ڕۆژی جلی كوردی یان ئاهه‌نگـ و هه‌ڵپه‌ڕكێ !

نه‌كـ ڕۆژێكـ خۆزگه‌ به‌درێژایی ساڵ جلی كوردی ده‌كرایه‌ جلی فه‌رمی ده‌وام وته‌واوی فه‌رمانگه‌و فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رپشكـ ده‌كران له‌پۆشینی ، چونكه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی جلی كوردی هێمایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی وكلتوری میلله‌تی كورده‌ ، به‌هه‌مان شێوه‌ یه‌كێكه‌ له‌جوانترینی جل وبه‌رگی میللی‌ و نه‌ته‌وه‌ییمان به‌به‌راورد به‌گه‌لانی جیهان به‌گشتی وناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌تی ، دیسان به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی قه‌یرانه‌ سیاسی وگرفت وناكۆكیه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌تایبه‌ت له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییه‌دا ، جۆرێكـ له‌ بێ باكی و لاوازی له‌هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی وخۆشویستنی نیشتمان ده‌بینرێ ،هۆگری بۆ خاكـ وئاسمانی كوردستان لای به‌شێكی به‌رچاو له‌هاوڵاتیان به‌تایبه‌تی له‌نێو لاوان گه‌نجاندا چووه‌ته‌ قۆناغێكی مه‌ترسیدار ، به‌داخه‌وه‌ خه‌ریكه‌ هه‌موو جوانیه‌كانی كورده‌واری و مێژووی چه‌ند ساڵه‌ی خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌م گه‌له‌ و گیانی به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ی دوژمنان وناحه‌زانی میلله‌ته‌كه‌مان ده‌كرێته‌‌ قوربانی كێشمه‌ كێشی نێوان كۆمه‌ڵی له‌ده‌سته‌ بژێری به‌ناو سیاسی شكستخواردووی ئه‌خلاقی وفیكری وسیاسی !
دیاریكردن ویادكردنه‌وه‌ی ڕۆژێكی وه‌كـ ئه‌مڕۆ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ میلله‌ته‌كه‌مان له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانه‌وه‌ وه‌كـ هه‌میشه‌ ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین پیلان ونه‌خشه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی وئیقلیمی ده‌بێته‌وه‌ ،‌ ڕه‌نگه‌ بڕیارێكی له‌مجۆره‌ و به‌پۆشینی جل وبه‌رگی كوردی وبه‌فه‌رمیكردنی له‌ده‌وامی فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ، دواجار بڕژێته‌ ئه‌و ده‌فره‌ی كه‌ خزمه‌ته‌ به‌كۆی پرسه‌ سیاسی و نه‌ته‌وایه‌تیه‌كه‌مان ، له‌وێشه‌وه‌ گوڕێكـ بكاته‌وه‌ به‌به‌ری ئه‌و هه‌سته‌ نابه‌رپرسیاریه‌تیه‌ی كه‌دۆخی شێواوی ده‌سه‌ڵاتدارنی ئه‌م هه‌رێمه‌ لێی به‌رپرسه‌ !
ئه‌مڕۆ به‌نده‌ش وه‌كـ هاوپیشه‌كانم له‌مامۆستایان وفه‌رمانبه‌ران به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵیه‌وه‌ به‌جلی كوردی وچۆخه‌و ڕانكه‌وه‌ ڕۆشتم بۆ ده‌وام و پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستایانی قوتابخانه‌ وقوتابیه‌ چاوگه‌شه‌كانمان به‌شداری بووین له‌م ڕۆژه‌ كه‌ به‌‌ڕۆژی جلی كوردی ناسراوه‌ ، وه‌لێ دواترو له‌ڕیگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆن وتۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوكـ تێبینی ئه‌وه‌مكرد كه‌ له‌هه‌ندێ دامو ده‌زگاكانی حكومه‌ت نه‌كـ ده‌وامی پێ نه‌كراوه‌ و بۆ ده‌وامی فه‌رمی فه‌رمانبه‌ران نه‌بووه‌ ، به‌ڵكو كرابوویه‌ پشوو له‌وێشه‌وه‌ به‌گۆرانی جۆراوجۆر وهه‌ڵپه‌ڕكی كوردی به‌شێكـ له‌كاتی ده‌وامیان پچڕاندبوو ! به‌جۆرێكـ نه‌تده‌زانی ئه‌مڕۆ پشووه‌ یان ده‌وامی فه‌رمی یاخود بۆنه‌و یادكردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌و ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ كه‌ده‌وڵه‌تی كوردستانی تیا ڕاگه‌یه‌نرا !
ویستم بڵێم كه‌سێكـ هه‌ڵئه‌په‌ڕێ وگوێبیستی مۆسیقا وگۆرانی ئه‌بێ ، كه‌ ته‌واو تێر وپڕی ورگـ وگیرفان وده‌روون بێ ، تێر بۆ هه‌رسكردن ونه‌رمكردنی ورگـ ، گیرفانی پڕ بۆ خه‌رجكردن ودابینكردنی پێداویستیه‌ ته‌واوكاریه‌كانی ماڵ ، ده‌روونیش بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی خه‌مو ئازاره‌كانی ڕۆژ كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌بێ ئاگاییدا به‌خۆبادان ولاربوونه‌وه‌ی جه‌سته‌ ته‌عبیر له‌ناخی پڕبووی بكات ، واته‌ كه‌سێكـ هه‌ڵپه‌ڕكێی بۆدێ كه‌ له‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ گه‌یشتبێته‌ لوتكه‌ی پڕی وتێری ، كه‌به‌بێ خۆبادان وسه‌ماكردن چاره‌سه‌ر نه‌بێ ! ئه‌پرسم ئه‌گه‌ر تێروپڕین بۆچی به‌ڕه‌خنه‌و به‌گلێین ؟ خۆ ئه‌گه‌ر به‌گلێین بۆ ئه‌بێ هه‌ڵپه‌ڕین !؟ چونكه‌ ئه‌وه‌ لۆژیكـ نیه‌ له‌یه‌كـ كاتدا تێروپڕی هه‌ڵپه‌ڕین بین ، له‌ولاشه‌وه‌ به‌ده‌ست نه‌بوونی و قڕوقاتیه‌وه‌ نیگه‌ران وبه‌هاوار !؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م پرسیاره‌ ئه‌ندازه‌یه‌كـ ڕاستی تیایه‌ !؟ ئه‌كرێ بڵێین نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانمان له‌تێری و پڕیه‌وه‌ دێ یان له‌ده‌روونێكی شێواوو مه‌ستی ئازاره‌كانی ڕۆژ !؟