کێ دەبێتە نموونە جوانەکەى بانگخوازان؟

ڕۆژگار گۆڕانکارى زۆرى بەسەردا هاتووە و خواست و پێداویستییە جەستەیى و ماددى و فیکرى و ڕۆحى و مەعنەوییەکانیش زۆرتر بوون و گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ئەو جۆرە خۆراکانەى کە جاران دەدرانە مرۆڤەکان ئێستە لە ڕووى تام و چێژ و چۆنیەتى پێشەکەشکردن و ئامادەکردنیانەوە گۆڕاون، ئەگەرچى کەسەرەستە خاوەکان لەوانەیە زۆرینەیان هەر ئەوانەى پێشوو بن، بەڵام ڕەنگ و تام و بۆ و کات و شوێن و جۆرى ئامادەکردن و پێشکەشکردنەکە زۆر زۆر گۆڕاەوە، بۆیە پێویستە شێف و چێشتلێنەرەکان بە پێى خواست و داخوازى میوان و کڕیارەکانیان سەلیقە و هونەر و جوانکارى و ڕازاندنەوەى زیاتر بەکار بهێنن لە ئامادەکردن و پێشکەشکردنى خۆراک و پێشوازى کردن لە میوانەکانیان.
پرس و بابەتى بانگەواز و گەیاندنى دینى خوا و ئاشناکردنى خەڵکى بە ڕۆح و کرۆکى دین و درووشمە ئاینییەکان و شێوازى دیندارى کردنى موسڵمانانیش لەو پرس و بابەتانەیە کە قسە و مشتومڕى جددى هەڵدەگرێ، پشکى سەرەکى ئەم بابەتەش بەر بانگخوازان و زانایانى ئایینى مۆژیاریکارانى دینى دەکەوێت، ئەوانەى کە خۆبەخشانە و پیشەییانە و ئەخلاقیانە چوونەتە ژێر بارى بەرپرسیارێتى ئەم ئەرکە قورس و گران و بە قیمەت و گرانبەهایەوە، بانگخوازان و زانایان مۆژیاریکارانى دینین کە پێویستە بە وردى و زیاتر لە جاران دەرکى پێداویستى و خواستى مەعنەوى و ئەخلاقى و دینى خەڵک بکەن، ئەوانن کە خەڵکیش خۆویستانە لەبەردەمیاندا ئامادە دەبن و گوێ لە ڕا و بۆچوون و مۆژیارییەکانیان دەگرن، بۆیە ئەرکەکەیان چەند بەرامبەرى جاران قورستر و گرانتر دەبێ، پێویستە سەلیقە و حیکمەت و دانایى و دڵسۆزى و ئارامگرى و پێداگرى و مکوڕى و زانست و زانیارى زیاتر بەکار بهێنن لە چۆنیەتى گەیاندنى دینى خوا و مۆژیارى کردنى خەڵکى و ئاراستەکردنیان بۆ ڕێگەى باش و جوان و ئەخلاقى پەسەندى خواپەسەندانە و مرۆڤدۆستانە.
هەروەک پێویستیشە کە ڕێکار و تەکنیک و هونەرى باشتر و گونجاوتر لەگەڵ سەردەم و گوێگرەکانیان بەکار بهێنن بۆ گەیاندنى دین و ئەرکى بانگخوازانەیان، ئاشکرایە کە تەغزیەکردن و تێرکردنى خەڵکى ئەمڕۆ لە ڕووى دینى و ڕێنوماییە ئیسلامییەکانەوە بە هەمان شێوازى وتاردان و مۆژیارى کردنى جاران ڕەنگە بەرهەم و دەرەنجامێکى شایستە و پێویستى نەبێ، مەرج نییە ئەمڕۆش بە هەمان شێوازى جاران قسە لەگەڵ هاووڵاتى بکرێ و بشتەوێ هەمان دەرەنجام و کاریگەرى جارانى هەبێ، ئەمڕۆ زۆر پێویستە کە بزانین چۆن و بە چ شێوەیەک بە جوانى دین بناسێنین و بە باشى پەیام و داخوازییەکانى بگەیەنین؟!
بەو حوکمەى کە خەڵکى زۆرترین حورمەت و ڕێز بۆ زانایانى ئایینى و بانگخوازان و مۆژیاریکارانى دینى دادەنێن و خۆشیان دەوێن و گوێ لە قسەکانیان دەگرن، پێویستە ئەوانیش حسابێکى تایبەت بۆ ئەمە بکەن و بینرخێنن و هەوڵ بدەن جوانترین و باشترین شێوازى وتاردان و مۆژیارى کردن بەکار بهێنن و ببنە مایەى دڵخۆشى و ڕەزامەندى گوێگرەکانیان، تاوەکو زۆرترین کاریگەرى و جێکەوتى ئەرێنى لەسەر سلوک و گوفتار و ڕەفتارى هاووڵاتیان بەجێ بهێڵن، لەم ڕوانگەیەوە بەندە بە پێویستى دەزانم کە بە جددى لە هەوڵى گۆڕانکارى ڕیشەیى و پێویستدا بین لە چۆنیەتى شێوازى وتاردان و مۆژیارى کردن و وانە وتنەوەى ئایینى و پەروەدەکردنى دیندارانە و موسڵمانانەدا.
کەوابوو با بە هەموومانەوە هەوڵ بدەین و بکۆشین تا ببینە نومایشکار و مۆژیاریکارێکى خۆشەویست و دڵنشین، شێوازێکى جیاواز و ئومێدبەخشمان هەبێت لە وتار و مۆژیارى کردنەکانماندا، با ئیدى باسى خۆشى و چێژەکانى بەهەشتمان زۆرتربێ تا باسى سەختى و ئازار و ناڕەحەتییەکانى دۆزەخ، با لەمەولا باسى میهرەبانى و ڕەحمەت و مەحەببەت و سۆز و عیشقى خوا زیاتر بکەین تاوەکو باسى توڕەیى و خەشم و سزاى خوایى، چونکە ئەو زاتە میهرەبان و باڵایە ڕەحمەت و میهرەبانى لە پێشتر و زیاترە تا خەشم و توڕەییەکەى، لێبوردن و چاوپۆشى و خەڵات و بەخششى ئێجگار زۆرترە لە سزا و تۆڵە سەندنەوە.
کاتى ئەوەیە ئیدى بەشێکى بەرچاو لە شێوازى دەعوە و بانگەواز بۆ دین و دیندارى بە جددى بگۆڕین، نەک خودى دینەکە، با لەمەولا بە هونەر و فیلم و مۆسیقا دەعوە و بانگەواز بکەین، با دراما و فیلمى سینەمایى بکەینە کەرەستەى بانگەواز و گەیاندنى دینێکى سالم و سەلیمى واقیعى کە سازگار بێت بۆ هەموو سەردەم و کات و شوێنەکان، با وێنە و نیگارکێشان و پەیکەرسازى بکەینە هۆکارێک بۆ بانگەواز و گەیاندنى جوانى و باشییەکانى دین، با ئەمجارە بە ڕۆحێکى ناسکتر و بە هەناسەیەکى هونەرمەندانە بە سێتار و سەنتور و دەف و نەى و کەمانچە و عود و پیانۆ دەعوە و بانگەواز بکەین بۆ دین و دیندارییەکى ژیاندۆستانە و مرۆڤدۆستانە، با بە گۆرانى و سروود و مەقام و هۆرە و حەیران و سیاچەمانە و شێخانە خەڵکى کەمەندکێشى دین و دیندارییەک بکەین کە ئەخلاق و بەهاکان دەپارێزێ و برەویان پێدەدات و لەززەتى دین و دینداریمان پێ دەچەژێ، با بە وەرزش و تۆپى پێ و باسکە و تێنس و هونەرەکانى بەرگرى و کاراتى و کۆنفۆ و تەکواندۆ و وشوو مەلەوانى و شاخەوانى خەڵکى بهێنینە ناو مزگەوتەکان و ئەڵقەکانى قورئان و لەززەتى دیندارى و خواناسییان پێ بچەژین و لەگەڵ ئەوەشدا سود و پێویستییەتى دین و دیندارى کردنیان نیشان بدەین، با بە ئاهەنگ و ڤیستیڤاڵى هونەرى و وەرزشى و پیشەیى خەڵکى ئاشنا بکەین بە دین و پەیامەکەمان و دەرفەتى پێکەوەژیان و پێکەوەبوون و چێژبردنى بە کۆمەڵ و جەماوەرى زیاتر بڕەخسێنین، با لە ڕێگەى کۆڕ و کۆبوونەوە و بۆنەکانمانەوە لەناو جوانیەکانى سرووشت و لە نێو باخ و بێستان و دەر و دەشت و لەسەر چیاکانەوە جوانى و باشییەکانى دین باس بکەین و خۆمان و خەڵکى لەگەڵ خوا و خەڵک و خاک ئاشت بکەینەوە.
لەوانەش زیاتر تەنانەت با لە بۆنەکانى هەڵپەڕکێ و چەپڵە ڕێزان و شایى و بۆنەکانى شادیدا، ئێمەش بە کەیف و سەفا و خۆشحاڵییەوە نیشانیان بدەین کە دین و دیندارى دەرفەتى ئەوەشى داوە و دەدات، بەڵکو ئەوە لە پێویستییەکانى ژیانى مرۆڤ و کارى پەیامدارى و بانگخوازى و ئەرکى پەیامدار و بانگخوازانە، با ئیدى تەنیا لە مزگەوتەکانەوە مۆژیارى نەکەین و وتار نەخوێنینەوە و وانە نەڵێینەوە، با بچینە ناو بازاڕ و شەقام و دوکان و مارکێت و هۆڵ و مۆڵەکان، با لە کوچە و کۆڵان و پارک و سەیرانگە و هاوینەهەوار و نێرگەلەخانە و شوێنەکانى مەى خواردنەوەوە پەیامى قورئان و دیندارى و ئەخلاقمەدارى بگەیەنین، با پێیان بڵێین: [ڕُبَلِغُکُمْ ڕسَاڵاتِ رَبِی ۆڕَنَا ڵکُمْ نَاێِحٌ ڕَمِینٌ.]ڕلڕعراف/68، ئێمە مۆژیاریکارێکى دڵسۆز و ئەمینین بۆتان و بە کردەییش بۆیان بسەلمێنین.
توخوا با لەمەولا لەبرى دەنگبەرزکردنەوەى ناپێویست لە وتار و مۆژیارییەکانماندا، با بە تۆنێکى نزم و ئارام دوو بەیت شیعرى شاعیرێکى ڕۆح پاک و هەست ناسک بدەین بە گوێى موخاتەب و گوێگرەکانماندا، با بە ڕۆح و مانا و شرۆڤە و ڕاڤەى شیعرەکانى مەولەوى و نالى و بێخود و نامى و سەیدى و بێسارانى و موفتى زادە چێژ و لەززەت و قووەت و کاریگەرى ببەخشینە وتار و مۆژیارى و وانە پەروەردەییەکانمان، با لەبرى دەست ڕاوەشاندن و ئاماژەکانى هەڕەشە و ترساندن بە حورمەتەوە سەرى سوپاس دانەوێنین بۆ ئەوانەى کە هاتوون بۆ لامان و بە ئەدەبەوە و بە بێدەنگى گوێمان لێدەگرن و لەگەڵ ئەوەشدا ڕێزمان لێدەگرن، با لەجیاتى ئەوەى هەمیشە بە دەنگى خەمگین و گریاناوییەوە وتار بدەین و مۆژیارى بکەین، با هەندێک جار بزە و خەندە لەسەر لێومان بێت و ڕووخۆشیمان ببێتە مایەى دڵخۆشى ئەوانیتر، با ئەمجارە لە میحراب و دوانگە و مینبەرەکانماندا لەبرى بوونى شمشێرێکى تەختە یان چەک و تفەنگێک، با هەر جارە و چەپکێک گوڵى جوانى سروشتى لەبەردەم مایکەکەمان و و سەر مێزەکەمان دابنێین و پەیامى جوانى (وەک گوڵ ژیان) بگەیەنین.