە ؟لێرەوە دەمەوێت بڵێم ئەگەر چاوێك بەرێكەوتننامەكانی رابردوودا بخشێننیەوە ئەوا دەگەینە ئەو دەرئەنجامانە رێكەوتننەكان نەك بونەتە سارێژی برینەكانی هاوڵاتیان بەڵكو هەندێ كاتیش برینی زیاتریان لە جەستەی هاوڵاتیاندا دروست كردوە و دەتوانم بڵێم رێكەوتنەكان تەنها بۆلەتكردنی كێكی دەسەڵات و چەواشەكاری خەڵكی و بەهێز كردنی پێگەی حیزبەكان بووە لە ناو جومگەكانی دەسەڵات و دامەزراوەكاندا نەك باشتركردنی ژیانی هاوڵاتیان و كۆتایهێنان بە كێشەكانیان.
ئەوەندەی لەبیرمان دێت ئەم حیزبانە بەتایبەتی یەكێتی و پارتی چ لەسەردەمی شاخ وپێش راپەرین وچ لەدوای راپەرین و پێكهینانی حكومەت هەرخەریكی رێكەوتن بوون و چەندین رێكەوتنامەیان لەنێوان خۆیاندا واژوو كردوە بەڵام بەداخەوە هیچ كام لەم رێكەوتننامەكان بەتەواوەتی جێبەجێ نەكراون و تەنها بونەتە مەرەكەبی سەر كاغەز و نەبونەتە كردار .
هەرزۆر دووری بۆ نەچین لەدوای هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 19ی ئایاری 1991 پارتی و یەكێتی ڕێكەوتنێكیان لەنێوان خۆیاندا واژوو كرد لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و لەسەر ئەوەرێكەوتن كە ففتی بەففتی كورسیەكانی پەرلەمان بەش بكەن و حكومەت پێكبهێنن و ئەوەش زۆری پی نەچوو دوای كەمتر لە دووساڵ شەڕی ناوخۆ لەنێوانیاندا سەری هەڵدا.
دواتریش پارتی و یەكێتی لەساڵی 2005 رێكەوتننامەیان واژوو كردو ئەویش تەنها نزیكەی 7ساڵێكی خایاندو بەنەخۆش كەوتنی تاڵەبانی لەساڵی 2012دا و دواتریش و كۆچی دوایی ڕێكەوتنەكەش كۆتایهات و جارێكی دیكە پارتی و یەكێتی گەرانەوە بۆخاڵی سفر.
لەلایەكی دیكەوە رێكەوتنی سەری رەشی نێوان گۆران و پارتی لەساڵی 2013دا كەلەنێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و نەوشیروان مستەفای رێكخەری گشتی كۆچكردوەی بزوتنەوەی گۆران ئەنجامدراو ئەو رێكەوتنەش ئەوەندەی نەخایاندو هەرزوو ئەمیش لەنێوان خۆیاندا لە باریان بردو كۆتاییان پێ هێنا .
دواتریش رێكەوتنی دەباشانی یەكێتی و گۆران ئەو رێكەوتنەش لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاو مام جەلالەوە ئاسەواری نەما و ئەم دوولایەنە كەوتنەوە دژایەتیكردنی یەكتری.
.ئەمانە مشتێك بوون لە خەروارێك لە رێكەوتنی لایەنە سیاسی و دەسەڵاتدارەكانی كوردستان ، هەربۆیە لەهەرێمی كوردستان تاوەكو دام ودەزگاكان بەدامەزراوەیی نەكرێن ویاسا سەروەر نەبێت رێكەوتننامەكان وەك بڵقی سەرئاویان لێ دێت و نابینە بەشێك بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بەڵكو زۆرجاریش دەبنە هۆی ئەوەی كە گرفت و كێشەی زیاتر بهێننە ئاراوە .
بۆیەلەكۆتاییدا دەڵێم هاوڵاتیانی كوردستان لەئێستادا ڕێكەوتننامەیان ناوێ بەڵكوخەڵكی دەیانەوێت ژیانیان باش بكرێت و پاشەكەوتی موچەكانیان هەڵوەشێنرێتەوە.