ناوەندگیری لە نێوان دوو بژاردەی ھەڵەدا

ئادەمیزاد بۆئەوەی سەرکەوتوو بێت لەژیانیدا، بەدڵنیاییەوە زۆر پێویستی بە مەنتق و لۆژیک ھەیە، دەی ھەر لەبەر ئەم بەھرەی ئاوەز و ئەقڵەیە بەرپرسیاری لە ئەستۆیەو ناتوانێ لێی دەرباز بێت، چ لای خاوەنەکەی، وە چ لای مرۆڤایەتی و مێژوو. (العقل مناط التکلیف). وە ھەرکات مرۆڤ ژیری لەدەستدا، وەیان ھەرلە سەرتاوە نەی بوو ئەوا ئەرک و بەرپرسیاری لەسەر ھەڵدەگیرێت.
یەکێک لەو یاساو بنەما جوان و جێگیرانەی خراوەتە خزمەتی ژیری مرۆڤ، بریتیە لە ناوەندگیری (توسّط) لەکاروباریدا. واتە ڕێی ڕاست و دروست ئەوەیە تەواوی گووفتارو ڕەفتاری مرۆڤ ئەم پەڕو ئەو پەڕ نەگرێتە بەر، بەڵکو ناوەندگیری بکات. ھەر سات و جێیەک چیی و چۆنی خواست، پێویستەو ئەرکیەتی ئەوە بگرێتەبەر.
بەنموونە: لەوەختی ڕۆیشتن و ڕێکردندا درووست ئەوەیە ناوەندگیر بێت لەنێوان پەلەکردن و پێداخستندا، جا وەختێک ئادەمیزاد حاڵی دەخوازێ پەلە بکات لە ڕۆیشتندا، ئەوکات پێویست دەکات بڕواتە زەمینەی لەبارو بەو ئەندازەی دەیخوازێ و ڕێگەی پێدراوە خێرایەکەی زیاد بکات، وەیان بە پێچەوانەوە، گەر ویستی پێی داخاو خێرایی کەم بکاتەوە، چوون ئەوەی پێویستە، دەی ئەرکیەتی ھەمان زەمینەی دروست و ڕێگە پێدراو بگرێتەبەرو پیایدا بڕوات.
ئەم مانا جوانە لەم ئایەتەی قورئانی موبارەک وەردەگیرێت، کە فەرموویەتی: (وَاقْصِدْ فِي مَشْيِكَ)، ھەم بۆ مەبەستێ ڕێ بکە، وە ھەم ناوەندگیری ھەڵبژێرە. وە ئەم حەقیقەتە دەمێکە لەوڵاتانی پێشکەوتوو جێبەجێ کراوە، شۆفێر بەپێی حاڵ و خواستی بە سایدەکاندا دەڕواو دەزانێت ھەرکامی ھەڵبژارد بەرپرسیاری لە ئەستۆیە.
ھەروەھا لەوەختی گوفتارو ئاخاوتن و بەکارھێنانی ئامێری دەنگیدا، بەھەمان شێوە بەرپرسیاری لە گەردندایە. وە دەنگ پێویستە نزم بکرێتە بۆ ئەو ئاستەی کە بەرانبەر بە ئاسایی تێبگات و ناڕەحەت نەبێت لە بیستن و تێگەیشتنی ( وَاغْضُضْ مِن صَوْتِكَ )، وە نابێت ئەوەندە نزم و ھێواش بێت حاڵی نەبێ چی پێ وتراوە. ھەروەک بەرزکردنەوەی دەنگ چ بەزار بێت یان ئامێر، پێویستە کات و شوێنی گونجاو بێ و ڕێگە پێدراو بێت، وە نەبێتە مایەی ئازارادانی دیگەران؛ ئەوانەی وا پێویستیان پێی نیە.. کەواتە لەدەنگیشدا ناوەندگیری ڕاست و دروستە، نە زۆر ھێواش و نزم لێت حاڵی نەبن، وەنە بەرزو قایم بێت تاکو لێت بێزاربن .
وە پشتگوێ خستنی ئەم یاسا جوان و بنەما جێگیرە، واتە بەرز دواندن و ئاخاوتن و بەکارھێنانی ئامێری دەنگی، بەبێ پێویست و دوور لەزەمینەی دروستی خۆی. حەتمەن دەبێتە مایەی بێزاری بەرانبەرو تاوانباری خاوەنەکەی. وە ئەم ھەڵوێستە نەشیاوەو خوای (متعال)، چواندوویەتی بە زەڕەی گوێدرێژ، ڕاستە ئەو بەدەست خۆی نیە، بەڵام بێزاری خەڵکی لەدەنگی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چوونکە حاڵی ئەمان ئەو بەرز زەرینە ناخوازێت.( إِنَّ أَنكَرَ الْأَصْوَاتِ لَصَوْتُ الْحَمِيرِ) الحجرات: ١٩
بێگومان لە شوێنە گشتیەکاندا ئەم (ناوەندگیریە)، بەزۆری پشتگوێ خراوە، وە بەھۆی چەندین دەنگی جۆراوجۆری بێزارکەر خەڵکی ھەراسانە، لە ڕاستیدا ھەرخۆمان بوینەتە مایەی درووستکردنی، وە ئەرکی ئاوەزدارانە ڕێ و شوێنی لەبارو گونجاو بۆ چارەسەر بگرنە بەرو لە خۆیانەوە دەستپێبکەن. لە حاڵێکدا ئەگەر نەیانتوانی بنبڕی کەن خۆ دەتوانن نموونەی جوان پێشکەش بکەن.