دایکی ئیمانداران أم سلمة ، (8) مارت و یەکەم یاخی بوونی مەدەنیانەی سەحابە!


دوای خەتم کردنی سوڵحی حودەیبیە لە نێوان سەروەرمان محمد ص (وەک فەرماندەی گشتی سوپای سەحابە) لەگەڵ نوێنەری سەرانی قوڕەیش، جۆرێک لە یاخیبوونی مەدەنیانە لە ناو سوپای سەحابە دروست بوو، ئەوان ڕازی نەبوون بەو سوڵحە، بەندەکانی رێکەوتننامەکەیان بە کەمایەتی و تەسلیم بوون دەخوێندەوە، لەسەرووی هەموویانەوە عومەری کوڕی خەتاب، بە ناو سەحابە گەورەکاندا دەگەڕا و ناڕەزایەتی خۆی ڕادەگەیاند, لێرەدا چەند راستییەک دەردەکەوێ:
1 _ سەروەرمان محمد ص وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، ئاگاداری ئەو ناڕەزایەتییە توندەی سەحابە بوو، بەڵام کاردانەوەی سەلبی و قورسی بەرامبەریان نەنواند لە ڕوانگەی پێغەمبەر بوونییەوە، بەڵکوو سەبر و بێ دەنگی هەڵبژارد.
2 _ ئەو هەڵوێستەی سەحابە لە ناڕەزایەتی توندەوە، سەری کێشا بۆ یاخی بوونی مەدەنیانە، کاتێک سەروەرمان محمد فەرمانی بۆ دەرکردن قوربانیەکان سەربڕن و قژیان بتاشن، سەحابە جیاواز لە هەموو جارەکانی تر، ئەمجارە کوێرایەڵی فەرماندەی گشتی نەبوون ، ئەمە جۆرێک بوو لە یاخیبوونی مەدەنی، یەکەم جار بوو ئاوا یاخی بن، لێرەدا جارێکی تر سەروەرمان وەک فەرماندەی گشتی سوپا، بەرامبەر بەم یاخیبوونە نەچووە سەر هەڕەشەی پێغەمبەرایەتی و وەعد و وەعیدی ترسناک،. واتا بازنەی پێغەمبەرایەتی تێکەڵ بە بازنەی ئەرکی سەربازی نەکرد، بەڵکوو بە غەمگینی و سەبرەوە گەڕایەوە بۆ ڕەشماڵی دایکمان أم سلمة.
3_ لەم یاخیبوونەی سەحابەدا، گەورەترین رۆڵی چارەنووس سازی مێژوویی ئافرەت لە مێژووی ئیسلامدا دەرکەوت ، دایکمان کە بەو یاخیبوونەی زانی، وتی ئەی پێغەمبەری خوا هەستە بڕۆ ناوەڕاستی گۆڕەپانی ڕەشماڵی سوپا، قوربانی خۆت سەرببڕە و بانگی سەرەتاش بکە قژت بتاشێ، لەو کاتە زۆر هەستیارەدا، لەبەردەم یاخیبوونی هێزی سەحابەدا، لە ناو غەمگینی فەرماندەی سوپاکەدا، ئەو قسەیە باشترین ڕاوێژ بوو کە توانیتی چارەسەرێکی خێرا و کاریگەر بۆ پەیوەندی نێوان سوپاو قیادە بدۆزێتەوە، هاوکات زۆر بە هێمنی کۆتایی بە گەورەترین یاخیبوونی مەدەنیانەی سەحابە هێنا.
4_ گەورەیی و لێبوردەیی سەروەرمان دەرکەوتەوە بەوەی نەچووە سەر هەڕەشە بە زمانی پێغەمبەرایەتی ، بەڵکوو هەم فیداکاری سەحابەی لەبەرچاو گرت لە قۆناغەکانی رابردوودا، هەم فێری ئەوەی کردین مرۆڤە دڵسۆزەکانی دەوروبەرت ئەگەر تێبینی و رەخنەو هەندێ جار یاخی بوونیشیان هەبوو لە کاری دونیایی سەبریان لەسەر بگرە و خێرا مەچۆرە سەر هەڕەشە و سزا. لە لایەکی ترەوە فێری کردین ئافرەتان دەتوانن بەشێک بن لە پڕۆسەی راوێژکاری و دروست کردنی بڕیاری قیادیدا، هەر ئەوە پێوەرە کە ئافرەتان دەتوانن بەشێک بن لە ئیدارەدانی دەسەڵاتی تەنفیزی و تەشریعی و ڕاوێژکاری.
5 _ گەورەیی تێگەیشتنی دایکمان أم سلمة، لەو کاتە زۆر ترسناک و هەستیارەدا، کە دڵەکان پڕ و دەروونەکان شڵەژاون ، ڕاوێژی بە سزاو هەڕەشە نەکرد بۆ سەروەرمان، سەرۆکی سوپای دنە نەدا دژی عومەر و باقی سەحابە، بەڵکوو باشترین چارەسەری دۆزییەوە،. چارەسەرێک کە سەروەرمان نەیدەزانی، چارەسەرێک بێ ئەوەی هەڕەشە و سزای لێبکەوێتەوە.
بۆیە دەڵێم نەک تەنها لە 8 مارت، بەڵکوو هەموو سات و کاتێک سڵاو بۆ دایکمان أم سلمة و هەموو ئوم سەلەمەکان ، ئەوانەی ژیان سازی دەکەن، نەک تێکدانی ژیانی ماددی و مەعنەوی و ئەخلاقی مرۆڤ و نەتەوە و ئوممەتەکان.