گەلی دواکەوتو، دینداریەکەشی دواکەوتوانەیە

 

راستیان فەرمووە ئەو زانایانەی تێگەشتنی دروستیان بەسەرەکیترین بنەمای دینداری دروست داناوە، دیارە تێگەیشتنی دروستیش لە بیرێکی گەشەکردو و پێشکەوتوو بەرهەم دێ .

بۆیە بەڕای بەندە چاکسازی گەل وکۆمەڵگای ئێمە لە پابەندیانەوە بە دینداریەکی ڕوکەش و پەرستشە شەعایریەکانەوە نییە، بەڵکو پێیویستە هەوڵ بدەین جارێ خەڵک باش و دروست لەبیرو باوەڕو جیهانبینی ئیسلام سەبارەت بە بون و بونەوەر و ژیان و مرۆڤ بەباشی بگەن.

هەروەک پێویستە دەرکی پێگەی مرۆڤ بکەن لەم زەویەدا ، کەخودا بەشێک لە سەنتەربونی خۆیی و دەسەڵات و خاوەنداریەتی پێبەخشیوە، بۆیە کۆمەڵێک سپاردەی بۆ دیاریکردوە کە بریتین لە:

۱- دەستەبەرکردنی ئازادی تاک، کە هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ ئازادیە گشتیەکانی کۆمەڵگادا، هەر ئەوەشە نرخ و بەرپرسیاریەتی دنیاو پاداشتی دواڕۆژیش بۆ مرۆڤ فەراهەم دەکات، چونکە هەرکارێک مرۆڤ بە ئازادی و چاوڕۆشنی و قەناعەتەوە ئەنجامی نەداو لەمەبەست و سەرنجامە کانی دڵنیا نەبێت، کە دواجار بەرژەوەندیە گشتیەکان ناشێوێنێ باچاوەڕوانی پاداشتی خواش نەبێ ئەوەتا خودا بەپێغەمبەرەکەی فەرمووە:
( قُلْ هَٰذِهِ سَبِيلِي أَدْعُو إِلَى اللَّهِ ۚ عَلَىٰ بَصِيرَةٍ أَنَا وَمَنِ اتَّبَعَنِي ۖ وَسُبْحَانَ اللَّهِ وَمَا أَنَا مِنَ الْمُشْرِكِينَ (108)يوسف.

کەوایە ئازادی تەنها ماف نیە، بەڵکو ئەرک و بەرپرسیاریەتیشە.

۲- هەروەها پێویستە بە تەواوی لەماناو مەبەستەکانی یەکتاپەرستی بۆ خودا بەباشی بگەن، بە دوریبگرن لە هەموو جۆرە هاوەڵ و هاوتا بۆ دانانێک، هەر بەوپێیەش پەرستشەکانیان بەهەردوو ڕەهەندەکانیەوە ، چی شەعائیرەکان و چی ڕەهەندی کرداری و ئاکاری و مامەڵەییەکان بەچاوڕۆشنی ئەنجام بدەن.

۳- لەخەمی خۆشگوزەرانی و ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگاکەیاندا بن.

٤- هەوڵی ئاوەدانی وڵاتەکەیان بخەنە ڕیزبەندی لەپێشینەی ئەرکەکانیانەوە.

٥- دادپەروەری ببێتە بەهای باڵای خۆیان و دەووبەەكەیان.

٦- پاراستنی شکۆی هاوڵاتیان بوبێتە خولیاو خەون و ئاواتیان.

ئەگەر دەرکی ئەو سپاردانە ئاوەها بەجوانی نەکەن، ئەوا ئەگەر هەرچی دەقی قورئان و فەرمودەکانیش لەبەربکەن و پێنج فەرزە لەڕیزی پێشەوەی نوێژە بەکۆمەڵەکان و هەموو ساڵێک بچنە حەج و ساڵانەش چەند جار عومرەش بکەن، ئەوجا وێرانکردنیان زۆرتر دەبێت لەبنیاتنان، چونکە وتراوە بەعەقڵ و زانست باش دەتوانن لەماناو مەبەستی دەقەکان بگەین ، بەجوانی جێبەجێیان بکەین، بەڵام بەنەفامی و نەزانی هەرپەرستشێکیش بکەین دەیشێوێنین.

کەوایە گەلی دواکەوتوو دینداریەکەشی دواکەوتوانەیە و بەپێچەوانەشەوە، کاتێک کۆمەڵگایەک پێشکەوتووە لەڕوی زانستی و تەکنۆلۆجیاوە ئەوجا بەڕاستی کەدینداریش دەکات جوان بەوپەڕی پابەندیەوە لەسەرچاوە سەرکیەکانی دینەوە بەتێگەشتنی بەرزەوە دینداریەکی زۆر ئیجابیانە ئەنجام دەدات وکەسێکی بەرهەمهێن و خزمەتگوزار دەبێت .