قورئان دەقیقە لە بەکارھێنانی زاراوەدا

 

ھەردوو کرداری (أتی ، جاء) بەواتای (ھات، کەوتەڕێ، ئامادەبوو) دێن، بەڵام قورئانی موبارەک بۆ مانای ناسک و وردتر بەکاریان دەھێنێ و لەیەکتری جیایان دەکاتەوە. ھەرچی کرداری (أتی) یە بەکاری ھێناوە بۆ ئەوشتانەی وا ھاتنەکەیان سووک و ئاسانەو بەبێ زەحمەت و لەمپەر دێنەبەرەوە. چەند نموونە لە قورئان :
ـ ئەو دەمەی ھات و بە ئاسان تێپەڕی، لە حاڵکێکدا ئادەمیزاد شتێکی باسکراو نەبوو تیایدا: (هَلْ أَتَى عَلَى الْإِنسَانِ حِينٌ مِّنَ الدَّهْرِ لَمْ يَكُن شَيْئاً مَّذْكُوراًالإنسان/ ١).
ـ دەرچوونی فەرمانی خوا لەمەڕ ھاتنی ڕۆژی دوایی: (أَتَى أَمْرُ اللّهِ فَلاَ تَسْتَعْجِلُوهُ سُبْحَانَهُ وَتَعَالَى عَمَّا يُشْرِكُونَ / النحل: ١)، فەرمانی خوا بەڕێوەیەو وا گەیشت، پەلەتان نەبێت.. دەی دەرکردنی بڕیارێکی وا گەورە بۆ خوای (متعال) زۆر ئاسان بووە.
ـ کۆکردنەوە و یەکگرتنی تەواوی سەربازو لەشکری سولەیمان پێغەمبەر (علیە السلام)، بە شێوەیەکی ڕێکو پێک بەڕێوەچوو، ھەتا کاتێ بە ئاسانی گەیشتنە دۆڵی مێرولە: (حَتَّى إِذَا أَتَوْا عَلَى وَادِي النَّمْلِ/ النمل: ١٧).
ـ پاش ئەوەی فرعەون لەگەڵ دوو پەیامبەری خوا (موسی، ھارون ـ علیھما السلام)، ڕێکەوتن لەسەر ڕۆژی ڕووبەڕوو بوونەوە، ئیتر کۆبوونەوەی نێوانیان بەجێدێڵێ و دەکەوێتە خۆ ئامادەکردن: (فَتَوَلَّىٰ فِرْعَوْنُ فَجَمَعَ كَيْدَهُ ثُمَّ أَتَىٰ/ طه : ٦٠). پاشان جادووگەرانی کۆکردەوەو ھات (بۆ شوێنی دیاری) کراو. دەی کۆکردنەوەی جادووی شارەزاو دارودەستەو ھاتنیان زۆر بۆی ئاسان بووە.
ـ لەباسی دیمەنی سەختی ڕۆژی دوایدا ئاماژە بە ھۆکاری دەربازبوونی کردووە ، ڕۆژێ کە ماڵ و منداڵ و نەوە سوود ناگەیەنن: (يَوْمَ لَا يَنفَعُ مَالٌ وَلَا بَنُونَ). بێجگە لە کەسێ بێتە حزووری خوا بەدڵێکی ساغ و پاکەوە: ( إِلَّا مَنْ أَتَى اللَّهَ بِقَلْبٍ سَلِيمٍ/ الشعراء: ٨٩). دڵی ساغ و خاوێن، یانی دڵی باوەڕدارو ئیماندار، نەک بێباوەڕو دووڕوو. کەوایە بوون بەخاوەنی دڵێکی باوەڕدار کارێکی سانایەو گەر مرۆڤ بیەوێت ئاسان بەدەستی دەھێنێت.
بەڵام کرداری (جاءَ)ی بەکاری ھێناوە بۆ ئەو شتانەی ھاتنیان قورس و سەخت و گرانەو پێویستی بەزەحمەت و بارگرانی ھەیە، وە بە سووک و ئاسان تێناپەڕێ و کاردانەوەی خراپی لێ دەکەوێتەوە . چەند نموونە لە قورئان :
ـ براکانی یوسف، وەختێک ئەو بەڵایەیان ھێناوە بەسەر براکەیاندا، دەی گەڕانەوە بەبێ ئەو بۆلای باوکیان کارێکی ئێجگار سەختەو کاردانەوەی خراپ چاوەڕێ دەکرێت، ھەربۆیە بە کرداری (جاءَ) کە مانای سەختی دەگەیەنێت باسی کردووە : (وَجَاؤُواْ أَبَاهُمْ عِشَاء يَبْكُونَ / يوسف: ١٦). کە تاریک داھات ھاتنە لای باوکیان و دەگریان. بۆیە بە شەو گەڕانەوە تاکو پێیانەوە دیار نەبێت کە دەستی خۆیانەو گریانەکەشیان ساختەیە.
ـ کاتێک یارمەتی و پشتیوانی و سەرکەوتنی خوا دێت بۆ باوەڕداران و شاری مەککە ڕزگار دەکرێ و دەرگای ئازادی واڵا دەکرێت: (إِذَا جَاء نَصْرُ اللَّهِ وَالْفَتْحُ / النصر: ١). دەی سەرکەوتن ھەروا بە ئاسانی ناێت، ڕەنج و زەحمەت و قووربانی دەوێت.
ـ ھاتنی فریشتەکان بۆ لەناو بردنی قەومی (لوط)، کارێکی سەختە، خواێک کەوا سەرچاوەی ڕەحمەت و ڕەئفەتە، وا ئێستە بەھۆی ستەمکاری بەشێک لەبەندەکانی خەشمی جوڵاوەو بڕیاری لەناوبردنی داون: (فَلَمَّا جَاءَ آلَ لُوطٍ الْمُرْسَلُونَ/ الحجر: ٦١).
ـ ھاتن و ناردنی پەیامی خوایی، وە زانستی سروش و وەحی بۆ ھیدایەت و بەختەوەری مرۆڤەکان، خۆ ھەروا کارێکی سووک و ئاسان نیەو بەھەوانتە ناینێرێت، ئەرک بەرپرسیاری دەخاتە گەردنی مرۆڤەکانەوە، وە نابێت ئەوانیش ھەروا بەسەرپێیی بیگرن و مامەڵەی خەمساردی لەگەڵدا بکەن: ( يَا أَبَتِ إِنِّي قَدْ جَاءنِي مِنَ الْعِلْمِ مَا لَمْ يَأْتِكَ فَاتَّبِعْنِي أَهْدِكَ صِرَاطاً سَوِيّاً / مريم: ٤٣). ئەی باوکی بە ڕێزم بەڕاستی ئەو زانست و زانیاریەی کە بۆ من ھاتووە، بێگومان بۆ تۆ نەھاتووە، دوای ئەوە بکەوە کەمن ھێناومە، دەبمە چاوساغ و ڕێنیشاندەرت بۆ ڕێگەو ڕێبازێکی ڕاست و درووست.
ـ جا کاتێک فەرمانی خوا ھاتبێت ئەوە بەڕاستی جێبەجێ کراوە، ئەمە فرمانە پەیوەستە بە حوکم و قەزاوەتی خواوە ، خەسارەت و زەرەرمەندی و ئەشکەنجەی تیایە، کەوایە ئاسان نیە ھاتنی: (فَإِذَا جَاء أَمْرُ اللَّهِ قُضِيَ بِالْحَقِّ وَخَسِرَ هُنَالِكَ الْمُبْطِلُونَ/ غافر: ٧٨). ئەو کاتە ئیتر لەوێدا ناحەق و مایە پووچەکان خەسارەتمەندبوون و تیاچوون.
ـ ھاتنی وادەی مەرگ و مردن و نەمان بۆ ھەرکەسێ ، تەوقیتیە و قەت بەرودوا ناکات، درووست لەوەختی خۆیدا دەگات: ( فَإِذَا جَاءَ أَجَلُهُمْ لَا يَسْتَأْخِرُونَ سَاعَةً وَلَا يَسْتَقْدِمُونَ/ النحل: ٦١). بەڵام زۆر سەختە ھاتنی مەرگ، چوون ئیتر دەرفەتێک نامێنێ بۆ ئیمان و چاکەو چاکەکاری، گەر لەوەو پێش بەدەستی نەھێنابێت.
ـ ئەوەی بەخێرو چاکەوە ھاتبێ بەرەو ڕۆژی دوایی، ئەوە دەچەندانەی چاکەکە پاداشتی بۆ ھەیە، وە ھەرکەس بە خراپەوە ھاتبێت، ئەوە تۆڵەی لێ ناسێنرێت تەنھا بەوێنەی خۆی نەبێ و ئەوانە ستەمیان لێ ناکرێ: ( مَن جَاءَ بِالْحَسَنَةِ فَلَهُ عَشْرُ أَمْثَالِهَا وَمَن جَاءَ بِالسَّيِّئَةِ فَلَا يُجْزَىٰ إِلَّا مِثْلَهَا وَهُمْ لَا يُظْلَمُونَ/ الأنعام:١٦٠). دەی ئەنجامدانی کاری چاک یان خراپ ، خۆ ھەروا لەخۆڕا ناکرێ ، بەڵکو خاوەنەکەی بۆی دەکۆشێ و وزەی بۆ سەرف دەکات.