بێ باکی نوخبەی سیاسی وبومەلەرزەیەکی ترلەناوچەکەدا

ناوچەکە چاوەڕوانی بومەلەرزەیەکی ترە، کەلێکەوتەکانی بەئاسانی دەستنیشان ناکرێت و ئێمەش لەو چوارچێوەداین،کەچی لەجیاتی خۆئامادەکردن و نێوماڵی خۆڕێکخستنەوە، ناوخۆی کوردستانیش نیمچە بەلەرزەکەوتووە!ئەمەش دەیسەلمێنێ کورد و ناسیونالیزمی کوردی لەم بەشەی کوردستاندا و لەئاستی هێزەکاندا، خاوەنی هیچ ستراتیژ و تەنانەت خوێندنەوەیەکی هاوبەشیش بۆدۆخەکە نیە.! لەکاتێکیشدا هەرێم هەڕەشەو تەحەددا و دەرفەتی گەورەی لەپێشە، وەگۆڕینی تەحەداکان بۆ دەرفەت پێویستی بەکۆکردنەوەی سەرجەم وزە نیشتمانیەکە و هەماهەنگی لەگەڵ پارچەکانی تر هەیە، هەرێم و هێزەکانی پەرتر و ڕیزەکانی لێکهەڵوەشاوەتر دەبێت وسەرقاڵن بەگەمە بچوکەکانی ناوخۆ !!هەر بۆیە تەحەدای هەرە گەورە بۆ سەرۆکی هەرێمی نوێ ئەوەیە ئایە لە دۆخێکی لەو جۆرەدا دەتوانێت ببێتە ڕەمزی یەکێتی خاك وگەلی کوردستان؟دەتوانێ لەڕووی سیاسی و مەیدانیەوە نەك یاساییەوە، بەناوی هەموو هەرێمەوە قسە بکات و هەنگاو بنێت؟دەتوانێت ڕۆڵێکی جیاواز لە دووبارە بیناکردنەوەی پەیوەندیە ناوخۆییەکاندا ببینێ، لە کاتێکدا دیسانەوە وەك کاراکتەرێکی سیاسی، بوو بە بابەتی ناکۆکی سیاسی؟وە ئایە دەتوانێت لە سایەی دۆخێکی لەوجۆرەدا سەرۆکایەتی هەرێم بەدامەزراوەیی بکات، بەحوکمی ئەوەی لەقۆناغی ڕابردوودا تاڕادەییه کی زۆر سەرۆکی هەرێممان هەبووە نەك سەرۆکایەتی هەرێم؟دۆخەکەکە بەتەواوی مانا پێچەوانەی ئەم چاوەڕوانی و ئەرکانە و ئەوەیە کەپێویستە ببێت! کێشەکەش ئەوەیە لەکاتێکدا لە کوردستان گرێ مێژوویە ژەنگرتووەکان و تەماحە ناڕەواکان و کەم چیقڵدانەیی سیاسی بڕیارەکان دروست دەکات ،گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی ناوچەکە مێژووی نوێ دەخوڵقێنن و لەسەر لۆژیکی گەشەکردنی مێژووی سیاسی ئێمە ناوەستن. هەموو ئەمەش مانای کۆتایی مێژوو نیە لەکوردستاندا، بەڵکو دەرخستنی پێویستی لەڕاددەبەدەرە بەسەرکردەی مێژوو خوڵقێن.