ئەو ساڵە تازە ڕەمەزان کەوتبووە وەرزی گەرما ، بەرنامەیەکی ڕادێۆیی ڕەمەزانی ڕاستەوخۆی ڕۆژانەم پێشکەش دەکرد ، کە پەیوەندی تەلەفۆنی گوێگرانیشی تێدا وەردەگیرا ، بیسەرێک لەیەکەم ڕۆژی ڕەمەزاندا تەلەفۆنی کرد و دوای سڵاو وتی :

- ئەمڕۆ زۆر حاڵم خراپ بوو لەگەڵ ڕەمەزاندا ، تینویەتی شڕ وهەراسانی کردم ، ڕۆژم لێ نەدەڕۆیی ، دوای نوێژی عەسر لەماڵ ڕام کردو ڕۆیشتمە بازاڕی کەلار ،

خۆری ژاڵ وژەهرداری بازاڕەکە مێشکی ئەوەندەی تر دەکوڵاندم ، توڕە و تینوو ، مەڵاشوم وشک بوو بوو ، تا شوتیەکم کڕی وگەڕامەوە ماڵ دووسێ شەڕم کرد و جنێوم بە دووسێ سایەق وعەرەبانچیش دا ،

کە گەیشتمە ماڵەوەش سەعاتێکێ مابوو بۆ بەربانگ ، هەر شێت بووم و نەمدەزانی چی بکەم ، لەوکاتەدا دایکم کە 70 ساڵ عومریەتی لە هۆڵەکەدا دانیشتبوو ، کە منی بینی پەڵمەگریان بوو و بەحەسرەتەوە وتی "کوڕم ئەوە ڕەمەزانیش تەواو ، چۆن خۆری ئەمڕۆ لە ئاوابوونایە ، ئەویش وعومریشمان ئاوا ئەپێچرێتەوە وئاوا ئەبێ "

بەوحاڵەوە کە هەمبوو بە قسەکانی دایکم تەواو دەیری بووم ، وتم : ئاخر دایە من ئەمڕۆم لێ ئەڕوا تا ڕەمەزان تەواو بێ !
کە بیسەرەکە تەواو بوو ، پێم وت :

_ ئاخر ئەمە جیاوازی نێوان بینین وتێگەیشتنی تۆ و دایکتە ، دایکت ڕەمەزان وەک هەل وفرسەتێک بۆ نوێبوونەوە وبوژاندنەوە و پاکبوونەوە سەیر دەکات و تۆش وەک فەرزێکی دەبینی کە هەموو هەم وهەوڵت تەنیا بۆ لە کۆڵ کردنەوەیەتی ، بۆیە ئەوە حاڵی ئەوە و ئەمەش حاڵ و وەزعی تۆ !