لەنێوان دەوڵەتی دینی و دەوڵەتی مەدەنیدا

ئیسلام بەرنامەی ژیانی مرۆڤە بۆ دنیاو دواڕۆژ ، بۆیە تەواوکاری یەکن، بەدنیا قیامەت بەدەست دەهێنرێ و قیامەتیش خزمەتی ڕێكخستن و باش بەرهەم هێنانی دنیا دەکات و هەریەکەشیان تایبەتمەندی خۆی هەیە.
هەر بەوپێیە پەروەرین دروستکراوەکانی کردوەتە دوو جیهان ، جیهانی دیار و جیهانی نادیار، هەردوو جیهانەکەش بەکۆمەڵێک ڕێسا ڕێکی خستون، کە بریتین لە ڕێسا گەردونیەکان ، کە کیمیای شتەکان و فیزیا و فەلەک و سروشت و بوارەکانی ترن، هەروەک بەشە زیندوەکانیشی بەڕێسا ژیانیەکان ڕێكخستووە ، بەڵام بەشێکی زۆری سپاردووە بە وەحی و بەعەقڵ لەڕێگای زانست و مەعریفەو ئەزمونەوە .
بۆ هەر بوارێکیش کۆمەڵێک بنەمای دیاری کردووە بەوەحی ، بەڵام وردەکاری و جێبەجێکردنەکانیشی کردوەتە ئەرکی عەقڵ، بۆیە عەقڵ و نەقڵ تەواوکاری یەکترین.
دوای ئەم ئاماژە گشتیە، دەمەوێ بێمە سەر باسی دەوڵەت و دەوڵەتداری، بەشی ڕێكخستنی ژیانی دنیای مرۆڤەکانە، بۆیە ئیسلام بەوەحی هەندێ بەهاو بنەمای بۆ دیاری کردوە و میکانیزم شێوازی جێبەجێکردن و وەرگێڕانی بۆ واقع زۆری سپاردووەتە عەقڵ و ئەزموون و خواستویست و توانای مرۆڤەکان.
لەو بەهاو بنەمایانەی لەئیسلامدا دیاریکراون بۆ دەوڵەت بریتین لە:
۱-مرۆڤ سەنتەرە لەم زەویەدا، بۆیە هەمووشت دەبێ لەپێناوی ئەو دروستکراوە ڕێزلێگراوەی خواوەندابێت.
۲-مرۆڤ خوا کردویەتە دەسەڵاتدارو فەرمانڕەوای ئەم زەویە و مافی خاوەنداریەتی پێ بەخشیوە.
۳-خوای خاوەن و بەدیهێنەر مرۆڤی ڕێكخستووە بەشێوازی ئوممەت و قەوم و شەعب و هۆز وفەسیلە و خێزان و تاک ، هیچ لەمانە ئەوانی تر ناسڕنەوە مەگەر لەکاتی دژوەستاندا لە هەر شتێکدا لەپێشتر بون بۆ گەورەترەکەیە لەگەڵ پاراستنی بچوکترەکەدا، بۆ نمونە بڕیار بۆ زۆرینە دەبێ بەڵام زۆرینە ناتوانێ بڕیاری پاکتاوی کەمینە بدات یان حسابی بۆ نەکات.
٤-کەوایە خەڵک چۆن ڕێکەوتبوون دابەش بوبن بەسەر گەلەکاندا ، ئەوا گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەکانە و مافی خۆیانە کێ دەکەنە نوێنەری خۆیان بۆ مومارەسەی دەسەڵات.
٥-کەوایە دەسەڵات پیرۆز نییە، چونکە نوێنەری خوا نیە ، هی خەڵکە، بۆیە خەڵک بۆی هەیە دیاریکات، چاودێری بکات ، ڕەخنەی لێبگرێ ، ئامۆژگاری بکات، لێپێچینەوەی بکات ، سزای بدات، لای ببات هەموو ئەم بەهایانە بەمیکانیزمی گونجاو لەدەستوڕێکدا ڕێکی بخات و دوایی بەیاسا وردەکاریەکانی تەواوبکات.

٦-بۆیە دەوڵەت مەدەنیە و مەدەنیبونی دەوڵەتیش لەوەدا خۆی نمایش دەکات، کە تەواوی تاک تاک و خێزان خێزان و فەسیلەو پێکهاتەکانی هەرگەلێک ئەو دەوڵەتە بەهی خۆی بزانێ و هەموویان یەکسان بن تیایداو هیچ جیاکاری و هەڵاواردنێک نەبێ لەنێوانیاندا ، جگە لە پابەندبوون بەدەستورێک کە بەڕەزامەنی و حساب بۆ کردنی هەمووان ومتمانەی هەموان دانرابێ، ئەوەندە هەیە دەقەکانی ئەو دەستورە دژنەوەستێ لەگەڵ نەگۆڕی بیرو باوەڕی زۆرینەو ڕێزگرتنی کەمینەکان دوای یەکسان کردنیان لەبەرەم یاسادا.
۷-هەرکات سەپاندن و زۆرە ملێ و ناعەدالەتی و جیاکاری و هەڵاوردن هاتە ئاراوە دەوڵەت لەمەدەنی بون دەردەچێ و دەبێتە دەوڵەتی دینی، با باسی دینیش نەکات، چونکە دەوڵەتی دینی یانی دەوڵەتی فیرعەونی دەسەڵاتدار یان خۆی بەخوا دەزانێ یان خۆی بەنوێنەری خوا دەداتە قەڵەم.