تەنیا ساڵى جارێک هەناسەیەکتان بە قەرز بدەنە هەڵەبجە!!

...............................
تۆ کە دەتوانى بە ئاسایى و بە ئاسانى هەناسە هەڵمژى و هەناسە بدەیت، تەنیا ساڵى جارێک هەناسەیەکت بە قەرز بدەرە هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان!!
هەناسەدان و هەناسە هەڵمژین دیارترین نیشانەى زیندوویەتى و ژیانە، تەنانەت لە لێدانى دڵ زیاتر نیشانەى زیندوویەتى و ژیانمان نیشان دەدات، ڕەمزى جوامێرى و مەردایەتیتان نیشان بدەن و هەنێک لە هەناسەکانتان بە قەرز بدەنە هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان، بە قەرز بیدەنە ئەوانەى پێویستیان بە هەناسەدان و هەناسە هەڵمژینى ئاسایى هەیە، بیبەخشنە ئەوانەى کە لەناوتاندا دێن و دەڕۆن و لەمسى حاڵیان دەکەن، بیدەنە ئەوانەى کە ستەمکاران هەناسەیان لێ دزین و لەوان ستەمکارتریش نەیدانەوە، هەناسەیەکتان بدەنە ئەوانەى کە بوونە قوربانى ناو و ناوبانگى هەنێک بازرگان و مافیا و بوونە کەرەستەى سواڵ و دەرۆزەکردنى نامەردەکان، تەنیا ساڵى جارێک هەناسەیەکى پاکتان ببەخشنە ئەوانەى کە نیوەى هەناسەکانیان لە (شانزەى سێى هەشتاو هەشت) و لە ناو هەڵەبجە و دەشت و بەرزاییەکانى (عەنەب و پریس و قلیج و هەورامان) لێ ونبووە و بۆیان نادۆزرێنەوە، نا باشتر وایە بڵێین نامەردانە نیوەى هەناسەکانیان لەوێ لێ دزرا، وەک چۆن هەنێک چەتە و نامەرد بازن و گوارەکانیان لێ دزین و مەچەکیان لێ کردنەوە و ماڵەکانیان فەرهود کردن... ئاواش هەناسەکانیان دزران و چەقۆیەکى ژەهراوى درا لە سنگ و سییەکانیان و سێوێکى گەنیویشیان دەرخوارد دان.
ئەوە بزانن و لەپێشچاوتان بێت کە هەڵەبجە و بەشێک لە هەڵەبجەییەکان هەموو شەوێک و لە سێ وەختەى بەیانى و نیوەڕۆ و شەودا، بەڵێ لەو سێ وەختەدا شانزە جار سییەکانیان هەڵدەوئاوسن و (1988) نیمچە هەناسەى سارد و ناتەواو دەدەن و بە دەم ئاخهەڵکێشانەوە شانزە هەناسەى گڕگرتوو هەڵدەمژن... ئەوان هەموو ڕۆژێک شانزە جار (1988) هەناسەى نەدراویان لە سییەکانیاندا پەنگ دەخواتەوە و نایەنە دەرێ...
ئەوان لە برى ئەو هەموو هەناسە دەرنەدراو و نیمچە هەناسە دوکەڵاوییانەیان کە لە ئاسمانى هەڵەبجەدا و بە بنمیچى سەقف و دیوارى خانوو و کەلاوەکانى هەڵەبجەوە ماونەتەوە قسەى نەوتراویان هەیە، قسەى نەبیستراویان هەیە، ژان و ئازارى بەسوێیان هەیە، ئەوان دەنگى خیزەى سنگ و قرخەى قوڕگیان (1988) پێ دەڕوات و سێ کۆڵان و شانزە ماڵ بەخەبەر دێنێت... هەنێک لەوان تەنانەت لەوەش بوون بتوانن حەقایەتى هەناسە ناتەواوەکان و نیمچە هەناسەکانیان بۆ کەس بگێڕنەوە...
بۆیە دەستهەڵگرن لە شین و شەپۆڕ و پرسە و ئاهەنگ گێڕان و تێرکردن و پێشوازى کردن لە بەرپرسە نابەرپرسەکان و بەڵێنى پوچ و قسەى قەبەى بەر مایک و شاشەکان، وەرن و تەنیا ساڵى جارێک هەناسەیەکى پاکتان بە قەرز ببەخشنە هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان و کەمێک بیانبووژێننەوە و ئاهێک بکەنەوە بە بەریاندا، نەبادا ئەو دەرفەتەش لەدەست بدەن و بۆ هەمیشە بە قەرزارى ئەم شار و خەڵکە بمێننەوە.