بۆچی پارتی ناتوانێ ده‌ستبه‌رداری یه‌كێتی یان گۆڕان بێ !؟

:
دوو ساڵ له‌مه‌وپێش و ڕێكـ له‌مانگی نیساندا وتارێكمان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌بۆچی گۆڕان ناتوانێ ده‌ستبه‌رداری ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی بێ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ! كه‌چی چه‌رخی ڕووداوه‌كان به‌دیوێكدا كه‌وت ، ئه‌و دوو حزبه‌ی ئه‌وه‌نده‌ له‌یه‌كتر دوورخسته‌وه‌ پارتی به‌هه‌لی بزانێ له‌گۆڕان نزیكبێته‌وه‌و جۆرێكـ له‌ڕێكه‌وتن ولێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵدا واژۆ بكات ! ئێستا ئه‌وه‌ی كه‌ پێشتر به‌لای گۆڕانه‌وه‌ هه‌رس نه‌ده‌كراو ئاماده‌ نه‌بوو له‌پێناویدا تۆسقاڵیكـ سازش بكات ، بۆ ئه‌م قۆناغه‌و ئه‌م پێشهاته‌ تازه‌یه‌ بووه‌ته‌ دروشم و به‌هه‌موو قه‌ناعه‌تێكه‌وه‌ به‌رگری لێده‌كات ، واته‌ ئه‌وه‌ی به‌لای پارتیه‌وه‌ خواست و داواكاری هه‌ره‌ سه‌ره‌كی بوو‌ له‌ڕابردوودا بۆ ئێستای گۆڕان بووه‌ته‌ ئامانج وكۆششی بۆ ده‌كات ! ئیدی شتێكـ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ به‌ناوی ناكۆكی ودژایه‌تی گۆڕان بۆ پارتی یان پێكوته‌ وسڵمینه‌وه‌ی پارتی له‌ گۆڕان ! لێره‌وه‌ وه‌كـ وتاری ڕابردوومان نامانه‌وێ به‌دوای هۆكارو پاساوه‌ شه‌رعی وناشه‌رعیه‌كانی گۆڕاندا بكه‌وین كه‌بۆچی نزیكـ بووه‌ته‌وه‌ له‌پارتی و هاوپه‌یمان وهاوئاوازی ئێستای پارتیه ، به‌ڵكو ده‌خوازین له‌و ده‌رگایه‌وه‌ بچینه‌ ژوووره‌وه‌ كه‌ بۆچی پارتی سه‌رباری چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كانی له‌گه‌ڵ گۆڕاندا له‌ولاشه‌وه‌ نایه‌وێ ده‌ستبه‌رداری یه‌كێتی بێ ! واته‌ پارتی له‌یه‌كـ كاتدا ئیشتیهای خۆرماو هه‌میش مێوژ ئه‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی بڵێ له‌خورمژ ئه‌چێ ! بێ گومان ‌هۆكاره‌كانی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی پارتی زیاتره‌ له‌وه‌ی لێره‌ ڕیزبكرێ ، ئێمه‌ ته‌نها ئاماژه‌ به‌سێ لایه‌ن وسێ خاڵی بابه‌ته‌كه‌ ئه‌كه‌ین :
:
• پارتی باش له‌وه‌ گه‌یشتووه‌ ئه‌گه‌رچی به‌لای زۆرینه‌ی یه‌كێتیه‌وه‌ نزیكـ بوونه‌وه‌ی پارتی له‌گۆڕان قبوڵ نه‌كراوه‌ وبه‌ده‌رچوون ولادانه‌ له‌ڕێكه‌وتنی نێوان هه‌ردوولا ، وه‌لێ بایی ئه‌وه‌نده‌ خوێندنه‌وه‌و دیراسه‌ی هه‌یه‌ بۆ كێشه‌و گرفته‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی ، كه‌ ئه‌و حزبه‌ هێشتا ئاتاجی ‌پارتیه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حزبی و شه‌خصیه‌كانی هه‌ردوولا ڕیگرن له‌وه‌ی بۆ كۆتاجار له‌یه‌كتر دوووربكه‌نه‌وه‌و سه‌نگه‌ری حه‌قیقی له‌یه‌كتر بگرنه‌به‌ر ! هه‌ر بۆیه‌ توانیویه‌تی ئه‌وه‌نده‌ی له‌گۆڕان‌ نزیكـ بێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ش سه‌ره‌داوه‌كانی له گه‌ڵ ‌یه‌كێتیدا بمێنێته‌وه‌و نه‌پچڕێنی ! هه‌رچی تایبه‌ته‌ به‌گۆڕان سیاسه‌تی دوولایه‌نه‌ی پارتی بۆ ئه‌م حزبه‌ قۆستنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی لاوازوو بادانه‌وه‌ی گۆڕانه‌ له‌دروشم و ئامانجه‌كانی ڕابردووی كه به‌نزیكبوونه‌وه‌ی له‌پارتی بوغزاوی به‌شێكی زۆر‌ له‌هه‌وادارو لایه‌نگرانی بووه‌ ، ئیدی ئێستای گۆڕان به‌حزبه‌كه‌ی جاران و نزیكـ به‌شه‌قام و خواسته‌كانی گشتی هاوڵاتیان ناچێ و‌ لێكچوونێكـ له‌ئارادا نه‌ماوه‌ ! هه‌ر بۆیه‌ له‌ئه‌گه‌ری په‌شیمان بوونه‌وه‌ی به‌شێكـ له‌ڕیكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕان له‌سه‌ر حیسابی لاواندنه‌وه‌ی یه‌كێتی ، جارێكی تر گۆڕان ناتوانێ به‌و ئاسانیه‌ له‌م هاوكێشه‌یه‌ ده‌رچێت ، له‌ویشه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئامێزی گه‌رمی شه‌قام ، واته‌ به‌پشتكردن له‌دروشم وئامانجه‌كانی خولی ڕابردووی ، ڕووی گه‌ڕانه‌وه‌و بادانه‌وه‌ی ڕووشاوه‌ ! ئه‌مه‌ش بۆ پارتی خاڵی به‌هێزو گره‌وی به‌رده‌وامی گه‌مه‌كه‌یه‌‌ !
:
• ئه‌گه‌رچی دۆخی سیاسی و ئه‌و فره‌ ڕه‌نگیه‌ی كه‌ له‌زۆنی سه‌وزدا بوونی هه‌یه‌ حاڵه‌تێكی ئاسایی وكه‌شێكی ئیجیابیه‌ بۆ هه‌موولایه‌كـ به‌یه‌كسانی ، وه‌لێ بۆ پارتی وسیاسه‌تی پارتی له‌ده‌ره‌وه‌ی زۆنی زه‌رد به‌خاڵی به‌هێزو به‌لاوازی یه‌كێتی ئه‌بینێ ، هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ڕاگرتن وڕازیكردنی به‌شێكـ له‌داواكاریه‌كانی یه‌كێتی ، دیسان كار بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی حزبه‌كانیتر ئه‌كات و ناهێڵێ فشارو هه‌ژموونی یه‌كێتی به‌سه‌ریاندا زاڵ بێ ، لێره‌وه‌ به‌نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی تر به‌تایبه‌تی گۆڕان ، به‌ره‌ی موعاره‌زه‌ وناڕه‌زاییه‌كانی ئه‌وانیتر له‌خۆی بچووكـ ده‌كاته‌وه‌ و ڕیگریش ده‌بێ له‌وه‌ی یه‌كێتی له‌دژی پارتی وسیاسه‌تی پاوانخوازی پارتی له‌زۆنی سه‌وز به‌كاریان بێنێ ! ئه‌وه‌ی بۆ گۆڕانیش ڕاسته‌ هاوپه‌یمانی نێوان پارتی وگۆڕان له‌لایه‌كـ به‌ره‌ی ناوخۆی موعاره‌زه‌ په‌رته‌وازه‌ ئه‌كات ، له‌لایه‌كی تر ده‌بێته‌ دیوارێكی ئه‌ستوور له‌نێوان نزیكبوونه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی گۆڕان بۆ لای ‌نه‌وه‌كانی خۆی كه‌ به‌نه‌وه‌ی نوێ ناسراوه‌و شاسوار عبدلواحید ڕابه‌رایه‌تیان ده‌كات ! واته‌ هێنده‌ی خه‌می ڕازیكردنی یه‌كێتی وگۆڕان بۆ پارتی گرنگـ و ئه‌ركی ئه‌م قۆناغه‌ی پارتیه‌ ، ڕیكـ له‌وه‌ش به‌زیاتره‌وه‌ دوورخستنه‌وه‌ی گۆڕان له‌نه‌وه‌ تۆراوه‌كانی خۆی گرنگـ و بایه‌خێكی ئێجگار گه‌وره‌ی هه‌یه‌ !
:
• نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی له‌گۆڕان ویه‌كێتی پێكه‌وه‌ له‌یه‌كـ ئاست و ‌دوورو نزیكـ له‌هه‌ردوولا به‌یه‌كسانی ، توانای به‌و حزبه ‌داوه‌ زۆرێكـ له‌ئامانجه‌كانی بێنێه‌ دی ، لانیكه‌م بۆ ئه‌م قۆناغه‌ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وده‌نگدان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ، واته‌ پارتی ئه‌توانی به‌بێ گرفت له‌ناو په‌رله‌مان و به‌ده‌نگدانی په‌رله‌مانتارانی پارتی وگۆڕان وكه‌مینه‌كانی تر یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارا بكاته‌وه‌و سه‌رۆكێكی نوێ بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژێرێت به‌بێ ده‌نگـ و دوور له‌به‌شداری یه‌كێتی ! به‌مه‌ش گۆڕانی له‌یه‌كێتی دوورخسته‌وه‌و بێ نیازی خۆی له‌یه‌كێتیش پیشاندا بۆ هه‌ر پرس و یاسایه‌كـ بیه‌وێ له‌په‌رله‌ماندا شه‌رعیه‌تی یاسایی و ده‌ستووری وه‌رگرێت ! سه‌رباری ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ی سه‌ره‌وه‌ پێگه‌ی یه‌كێتی وقورسایی به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌ئاستی عێراق ووه‌ڵاتانی ئیقلیمی هێشتا بۆ پارتی مایه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌ كه‌ به‌ ئاسانی‌ نه‌توانێ له‌سه‌ر حیسابی ڕازیكردنی گۆڕان به‌ته‌واوی پشت له‌یه‌كێتی بكات ، واته‌ بۆ مانه‌وه‌و درێژه‌دان به‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی پارتی له‌ئاستی عێراق وئه‌و ڕایه‌ڵه‌ی كه‌ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كانی گرێداوه‌ به‌وه‌ڵاتانی ئیقلیمی به‌بێ یه‌كێتی ئه‌سته‌مه‌و تاكـ لایه‌نه‌ سه‌ركه‌وتوو نابێ ! هه‌رچی تایبه‌ته‌ به‌ناوخۆی كوردستان و ئه‌و گۆڕانكاریه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ی بڕیاره‌ له‌ده‌ساوده‌ستكردنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وسه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا له‌نێوان ئامۆزاكاندا به‌ڕیوه‌بچێت ، بۆ پارتی بایه‌خی هه‌یه‌ و هه‌وڵه‌كانی پارتی به‌ئاراسته‌ی سه‌رخستن و پیشكه‌شكردنی ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووی حزبی و ئیداریه‌ و خه‌م وخه‌ونی چوار ساڵی داهاتووی ئه‌و حكومه‌ته‌یه‌ كه‌ پارتی تیایدا پشكی شێرو سه‌ره‌كی ده‌گێڕێت ! چونكه‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم به‌بێ به‌شداری یه‌كێتی ، واته‌ له‌دایكـ بوونی حكومه‌تێكـ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ لایه‌كی جه‌سته‌ی تووشی ئیفلیجی بووه‌و توانای جوڵه‌كردن وخۆبه‌ڕیوه‌بردنی به‌نیوه‌ هه‌یه‌ ! جگه‌ له‌مه‌ش شكستی حكومه‌ت وسه‌رنه‌كه‌وتنی كابینه‌ی داهاتوو به‌سه‌رۆكایه‌تی پارتی ، دوورنیه‌ به‌شكست و سه‌رهه‌ڵدانی گرفته‌ ناوخۆییه‌كانی پارتی ته‌واو بێ ! له‌وێشه‌وه‌ بۆ لێكترازان و دابه‌شكردنی میراتی حزبی ! هه‌ر بۆیه‌ له‌پاڵ یاریه‌كی سه‌ركه‌وتوانه‌ی نێوان گۆڕان ویه‌كێتی ، خه‌مێكی قووڵ وترسێكی شاراوه‌ی ئاشكرا پاڵنه‌ری مانه‌وه‌و ڕاگرتنی په‌یوه‌ندیه‌كانی پارتیه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی وگۆڕان به‌یه‌كـ مه‌ودای هاوته‌ریب له‌یه‌كتر !